پیرۆزە پارتی..!

شوان محه‌مه‌د
تا ئێستا پارتی لەهەرێمی کوردستاندا هێزی بێرکابەرە، ئەمەش ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە دۆخی جێگری ئەو حیزبەوە هەبێت، ئەوا پشکی شێری پەیوەندی بەو هێزە سیاسیانەوە هەیە کە کێبەرکاری پارتین، بە دیاریکراویش  ( گۆڕان و کۆمەڵ و هاوپەیمانیی و یەکگرتووەوە)، نوێترین نموونەی ئەم هێزانەش نەبوونی ئیرادەیەکە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بەرامبەر پارتی.

دوای نەخۆشکەوتنی یەکەمجاری کاک نەوشیروان مستەفا کە گەڕایەوە لەدەرەوەی وڵات، من زۆر خۆم دواخست بۆ سەردانەکەی، لەمانگی ئابی ٢٠١٦دا سەردانێکم کرد، من تەنها بەمەبەستی پرسینی باری تەندروستی سەردانم کرد، بەڵام ئەو لەو کاتەدا هیچ دیدارێک و کۆبوونەوەیەکی دانەنابوو، بۆ ماوەی کاتژمێر و نیوێک بەیەکەوە دانیشتین، هەموو باسێكمان لەسەر دۆخی سیاسی و گۆڕانی سیستەمی حوکمڕانی لە کوردستان و دۆخی رۆژنامەگەری کرد، لەو دیدارەدا کاک نەوشیروان لە یەکێک لە بابەتاندا کە هاوڕابوو لەگەڵم، ئەویش لەسەر پارتی و شکاندنی تابۆی پارتی بوو، من ڕام وابوو، بەشێک لەوەی بارزانی کەسی یەکەمە، پارتی هێزی یەکەمە، پەیوەندی بەو کەلتوورە سیاسیەوە هەیە کە لە باشووری کوردستان رەگوو ریشەی داکووتاوەو مێژوویەکی هەیە، هێزەکانی دەرەوەی پارتی هەرگیز کاریان نەکردووە بۆ ئەوەی کەسایەتییەکی سیاسیان هەبێت کێبەرکاری مەسعود بارزانی بێت و لەسەر وەرگرتنی پۆستەکەی ململانێ بکات، هەروەها هێزەکانی دەرەوەی پارتی هەمیشە کێبەرکێ ناکەن کە ئەوان هێزی یەکەم بن، بەڵکو هەموویان لەسەر هێزی دووەم و سێهەم کێبەرکێ دەکەن، ئەمەش بۆتە کەلتوور، تا ئەم کەلتوورە تێکنەشکێنرێت زەحمەتە دۆخی کوردستان بەرەو گۆڕانکاری بڕوات.

لەدوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاوە ١٩ی ئایاری ٢٠١٧ ەوە، بڕیارە هەڵبژاردنی نوێی پەرلەمانی کوردستان لە کۆتایی ئەیلولی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت، ئەو هەڵبژاردنە دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی هێزەکانی دەرەوەی پارتی و یەکێتی هاوپەیمانێتییەکی سیاسی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبەستن و، بلۆکێکی سیاسی بەرامبەر پارتی بەپلەی یەکەم و دواتریش یەکێتی دروستبکەن و هەنگاوێک بەئاراستە راستەکەدا بنێن، بەڵام کۆبوونەوە شکستخواردووەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی گۆڕان و هاوپەیمانی بەرهەم ساڵح و کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی، بەتەواوی ئومێد بڕە.

ئەنجامنەدانی هاوپەیمانێتیەکی سیاسی – کۆمەڵایەتی – جەماوەری بەرفراوان، بەرامبەر بلۆکی پارتی و یەکێتی، کۆمەڵێک راڤەی بۆ دەکرێت: بیری کورتی ئەم حیزبانە لە سنوری پارێزگای سلێمانی تێپەڕناکەن، یان نەبوونی متمانە لەنێوان ئەو حیزبانەدا، بەتایبەتی کە یەگرتوو کە هەمیشە بە هاورێیەکی نیوە ڕێگا ناسراوە، بەرهەم ساڵحیش تا ئێستا " وێڵاشی " لەناو یەکێتیدا بەجێماوە، یان ئەو پەیوەندیەی بەشێک لەسەرکردەکانی گۆڕان و لەنێویشیاندا بنەماڵەی نەوشیروان مەستەفا هەیانە لەگەڵ خانەوادەی تاڵەبانی، رێگرە لەبەردەم ئەنجامدانی هاوپەیمانێتیەکەدا، یان گۆڕان خۆی بەجەنگاوەری دێرنی ئۆپۆزسیۆن دەزانێت و بەلووت بەرزیەوە مامەڵە لەگەڵ لایەنەکانی تردا دەکات، بیری چۆتەوە کە لەرووی ژمارەوە چەند خۆی بەگەورە بزانێت بەرامبەر لایەنەکانی تر، بەڵام لە ئەنجامدا بەرامبەر پارتی کەمەو، لەهەڵبژاردنی داهاتووشدا ژەهراوی ئەو کەمییە دەچێژێت.

هۆکارەکان هەرچی بن، بەڵام نابێت ببنە رێگر لەبەردەم بنیاتنانی هاوپەیمانێتییەکی بەرفراوان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، ئەگەر هاوپەیمانێتیش بنیاتنانێن، دەبێت خۆیان ئامادە بکەن کە ئەم هەڵبژاردنە هاوشێوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ١٢ی ئایار، ژمارەیەکی زۆر لە هاوڵاتیان بەشداری هەڵبژاردن ناکەن، کە زۆربەشیان جەماوەری هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دەبن، هاوکات هەموویان و لەپێشیشیانەوە گۆڕان دەبێت چاوەڕوانی بچووک بوونەوە بکات.

بنیاتنانی هاوپەیمانێتەیەکی بەرفراوانی سیاسی و جەماوەری هەلێکی زێڕینە لەبەردەم ئەم هێزانەدا کە توانای جەماوەری خۆیان لە سلێمانیدا سنوردار نەکەن و هێزو قورسایی خۆیان بگوێزنەوە بۆ هەولێر و دهۆکیش، کێشەیەکی سەرنجڕاکێشە بزووتنەوەیەکی وەک گۆڕان ماوەی نۆ ساڵە دامەزراوە تا ئێستا ئۆفیسێکی سەرەکی خانەی راپەراندن لە هەولێر نەکردۆتەوە لە کاتێکدا هەولێر پایتەختەو نابێت جێبهێێڵرێت بۆ پارتی، پێدەچێت ئەوان کە باس لە گۆڕانکاری دەکەن مەبەستیان گۆڕانکاریە لە سنوری شارەوانی سلێمانی دا، نەک سلێمانی سەرەتابووبێت بۆ گۆڕانکارییەکی گەورە لە دۆخی سەرتاسەری کوردستاندا.

ئەو لایەنانەی دەرەوەی پارتی و یەکێتی، ئەگەر ئەو هاوپەیمانێتیە ئەنجام نەدەن، دەبێت پێشبینی ئەوە  بکەن کە بچووک دەبنەوەو کێشەکانیان لە سلێمانی سنوردارو توند دەکەنەوە، لە کاتێکدا کە چیتر بەسە ئەم شارە پارچە پارچەی زیاتر بکرێت و خەڵکەکەی سەرقاڵ بکرێت بە ململانێی بچووکی ناوچەییەوە.

پارتی تا ئێستا باش کاری لەسەر حیزبەکانی دەرەوەی خۆی کردووە، بەتایبەتی لەسەر حیزبە بچووکەکان کە نەچنە جۆرە هاوپەیمانێتییەکی لەو شێوەیە لەگەڵ گۆڕان و لایەنەکانی تر، لەمەشدا پارتی گەمە کارێکیی باشبووە، خۆ ئەگەر ئێوەش ئەو هاوپەیمانێتییە بەرفراوانە دروست ناکەن، ئەوا پیرۆزە پارتی دەرکەوت تۆ لەم دەم درێژانەی سلێمانی زانا تریت، ئیتر بەسیشە خەڵک بە وتارە پۆپۆلیستیەکانتان فریومەدەن، لە دوای هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان لە ژوورە ساردوسڕەکانتان پێشوازی لەو واقیعە تاڵەبکەن کە نەتانتوانی کەلتووری بارزانیەکان " یەکەمە" و پارتی " یەکەمە" بشکێنن، چیتر خەڵکی کوردستانیش چاوەڕێی نەزۆکی وەک ئێوە ناکات بەشوێن ئەلتەرناتیڤێکدا دەگەڕێت کە کەلتوری بارزانی و تاڵەبانی تێپەڕێنت و لە دۆخێکی شەرەفەمەندانەتردا بژی. 
 
هەموو دراوە سیاسی و ئابورییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن دۆخی حوکمڕانی پارتی و یەکێتی کۆتایی هاتووە، لە سایەی ئەو حوکمڕانییەدا نیوەی خاکی باشووری کوردستان هەرزان فرۆشکرا، بەهەزاران پرۆژەی ئابووری گەورەو بچووك راگیراوە، هەرێم لە ژێر قورسایی قەرزێکی گەورەدایە، ناتوانرێت مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی کوردستان بدرێت، ئەم دوو حیزبە حوکمڕانە ماوەی ٢٧ ساڵە ساختەکاری دەکەن لە ئێرادەی دەنگی خەڵک لە هەڵبژاردندا، ئەوەی تەمەنی ئەم حوکمڕانییەی درێژکردۆتەوە فاکتەری ناوخۆییە کە لەپێش هەمووشیانەوە نەبوونی ئیرادەیەکی سیاسی و تەماشاکردنی تابلۆکەیە بەشێوەیەکی گەورەتر کە لەئەنجامدا پەردە لەسەر ئەم قۆناغە دابداتەوەو، سەرەتای قۆناغێکی نوێ دەستپێبکات.
    
      
  

 


26/06/2018



وتارەکانی تری نوسەر