برایانی KNN کەمێک بە کاوەخۆ

شوان محه‌مه‌د

ماوەیەکە برادەرانی کەناڵی KNN تەنگەنەفەس و کورت بین و حوکمی رەها دەدەن، دیارترینیشیان ئەو حوکمەیە کە لە راپۆرتێکی تەلەفزیۆنەکەیان بەناونیشانی " ئایا لە هەرێمی کوردستان میدیای ئەهلی و بێ لایەن هەیە "، بەسەر میدیا ئەهلیدا دایان.

لەو راپۆرتەدا ژمارەیەک حوکمی رەهاو بێ بنامەیان بەسەر میدیای ئەهلیدا دەرکرد کە دیارترینیان، وەک راپۆرتەکەی میدیای گۆڕان دەڵێت " لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستاندا شتێک بەناوی میدیای ئەهلی و بێ لایەن بوونی نییەو، ئەو میدیایانەش کە بانگەشەی ئەهلیبوون و بێ لایەنی دەکەن، لە هەموو میدیاکانی کە نا راستگۆترن"، هەروەها لەو راپۆرتەدا هاتووە " هەرچی میدیای بینراو و بیستراو و ئۆنلاین هەیە، راستەوخۆ، یان ناڕاستەوخۆ میدیای حیزبین و، پارە لە حیزبەکان وەردەگرن".

سەرەتا پێویستە پەنجە لەسەر ئەو راستییە دابنێین کە بەدرێژایی دروستوبوونی بزووتنەوەی گۆڕان لە سالێ ٢٠٠٩ەوە، راپۆرتی لەم شێوەیە خراپ بڵاونەکراوەتەوە کە هەڵوێستێکی نەیار و دوژمنکارانەی بەرامبەر میدیای ئەهلی لە کوردستاندا هەبووبێت، ئەم راپۆرتە دوورە لەو سیاقە سیاسی و تێڕوانینەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان بەدرێژای تەمەنی خۆی لەسەر ئازادی رۆژنامەگەری و میدیای ئەهلی  لە کوردستاندا بانگەشەی بۆ دەکرد، هەقیشە خەڵکانی نێو گۆڕان کە بڕوایان بە ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی بیروڕا هەیە، لەسەر ئەم راپۆرتە بێنە دەنگ و قبوڵی نەکەن ئەو هەڵوێستە ئەرێنیانەی بزووتنەوەکەیان کە بەدرێژایی نۆ ساڵی رابردوو هەیانبووە، ژمارەیەک کەسانی نێو بزووتنەوەکە پلەو پایەیان هەرچی بێت، ناشیرینی بکەن.

میدیای ئەهلی لە هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە لە ساڵی ٢٠٠٠ ەوە کە بە رۆژنامەی هاوڵاتی دەستپێدەکات تا ئەمڕۆ، بەدەر نییە لە کەموکوڕی و خەوش، بەڵام بەقسەی دۆست و نەیار یەکێکە لە دراوە رۆشنبیریە جوانەکان، نەک هەر بۆ پارێزگای سلێمانی، بەڵکو بۆ باشووری کوردستان و سەرتاسەری کوردستانی گەورەش، ئیتر نازانین بۆ برادەرانی گۆڕان پێیان خۆشەو نوقڵانەی ئەوە لێبدەن کە ئەم میدیایە کۆتایی هاتووە، ئایا ئەمە تا چەند لەگەڵ ئەو دروشمانەدا دەگونجێت کە ئەو بزووتنەوەیە هەر لەسەرەتای دروستبوونیەوە لەبەرنامەی خۆیدا نەخشی بۆ کێشاوەو، بگرە لە میدیای گۆڕانەوە داکۆکی لە ئاستەنگە یاسایی و ئەمنییەکانی بەر بزاوتی ئەم جۆرە رۆژنامەگەریە کراوە، عەجەب ئێستا ئەم میدیایە بۆ گەیشتۆتە ئەم ئاستە مژدە بدات بە خەڵک کە " ئیتر شتێک نەماوە لە کوردستاندا بەناوی میدیای ئەهلیەوە "!.

بۆ مێژوو خاوەنی ئەم نووسینە هەر لەسەرەتای دامەزراندنی میدیای ئەهلیەوە لەساڵی ٢٠٠٠ەوە، شەرەفی ئەوەم پێدراوە یەکێکی سەرەکی بووم لە ستافی ئەم جۆرە میدیایە، وەک راپۆرتەکەی KNN دەڵێت" میدیا بوودجەکەی لە کوێوە دابینبکرێت، ئەوا سەر بەو شوێنەیە"، پڕاوپڕ ئەم بۆچوونە راستە، بەس بۆ  مێژوو وەک شایەتیەک تا ئەو دەمانەی ئێمە لە رۆژنامەی هاوڵاتی بووین تا ساڵی ٢٠٠٦ ئەو رۆژنامەیە جگە لە خاوەن ئیمتیازەکەی و یارمەتیدانی هەندێک رێکخراوی بیانی بەئامێر و کەلوپەلی چاپکردن و ژمارەیەک رۆشنبیری دەرەوەی وڵات، تەنها یەک کۆمەکیشی لە حکومەتی هەرێم و هیچ حیزبێک و بەرپرسانی وەرنەگرت. لەسەرەتای دروستبوونی رۆژنامەی ئاوێنەش لەساڵی ٢٠٠٦ەوە تا ناوەڕاستی ٢٠١٣ کە بەندە لەوێ بووە، بچوکترین کۆمەک و یارمەتی لە هیچ لایەنێک وەرنەگرتووە، ( ئەمە بەو مانایە نییە کە دوای من ئەو دوو رۆژنامەیە کۆمەکیان لە حیزب و حکومەت وەرگرتبێت، بەس دەمەوێت شایەتی تا ئەو دەمە بدەم کە من لە وەزەعەدا ژیاوم). لە دروستبوونی ماڵپەڕی سپی میدیا و گۆڤارەکەشیەوە تا ئەمڕۆ، لەو رووە سەرمان لە ئەزمەڕ بەرزترە.
 هەرکەسێکیش بە میدیای گۆڕانیشەوە پێچەوانەی ئەو راستیانەی لەلایە کە گومان بخاتە سەر سەربەخۆیی ئەم میدیایانە بێ منەت بە بەڵگە بڵاویبکاتەوە. 

هاوڕێیانی KNN دەزانن تەمەنی میدیای ئەهلی لە کوردستاندا ١٨ ساڵە، بەدرێژایی ئەو ١٨ ساڵە دووچاری دەیان داوای یاسایی و دەستگیرکردن و لێدان و ئازاردان تا دەگاتە تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی و سۆرانی مامە حەمە، بۆتەوە.. ئایا خێرە ئێوە ئەمانە نادیدە دەکەن و نوقڵانەی داخستنی لێدەدەن؟.

لەرووی مادیشەوە تا ئەو دەمەی لە هاوڵاتی بووین سەرنووسەر مانگانە ٢٣٠ دوو سەدو سی هەزار دینار مووچەی وەردەگرت، لە ئاوێنەش سەرنووسەر مانگانە ٧٥٠ هەزار دیناری وەردەگرت، چەندان مانگیش مووچە نەبووە، یان دواکەوتووە، لە سپی میدیاش دۆخی لەوان باشترنییە، بەرزترین مووچە ئەگەر دوانەکەوێت، ئەوا لە ٦٠٠هەزار دینار تێناپەڕێت.
 ئایا خێرە ئەو هەموو ماندبوون و قوربانیدانە نا دیدەدەکەن، ئەمەیە پەیامی ئەو بزووتنەوەیە کە بانگەشەی گۆڕانکاری مەدەنیتان دەکرد، ئەگەر پەیامە نوێکەتان بەم ئاراستەیە وەرچەرخابێت، ئەوا عاقیبەتان خێربێت!!.

ئێوە کاتێک کە باسی سەربەخۆیی مادی میدیای ئەهلی دەکەن، دەتوانن پێمان بڵێن ئێوە وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی جیاواز لە حیزبە سیاسیەکانی تر کە سەری زمان و بنی زمنتان شەفافیەتە، چەند ساڵە راپۆرتی دارایی حیزبەکەتان لە ماڵپەڕی " gorran.net " کە ماڵپەڕی سەرەکی بزووتنەوەکەتانە، بڵاونەکردۆتەوە..؟ دەتوانن پێمان بڵێن لەدوای رێککەوتنی نێوان گۆڕان و یەکێتی لە بەرواری ١٧/٥/ ٢٠١٦ ەوە چەند وەجبەی پارەتان لە  ئیدارەی گشتی لە رێگای لاهوری شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای پاراستن و زانیاری ( زانیارییە )ەوە وەرگرتووە ..؟ زانیاریەکانی ئێمە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە مانگانە  ٢٥٠ هەزار دۆلارتان لە رێگای ناوبراوەوە وەرگرتووەو،
زۆری ئەو پارانەش بۆ کەناڵی KNN خەرجکراوە، جا برادەرینە کە خۆتان بەو رێژە زۆرە مانگانە پارەتان وەرگرتووەو ماڵەکەتان لە شوشەیە، بێ ویژدانی نییە لەسەر میدیایەک قسەدەکەن کە بەدرێژایی تەمەنی یەک بەڵگەی باوەڕپێکراوتان نییە لەسەری کە پوولێکی لە حیزب و بەرپرسی حیزبێک وەرگرتبێت، هەموو بەرپرسانی میدیای ئەهلی دەزانن کە بەرپرسانی حوکمی و حیزبی چەند، ئیمتیازات و بڕە پارەیان بۆ پێشنیارکردووین، بەڵام ئێمە رەتمان کردۆتەوە.

هاورێیانی KNN ئاواتەخوازین ئەو راپۆرتەی شەوی ١٦ ی تەموزی ٢٠١٨ بەناوی " ئایا لە هەرێمی کوردستان میدیای ئەهلی و بێ لایەن هەیە ؟" دوا راپۆرتی تەلەفزیۆن و میدیاکانتان بێت لەسەر میدیای ئەهلی و، بگەڕێنەوە سەر ئەو میتۆدەی کە لە سەرەتای دامەزراندنی گۆڕانەوە داتانڕشتبوو، بە پێچەوانەشەوە خەریکە نەک هەر لەبواری میدیادا لە زۆر بواری تری ژیانی حیزبدا لاسایی یەکێتی و پارتی دەکەنەوەو دەبنە هاوشێوەی ئەوان، لە کاتێکدا ئێوە پەیمانتان بەخەڵک دابوو جیاوازبن.


19/07/2018



وتارەکانی تری نوسەر