کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر سەفاو مەروا بە مێژووی سلێمانیەوە دەکات..!!

شوان محه‌مه‌د

کاک هەڤاڵ ئەبوبەکر، پێشنیاری کردووە کە ٧ ی ئازار رۆژی رزگارکردنی سلێمانی لە راپەڕینی ١٩٩١ بکات بە رۆژی دامەزراندنی سلێمانی، لەبری ١٤ ی تشرینی دووەمی  ١٧٨٤ کە رۆژی دامەزراندنی سلێمانی یە.

سەرەتا پێویستە ئەو راستیە زانستییە بووترێت کە دەستکاریکردنی مێژووی شارێک هەروا کارێکی ئاسان نییەو دەبێت لەلایەن خەڵکانی پسپۆری مێژووییەوە توێژینەوەی لەسەر بکرێت و دەبێت هەر هەنگاوێک لەو بوارەشدا بنرێت پشت ئەستوربێت بە دۆکۆمێنتی گەواهیدار کە هەڵگری بچووکترین گومان نەبێت، ئەو کارە نە ئیشی پارێزگارێکە کە ئیختساسی ئەوە نییە، نەکاری ئەنجومەنی پارێزگایە، هەروەک چۆن کاری رۆژنامەنووسێکی وەک منیش نییە.

کاک هەڤاڵ کە هەر تۆ دەتەوێت دەستکاری مێژووی ئەم شارە بکەیت، رۆژی مێژووی لەم شارەدا دژی داگیرکەرانی دەرەوە و زاڵمانی ناوخۆ زۆرە، بۆ رۆژێکی مێژوویی وەک رێکەوتی ٦-٩-١٩٣٠ ی راپەڕینێکی گەورەی بەردەرکی سەرای سلێمانی ناکەیت، کە تیایدا خەڵک دژی هێزی داگیرکەری ئینگلیز و حوکمی پاشای ئەو کاتی عێراق ئەنجامیان دا کە بۆ یەکەم جار وەکو داهێنانێکی نوێی خەباتێکی مەدەنی لەم شارەدا تۆمار کرا، کە ئەمەش لەڕووی زانستەیەوە هەر هەڵەیە.

ئەی تۆ پێشبینی ناکەیت سبەی خۆپیشاندانێکی ئاشتیانەی سەرتاسەری بەرپابێت و کۆتایی بە دەسەڵاتی سیاسی نا دادپەروەرانەی هەموو بنەماڵەکان لە سلێمانی و هەولێر بهێنێت، خۆ ئەگەر ئەم دەستکارییەی تۆ ڕەوا بێت، ئەوا پارێزگاری ئەو دەمەش رەوایەتی هەیە کە ئەم مێژووە بکات بە مێژووی شاری سلێمانی!. 

کاکی برا سیمای شاری سلێمانی و هەموو هەرێمی کوردستان بەتەوای شێوێندراوە، سەرەکیترین شێواندنی سیمانی شاریش داگیرکردنی گرد و گردۆڵەکەکانە لەلایەن بنەماڵە و هەر سێ حیزبی دەسەڵاتداری کوردستانەوە، ئەو بەرزاییانە لەبری ئەوە بکرێت بە پارک و سەیرانگا و هۆلێ هونەری و ئەدەبی و سینەما، کەچی وەک ( بالۆکە ) بۆتە بارەگا و سوکنای عەسکەری بۆ پاراستنی دەسەڵاتی بنەماڵەکان. جا تکات لێدەکەم ئیشی تۆ پارێزگاریکردنە لە ماڵ و موڵکی گشتی ئەگەر دەتوانیت ئەم گردانەمان بۆ وەبگریتەوە، یان بەلایەنی کەمەوە گردی حیزبەکەی خۆت، ئەگەر دەرۆستی گردەکانی تر نایەیت، ئینجا بیر لە شتی تر بکەرەوە، هەرچەندە ئیشی من  و تۆ نییە سەفاو مەروا بە مێژووی شارەوە بکەین..!!


14/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر