رۆژێکی سیاسی بە پلەی باڵا

شوان محه‌مه‌د
لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە ١٨ ی شوبات ژوورە ساردەکانی مەکتەبی سیاسی لایەنەکان بەهاتوچۆ و سەردان و پەیوەندی تەلەفونی نێوان لایەنەکان‌و بەستنی کۆنگرەی رۆژنامەگەری، گەرمبوونەوە. لە پەرلەمان کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان بەکۆمەڵ و دوو لایەنەو کۆنگرەی رۆژنامەگەری و هەڵوێستی توندو نەرم، سیمای کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی پەرلەمان بوو، دەتوانین بڵێین: ئەمڕۆ رۆژێکی سیاسی بوو بە پلەی باڵا. 

ئەم رۆژە سیاسی یە، ئەگەر بەدیوێکی دا پۆزەتیڤ بووبێت، ئەوا بەدیووەکەی تردا چەند خاڵی نێگەتیفی لە خۆگرتووە، " هەریەک لە ئاوازێک دەخوێنێت "سیمای زاڵی هەموو ئەو چالاکییە سیاسیانەی ئەمڕۆ بوو کە هێزە سیاسیەکان پیادەیان دەکرد، دوو هێزە براوەکەی هەڵبژاردن و دەسەڵاتدارەکەی کوردستان، هەریەکە لە ئاوزاێک دەیانخوێند، ئۆپۆزسیۆنیش هاوشێوەی ئەوان هەریەکەو بە ئاوازی خۆی گۆرانی دەچڕی.

چەند مانگە پارتی دیموکراتی کوردستان بردنەوە ٤٥ کورسیەکەی پەرلەمانی ئاوێتەی رێبازە خۆ سەپێنەکەی مەسعود بارزانی کردووەو، هەوڵ دەدەن بەهەموو شێوەیەک مۆدێلی حوکمڕانی خۆیان دوای ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا لە دهۆکەوە گواستەوە بۆ هەولێر، ئێستا ئەو مۆدێلە بگوازنەوە بۆ ناوچەکانی سلێمانی و کەرکوک.

هەرچی یەکێتیە، لەدوای رووداوەکانی ١٦ ی ئۆکتۆبەرەوە وردە وردە سروشت و پێکهاتەی گرووپی خاوەن بڕیاری نێو سەرکردایەتی ئەو حیزبە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە، ئەو نەوە کۆنەی یەکێتی کە بەئەرێنی بوایە یان نەرێنی لە کۆتاییدا ملی بۆ سیاسەتی پارتی دەدا، ئێستا خەریکە مەیدانەکە چۆڵ دەکات و نەوەیەکی تری یەکێتی خەریکە بەتەواوی خۆی بەسەر سەرکردایەتی یەکێتی دا دەسەپێنێت کە هەژموونی پارتی رەتدەکاتەوە، ئەم گرووپە لە بردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمارەوە بۆ بەرهەم ساڵح دووچاری غرور بووەو، دەیەوێت ئەو بن کۆڵکردنەی پارتی کە لەساڵی ٢٠٠٥ەوە لەکاتی لە یەکگرتنەوەی هەردوو ئیدارەی سلێمانی و هەولێرەوە قۆناغ بەقۆناغ ئەنجامی داوە، لە کاتێکی کەمدا ئەو بالانسە رێکبکاتەوە. 

ئەم هەنگاوەی یەکێتی توندڕەو ناواقیعیە، تەرازووی رێککردنەوەی هێز لە کوردستان بەهێزێکی خاوەن یەک بڕیار و خاوەن پرەنسیپ، قۆناغ بە قۆناغ و بەهاوپەیمانێتیەکی مەدەنی لەگەڵ لایەنەکانی تردا، ئەنجام دەدرێت، نەک بە گرووپێکی سەرچڵ کە تا ئێستا نەیتوانیووە نموونەیەکی حوکمڕانی دیموکراسی و دادوەر لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی پێشکەش بکات.

مۆدێلی پارتی و ئەو دژایەتییەی یەکێتی دەیکات دژی سەپاندنی ئەو مۆدێلە، هەردووکیان دوو رووی دراوێکن و هیچ ناوەرۆکێکی دیموکراسییان نییە، ئەوەی پارتی لە هەولێرو دهۆک پیادەی دەکات دەسەڵاتێکی تاک بنەماڵەیی خۆسەپێنە، ئەوەی یەکێتی لە سلێمانی هەوڵی سەپاندنی دەدات، دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەکە، هەردووکیان دوورن لە هەنگاونان بەرەو سیستەمێک کە یاسا سەروەربێت و هەڵگری سەرەتایەکی دیموکراسی بێت بۆ هەرێم، پارتی دەیەوێت مۆدیلێکی حوکمی یەک بنەماڵەیی بەسەر هەرێمدا بسەپێنێت، یەکێتییش دەیەوێت بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە تاک بنەماڵەییە، بە دەسەڵاتی چەند بنەماڵەیەک رووبەرووی هەژموونی ئەو دەسەڵاتە بێتەوە، لەکاتێکدا هەر لەسەرەتای درووستبوونی یەکێتی یەوەو، دواتریش ئەو هەموو بزاوتە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەی لەناوچەکانی سلێمانی دا هەبوون بە دامەزراندنی گۆڕانیشەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەزموونی بنەماڵەیی پارتی بووە، نەک بۆ بەفرە بنەماڵەیی کردنی ئەم ناوچانە.

پارتی مۆدیلی خۆی دەسەپێنێت، بەرامبەرەکەشی یەکێتی بەهەمان لۆژیکی ئەو دەیەوێت بەرپەرچی بداتەوە، تا رادەیەکیش ئەو دوو ئاراستەیە لە غیابی هێزێكی نوێی سیاسی دا کە هەڵگری پرۆژەیەکی دیموکراسی بێت، توانیوویانە چەند هەنگاو بێنە پێشەوەو شوێن پێی خۆیان توندو تۆڵ بکەن، ئەوەی دەمێنێتەوە هێزەکانی دەرەوەی ئەم دوو هێزە چی دەکەن، ئەگەر وەک ئەمڕۆ خۆیان نمایش بکەن و هەریەکەو لەلای خۆیەوە ئەوی تر رەتبکاتەوەو بەدرێژای چوار مانگی رابردووی دوای هەڵبژاردنی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستان نەیانتوانیبێت لەسەر ئاستی هەرە نزمی کارکردنیشیان رێکبکەون، ئەوا پارتی و یەکێتی لە ئاست ئۆپۆزسیۆنێکی ئا لەو شێوەیەدا پشتێنی لێدەکەنەوە، کار وا بڕوات لە ئایندەشدا رۆژانی سیاسی هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبین، بەڵام دوور دەبێت لە ناوەرۆکێکی دیموکراسی کە ئەگەری گۆڕانکاری لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتبێت.           

            


18/02/2019



وتارەکانی تری نوسەر