کاڵبوونەوەی حکومەتی هەرێم

شوان محه‌مه‌د

ئەگەر ململانێی پارتی و یەکێتی بەو شێوازەی پرسی سەرۆکی عێراقی پێ یەکلاییکرایەوە، لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێم و هەنگاوەکانی دوای پێکهێنانی حکومەت بەردەوام بێت، ئەگەرێکی زۆر واڵایە کە حکومەتی هەرێم وەک ئەو قەبارەیەی کە هەیە بەتەواوی کاڵبێتەوە. 

پێداگری بارزانی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، بەرامبەر ئەویش مکوڕی یەکێتی لەسەر داواکارییەکانی خۆی، ئەگەر بەم نەفەسەوە ئەم دوولایەنە بچنە گفتوگۆی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمەوە، ئەگەری کاڵبوونەوەی حکومەتی هەرێم و تۆخبوونەوەی دوو ئیدارەیی نێوان سلێمانی – کەرکوک- بەغدا- تاران، بەرامبەر ئەویش هەولێر – دهۆک – ئەنقەرەو سونەی ناوچەکە، ئەگەرێکی کراوەیە.

ئەو دراوە سیاسیە ناوخۆی و دەستوەردانە دەرەکیانەی لە دانانی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆکی عێراق روویداو، هەنگاوەکانی دوایی، تەنها رووداوێکی سیاسی ئاسایی نەبوو، سەرەتا پێویستە ئەو راستیە بوترێت کە سووربوونی بارزانی لەسەر وەرگرتنی ئەو پۆستە، بێ ئەندازە نالۆژیکی بوو، کەس تێنەگەیشت بارزانی بۆ ئەو کارەی کرد، دەکرێت غروری دوای بردنەوەی ٢٥ کورسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، بارازنی هاندابێت ئەو هەنگاوە بنێت؟ جۆرە هەنگاوێکی لەو چەشنە رەنگە بۆ بارزانی لەسنوری هەرێمدا بچێتە سەر، بەڵام کاتێک لە پانتایی سیاسی عێراقدا بارزانی دەیەوێت بۆی بچێتە سەر، ئەوا سەری لە بەردی " ئەڵحەد " دەدات.

دەکرێت بارزانی بیری لەوە کردبێتەوە کە لەڕێگای دەرچوونی کاندیدەکەیەوە، بەشێوەیەک لە شێوەکان حوکمی عێراقیش بکات، وەک چۆن دەمێکە زۆرێک لە جومگەکانی حوکم لەهەرێمدا لەلایەن ئەوانەوە قۆرخ کراوە، بەڵام دیارە بارزانی ئەو واقیعەی باش نەخوێندۆتەوە کە لەدوای رووخانی سەدامەوە، هیچ پۆستێکی سیادی لە عێراقدا نییە تەنها رەنگێکی هەبێت، بەڵکو هەر کەسێک کە لەو پۆستانە دادەنرێت دەبێت کۆکتێلێکی ( عێراقی شیعی - ئێرانی – ئەمەریکی) ئەگەر پشکی ( سعودی – تورک )یشی تیا نەبێت، لە ئەنجامدا فواد حسێن فەرمانبەرێکی ژێر دەستی بارزانی، تاک رەنگە، بەڵام بەرهەم ساڵح، چەند بەربژێریکی یەکێتیە هێندەش کۆکتێلێکی ئێرانی – ئەمەریکی- تورکییە. بەکوردی و بەکورتی لە عێراقی دوای رووخانی سەدامەوە شتێک نییە ناوی سەروەری عێراق بێت، کەشتێکیش نەما ناوی سەروەری بێت، ئەوا دەکرێت قاسمی سلێمانی فەرماندەی قەرارگای قودس شەوی ٢ ئۆکتۆبەر کاتێک کە دەزانێت پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پشتگیری د. فواد حسێن دەکات بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، ئەوا دەمودەست قاسمی سلێمانی رای لە پشتگیری کاندیدەکەی پارتیەوە بگۆڕێت بۆ کاندیدەکەی یەکێتی و، ئیتر پرسەکە یەکلایی بێتەوەو بەرهەم ساڵح هەڵبژێردرێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار!.

هەرچی یەکێتی یە لە پرسی دانانی بەرهەم ساڵح و رووداوەکانی دوایدا بۆ یەکەمجارە لە دەرەوەی " بازنەی پاشکۆیەتی پارتی" سیاسەت بکات، سەرباری ناکۆکیەکانی نێو خودی سەرکردایەتی ئەو حیزبە، وەفدی گفتوگۆکاری یەکێتی مکوڕبوو لەسەر سەرخستنی کاندیدەکەیان، هەریەکەیان لە گۆشە نیگای خۆیەوە، هەندێک خودی و پەیوەندی بە کاراکتەری تاکەکانی وەفدی گفتوگۆکاری یەکێتییەوە هەبوو، هەندێکیشیان پەیوەندی بەیەکێتی یەوە هەبوو، وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ یەکێتی دەچێتە چوارچێوەی ئەو پلانەوە کە ئەو حیزبە داینابوو بۆئەوەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا  جارێکی تر هەڵسێتەوە، لەدەستدانی ئەو پۆستە شکستبوو بۆ یەکێتی، هەرچی بەرهەم ساڵحیشە بۆ یەکێتی " بلاع الموس "، ( گوێزان قوتدان ) بوو، هەردەبوایە هەڵبژێردرایە بە سەرۆک، مانەوەی لە هاوپەیمانی  بۆ دیموکراتی و دادپەوەری، واتە کەمبوونەوەی دەنگی یەکێتی، دەرنەچوونیشی، واتە گەڕانەوەی بۆ سلێمانی و سەرلەنوێ گەڕانەوە بۆ چوارگۆشەی یەکەم و دروستبوونەوەی کێشەکان.

ئاستی ململانێکانی نێوان پارتی و یەکیتی گەیشتە ئەو رادەیەی کە وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاویش ئۆغلو لە ١١ ی ئۆکتۆبەر سەردانی بەغدای کرد و بەرنامەکە وەک لە میدکاندا بڵاوکرایەوە بەو شێوەیە بوو سەردانی هەولێریش بکات، بەڵام چاویش ئۆغلو  دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆکی عێراق، سەردانەکەی هەولێری هەڵوەشاندەوەو گەڕایەوە بۆ تورکیا، لە کاتێکدا کە ناوەندێکی پارتی بەرهەم ساڵح و بەرپرسانی یەکێتی تۆمەتبار دەکەن کە ئەو سەردانەیان هەڵوەشاندبێتەوە.
    
یەکێتی دوای سەرکەوتن لە پرۆسەی دانانی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆکی عێراق، غرور گرتی هەوڵیدا لە کەرکوکیش بەبێ پارتی و بە سازشکردن لەگەڵ تورکمان و عەرەبەکان پارێزگارێکی نوێ لە ١٦ تشرینی یەکەمدا بۆ ئەو پارێزگایە دابنێت، بەڵام هەر زوو پارتی کەوتە خۆی لەگەڵ تورکمانەکان و عەرەبەکان ئەو هەنگاوەی یەکێتیان پووچەڵکردەوە، بارزانی لە پیرمام رۆژی ١٨ ئۆکتۆبەرلەگەڵ ئەرشەد ساڵحی سەرۆکی بەرەی تورکمانی کۆبووە، جگە لەوەی هەنگاوەکەی یەکێتیان لە کەرکوک پووچەڵ کردەوە، زانیاری نا فەرمیش هەیە کە باس لەوە دەکات لەسەرۆکایەتی نوێی پەرلەمان جێگرێکی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەدرێت بە تورکمانەکان.

 لە ناکۆکی دانانی سەرۆک کۆماری عێراق لە نێوان پارتی و یەکێتی دا، دەستی شیعەو سونەی عێراقی راکێشراو هێنرانە نێو ململانێکانەوە، کاتێک کە بەیەکگرتووی نەچوونە بەغدا، پەلکێشی ئێران و ئەمەریکا کرایەوە و سەرلەنوی هێنرانەوە نێو ململانێکانی دوو هێزی کوردی – کوردیەوە، کارەکتەری کڕینی پۆستی سەرۆک کۆمار، بە پارەی خەیاڵی لەلایەن پارتیەوە پێشنیارکرا بۆ یەکێتی و لایەنەکانی تر، ئەوەی بێ مۆراڵی و دزێویە لە سیاسەتدا، پارتی و یەکێتی بەرامبەر یەکتر کردیان، ئێستا بەو هەموو ناکۆکی و بارگرژیەوە دەچنە گفتوگۆێ پێکهێنانی حکومەتی نوێوە.

حوکمەتێک کە سەرەتای تێڕوانینی پارتی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێ لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە حکومەتی زۆرینە پێکبهێنرێت و یەکێتیش بە ئەندازەی کورسیەکانی کە نیوەی پارتیشی نەهێناوە، مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، لە کاتێکدا یەکێتی داوای حکومەتی " شەراکە" دەکات، لەلایەکی ترەوە پارتی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە دوو جێگر بۆ سەرۆکی حکومەت دابنرێت، کە یەکێتی دابەشکردنی کێکەکە بۆ زیاتر لە دوو پارچە رەتدەکاتەوە.

لەسەر ئاستی هەرێمایەتیش ئەم کابینە نوێیە لە دوای دراوە سیاسییە هەرێمایەتیەکانی پاش ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان و، لەساتی جەمسەرگیری ناکۆکی نێوان ئەمەریکا و ئێران پێکدەهێنرێت کە بەشێکی زۆری ئەو ململانێیە لەسەر گۆڕەپانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە. بەڕێوەدەچێت.

ئایا ناکۆکیە ناوخۆیەکانی نێوان ئەو دوو لایەنەو، هەلومەرجی هەرێمایەتی، ئەو ئەگەرە تۆخ ناکاتەوە کە رەنگە قەوارەی حکومەتی ئایندەی هەرێم کاڵبێتەوە؟.    


15/11/2018



وتارەکانی تری نوسەر