دژی پێدان‌و قۆرخکردنی زەویم بۆ سەرکردەکان

شوان محه‌مه‌د
موڵک و ماڵی گشتی لەهەر شوێنێکی کوردستان بێت، لەلایەن دەسەڵاتدارانەوەو بەتایبەتی هەر سێ حیزبی پارتی و یەکێتی و گۆڕانەوە قۆرخبکرێت و تاپۆبکرێت لەسەر سەرکردەکان، یان بەناوی ئەوانە پرۆژەی تێدا بکرێتەوە، هەر پرۆژەیەک بێت دەستدرێژیە بۆ سەر ماڵ و موڵکی گشتی.

قۆرخکردنی ئەو هەموو موڵک و کۆشکانەی لە هاوینەهەواری پیرمام و هەولێر لەلایەن بنەماڵەی بارزانی یەوە، گردی زەرگەتە بەناوی کوڕانی نەوشیران مستەفاوە، گردی دەباشان و هەموو ئەو شوێنانەی تر کە بەناوی جێگری سکرتێر و سکرتێر و  ئەندامانی مەکتەب سیاسی ئەم لایەنانەوە قۆرخ و داگیرکراون، موڵکی گشتین و ئەو هەنگاوەناش دەستدرێژیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ماڵ و موڵکی هاوڵاتیانی هەرێم.

لە سلێمانی بەدرێژایی مێژووی ئەم شارە، کۆمەڵێک خێرخوا و نیشتمان پەروەر کە بەدڵنیایەوە لەشارەکانی تری هەرێمیش نموونەی بەرچاوی لەو شێوەیە هەیە، موڵکی خۆیان کردووە بە قوتابخانە و نەخۆشخانە، لە سلێمانی نموونەی زۆری وەک عەلی ناجی و عەلی بۆسکانی و خانەوادەی جەلالی سام ئاغا و بەدەیان خەڵکی تر هەن، بەپێچەوانەی ئەوەی موڵکی گشتی داگیربکەن، موڵکی خۆیان بەخشیووەو لەدەمیان خۆیان گرتۆتەوە تا پرۆژەیەکی بۆ خەڵکی ئەم شارە لێدروستبکەن، بەڵام سەرکردەو بەرپرسە سیاسیەکان موڵکی گشتیان داگیرکردووە، بۆ حەوانەی خۆیان و ناو ناوبانگی خۆیان و حیزبەکانیان، پێیان خۆشبێت و ناخۆشبێت بەڕاشکاوی بیڵێین: ئەمانە دەستدرێژیە بۆ سەر موڵک و ماڵی گشتی.

من ناڵێم ئەم رایە کۆنکرێتییە، بەڵام رەنگە مەلا مستەفا بارزانی و مام جەلال و نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بمانایە، هەڵوێستێکی تریان لەسەر وەچەکانیان هەبوایە کە هەرگیز باوکیان گەورە نەکردووە، بەڵکو رۆڵیان هەیە لەبچووکردنەوەی ماندبوون و تێکۆشانی باوکیان.




23/02/2019



وتارەکانی تری نوسەر