لە ساڵیادی دامەزراندنی سپی دا، چەند قسەیەک لەسەر میدیای ئەهلی

شوان محه‌مه‌د
رۆژی ١٣ ی حوزەیران دەزگای سپی، پێدەنێتە ساڵی شەشەمیەوە، ماوەی شەش ساڵە سەرباری هەموو ئاستەنگیە بابەتیەکان، بەڵام بەئیرادە و بە ستاڤێکی بچووک و کارێکی زۆرەوە بەردەوامە.

ئەگەر یادی دامەزراندنی دەزگای سپی لە رێکەوتی ١٣/٦/٢٠١٣ بکەینە دەرفەتێک بۆ قسەکردنێکی کورت لەسەر میدیای ئەهلی، دەکرێت وەک دەرئەنجامێک بڵێین، میدیای ئەهلی هەر لەسەرەتای دامەزراندنییەوە کە لەرۆژنامەی هاوڵاتییەوە لە ٥/١١/٢٠٠٠ەوە دەستیپێکرد، تا دوا ژمارەی ئاوێنە کە لە ٥/٦/٢٠١٨دا بڵاوکرایەوە، سەرباری ئەوەی ئەم جۆرە میدیایە شۆڕشێک بوو لەبواری رۆژنامەگەری و رۆشنبیری کوردیدا کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومەت و حیزبەوە میدیایەکی ئازاد دەرچێت، بەڵام لەگەڵ داخستنی رۆژنامەی ئاوێنەدا، ئەم قۆناغە دوا لاپەڕەی خۆی هەڵدایەوەو کۆتایی بە ستایڵی ئەمجۆرە لەمیدیای ئەهلی "پرنت" هات کە لەلایەن چەند سەرمایەدارێکی بچووک و دەستبژێرێک لە رۆژنامەنووسانەوە دەردەکرا.

میدیای ئەهلی بەدرێژایی تەمەنی خۆی، سەرباری ئەوەی دەسەڵاتی پەرلەمان و حکومەت و دەسەڵاتی رەهای حیزب، وەک فاکتەرێکی بابەتی هەمیشە رێگربوو لە بەردەم گەورەبوونی ئەم ستایڵە لە میدیا، بەڵام کەمیش نین ئەو فاکتەرە ناوخۆیانەی کە لەنێو خودی ئەم میدیانەوە سەرچاوەی دەگرت و رێگربوو لەبەردەم گەشەکردن و گەورەبوونیدا.

میدیای ئەهلی، لەرووی دامەزراوەیەوە، بەدرێژایی ساڵانی تەمەنی ئەگەر لەچەند ساتێکی کەمیشدا شێوە دامەزراوەیەکی بەخۆوە بینبێت، بەڵام نەبوو بەستاندار و گەشەی پێنەدراوە، هەروەها لەرووی شەفافیەتی ئیداری و داراییەوە، ئیشکالیاتی خۆی هەبووە.
 
ئەم میدیایە هەروەک نەیتوانیووە ژیانی دامەزراوەی لەنێو خۆی خۆیدا پەیڕەو بکات، هاوکات نەشیتوانی لەروو پرەنسیپەوە ئەو ژمارە زۆرە گەنجەی لە دەوری بوو پەروەردە بکات و گەشە بەتواناکانیان بدات و ئینتامبوونی کارکردنیان لە میدیایەکی ئەهلیدا لەلا تۆخ بکاتەوە، هەربۆیە ئێستا میدیای ئەهلی وەک چەند فیگەرێکی دیاری بێ دامەزراوە و بێ بنکە دەردەکەون کە ئەگەر بەم شێوەیە بڕوات دەبنە ژمارەیەک میدیاکاری ئەهلی " موحارب قوداما"، گەواهی ئەم راستەیش لەوەدا رەنگدەداتەوە، ئەگەر ئاوڕێکی بەپەلە لە میدیا سێبەرو حیزبیەکان بدەینەوە، کەمنین ژمارەی ئەو رۆژنامەنووسانەی لە میدیای ئەهلی پێگەیوون و ئێستا بوونەتە بەشێک لە مەکینەی میدیای سێبەری حیزب.

هەر کاتێک دەمیان دەکەیتەوە کەسە بەرپرسەکانی ئەم میدیایە " بە منیشەوە"، ئاماژە بۆ ئاستەنگی ئابوری، نەبوونی توانای دارایی دەکەن، لە کاتێکدا کەم نییە، ئەو توانا مادییانەی لەسەردەمێک لەسەردەمەکان سەرمایەی ئەم دەزگایانە بوون، بەڵام لەبەرئەوەی نەتوانراوە سەرمایەگوزاری تێدا بکرێت و هەندێکجاریش بە سوودی چەند کەسێکی دەزگاکە بەکارهێنراوە، هەربۆیە پاشماوەیەک ئاستەنگی دارایی هاتۆتەوە پێشەوەو بڕستی لە دەزگاکە بڕیووە.

میدیای ئەهلی کە چاودێری دەزگاکانی حکومەت و حیزب و کۆمەڵگای دەکرد و، بەدرێژای ئەو چەند ساڵە بەسەدان دۆسیەی گەندەڵی جوڵاند، بەڵام بەدرێژایی ئەو تەمەنە بەڵگەنامەیەکی هەڵسەنگاندنی لەسەر خۆی نەبوو، لەچیدا سەرکەوتوو بوو.. ؟ لە چی پاشکەشەو هەڵەی کرد..؟ میدیای ئەهلی سەری رمەکانی بۆ دەرەوە بوو، بۆ جارێکیش سەری رمەکانی نەکردە خۆی و، راشکاوانە ئەگەر تەنها بەڵگەنامەیەکیش بێت لەسەر خۆی بڵاوبکاتەوە، دەتوانرێت بووترێت، پرۆڤەی دیموکراسیەت و پەروەرەدەی ناوخۆیی دیموکراسی لەنێو میدیای ئەهلی لە هەرە ئاستە نزمەکاندا بوو. 

میدیای ئەهلی کاغەز" پرنت "، وەک چۆن لەسەرەتاوە پرشنگدارانە دەرکەوت و گەشەی کردو بووە جێگای متمانەی ناوەندێکی زۆری کۆمەڵگای کوردی، بەڵام نەتوانرا بەهەمان گوڕو تینەوە بەرەوپێش ببرێت، هەروەک ئەو رووەکەی کە خزمەتی نەکەیت و دەرفەرتی گەشەکردنی بۆ نەرەخسێنیت، ئەوا لەئەنجامدا یان خوارد دەبێتەوە، وەک هەندێک لە میدیای ئەهلی ئێستا خواربۆتەوە بەلای لایەنە سیاسییەکانداو، هەندێکیشیان بوون بە بەشێک لە حیزب و قەوارە سیاسیەکان، یان لە جێگای خۆیدا دەمرێت، چی تریش پێویست ناکات لەسەر شکستەکانیش خۆمان بکەین بەجوامێر، جوامێریش لە میدیای ئەهلیدا هەر لەسەرەتاوە کارێکی بەکۆمەڵ بووە، هاوڵاتی کاری بەکۆمەڵ دروستی کرد، هەروەک چۆن ئاوێنەش لە گەشاوەترین ساتەکانیدا ئەو دەمانەبوو کە باشترین رۆژنامەنووسەکانی کوردستانی تێدا کۆبووبووە، دەشێ ئەو راستیەش ببینرێت لە گەشترین ساتەکانی ئەم جۆرە لە میدیای ئەهلیدا هەر رۆژنامەنووسەکان کارکتەری سەرکەوتن نەبوون، بەڵکو ئەو ژمارە لە کارمەندی مەنجمێنت و چاپخانەش بەشداری ساتە گەشەکانی ئەو میدیانەبوون، ئەمە جگە لەوەی بۆ ئێمەو مانان، هەمیشە دەبێت دوو رۆژنامەنووسی وەک شەهیدان، کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمەمان لەبیربێت و خیانەت لە پەیامەکەیان نەکەین.. خودایە یارمەتیمان بدە هەڵگری پەیامەکەیان بین..! 

میدیای " پرنتی " ئەهلی قۆناغەکەی کۆتایی هات، پێناچێت  میدیایەکی تر بەم ستایل و فۆرمە لەدایکبێتەوە، بەڵام هێشتا کۆتایی دنیا نەهاتووە، چەند میدیایەکی ئەهلی لە دیجتاڵ میدیا لەنێویشیاندا " ماڵپەڕی سپی میدیا " دەتوانن درێژە بەو کاروانە بدەن، بەڵام با خاڵە گەشاوەکانی ئەو مێژووە لەبەرچاو بگیرێت و، سوود لە کەموکوریەکانیشی وەربگیرێت.     

  

 


12/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر