کوردستان رووبەرووی کۆرۆنا دەبێتەوە، با وەک خۆی بیبینین‌و هەموان هاوکاری یەکتری بکەین

شوان محه‌مه‌د



من پزیشکم نیم، هیچیشی لێنازانم، بەڵام ماوەی زیاتر لە دوو هەفەتەش دەبێت لەو باوەڕەدام کە خەڵکی ناوچەکە بە کوردستانیشەوە لەبەردەم ئالنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنادایە، هیچ رێگەیەکی تریشمان لەبەردەمدا نییە، دەبێت رووبەرووی بینەوە.

 
ئەو داتایانەی لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی بڵاودەبێتەوە، ئەو راستیەمان پێشاندەدات کە ئەم نەخۆشیە هەڕەشەیەکی گەورەیە لە مرۆڤایەتی، هەر بۆیە پێویستە هەست بە مەترسیەکانی بکەین و، خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئامادە بکەین، پێویستە کۆمەڵگا خۆی مشووری خۆی بخوات، کاتێک کە ڤایرۆسەکە گەورە هێزێکی ئابوری و زانستی گەورەی وەک چین هیلاک دەکات، دەبێت ئێمە یەکراست بگەینە ئەو حەقیقەتەی کە حکومەتێکی وەک هەرێم بەم قەوارەیەی ئێستا هەیەتی و بەو بێ پلانیەی تیایدا دەژی و بەو بێ ئەزموونیەی لەو بوارەدا هەیەتی، هیچی پێناکرێت، هەربۆیە دەبێت خەڵک خۆی هەوڵبدات بە کەمترین زەرەر لەم بەڵایە دەربچێت.

 
نەخۆشیەکە مەترسیدارە، بەڵام دەبێت لە قەوارەی خۆیدا تەماشای بکرێت، زیانە گیانیەکانی ئەم ڤایرۆسە نە لە رووداوی رۆژانەی ئۆتۆمبیل زیاترە، نە لە نەخۆشی شێرپەنجە، نە لەنەخۆشی جەڵتەی دڵ و دەماخ، هەر بۆیە پێویستە وەک میدیا لە قەوارەی خۆیدا تەماشای بکەین، نەوەک میدیای رۆژئاوا زیاد لە قەوارەی خۆی گەورەی بکەین، نەوەک سیستەمە دیکاتۆریەکان کە داتای قوربانی و تووشبووەکان لە خەڵک دەشارنەوە، مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، راستگۆبین لەگەڵ خەڵکی خۆمان و نەشیان ترسێنین.

 
لەگەڵ بڵاوکردنەوە هۆشیاری لەبارەی ڤایرۆسەکەوە، هاوکات هەر خێزانە و دەزگا و رێکخراو پلانی خۆپاراستن و رووبەڕوبوونەوە دابنێن، دەبێت لەهەر خێزانێکدا پلان دابنرێت بۆ گۆڕینی دۆخی خواردن و پاکژی و پەیوەندیە کۆمەڵایەتییەکانمان.

 
بەراستی کۆرۆنا ئەلنگاری دەوێت، ئەلنگاریەکە کە بە حوکمەت شتی گەورە ناکرێت، بەڵکو بەپرسیارێتی دەکەوێتە سەر کۆمەڵگاو هەر خێزانێک خۆی کە چۆن دۆخی خواردن و پاکژی ماڵ و کەلوپەلەکانمان دەپارێزین.

 
سەردەمی رووبەرووبوونەوە لەگەڵ ئەم ڤایرۆسەدا لە قازانجی خەڵکی کوردستانە، ئەم ڤایرۆسە لە کوردستان لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەی گەرما بە تەواوی لاواز دەبێت، هەروەها کوردستان یەکەم شوێن نییە کە ڤایرۆسەکە رووی تێکردبێت، هەمووان کەمێک زانیاریمان لەسەر ڤایرۆسەکە هەیە، لە رێگای میدیا و ئینتەرنێتیشەوە زانیاری زیاتر و ئاگادار کردنەوەکان لەبەردەستی هاوڵاتیاندا هەیە، لە کوردستان هەندێک وەزی زانستی و دارایی لەلایەن هەردوو ناوەندی زانستی و ئابوریدا هەیە، دەبێت ئەوان ئامادەی یارمەتیدان بن و سوود لە توانایانە وەربگیرێت.

 
دەبێت هەموان خۆمان بۆ رووبەرووبوونەوەکە ئامادە بکەین، لەسەر ئاستی تاک و خێزان و شوێنی کارو کۆمەڵگاو حکومەت، بۆ هەمووان تاقیکردنەوەیەکی ئینسانی گەورەیە، نابێت بهێڵین ڤایرۆسەکە ژیان و جووڵەمان راگرێت، ئەگەر رووبەرووبوونەوەکەمان ئازایانەو بەسەرێکی ساردەوە بێت، دڵنیام بە کەمترین زەرەر لێیدەدردەچین.. من دڵنیام سەردەکەوین، با دەستی یەکبگرین و یارمەتی یەکبدەین و ئەم رۆژە تاریکە تێپەڕێنین، من دڵنیام ئێمە کۆمەڵگایەکین ئەگەر تواناکانمان بخەینە گەڕو بەهێمنی و ئازایانە کاربکەین ئەم رۆژە تێدەپەرێینن.. هیوادارم خۆمان و چەنس یارمەتیدەرمان بێت و، کوردستان و ناوچەکە دووربێت لەهەموو بەڵایەک.


24/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر