رێککه‌وتنی ئه‌مریکا و تورکیا: کورد چی بکات؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئه‌‌وه‌ی له په‌یوه‌ندیه ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ی شه‌وی چوارشه‌ممه‌دا ئۆباما و ئه‌ردۆغان ڕازی بوون له سه‌ری، دوا قۆناغی دانوستانێکی چه‌ند مانگه‌ی ئاڵۆزی نێوان تورکیا و ئه‌مه‌ریکا بوو ده‌رباره‌ی هه‌ڵویست وه‌رگرتن به‌رامبه‌ر سوریا. بۆ تورکیا سوریا له ئه‌سه‌د‌‌وه ده‌بینرا. ئه‌مه‌ش په‌یوه‌ندی به پێگه‌ی جیوپۆله‌تیکی تورکیاوه هه‌یه، له هه‌ناوی ئه‌و جیوپۆله‌تیکه تایفیه نوێیه‌ی که له ناوچه‌که‌دا له بڕه‌ودایه. ئه‌وه‌ی تورکیا ئامانجی بوو که ئه‌‌سه‌د ده‌بێت وه‌ك مه‌ترسی سه‌ره‌كی ببینرێت، ئینجا داعش. ته‌نانه‌ت ده‌توانرێت ئارگومێنتی ئه‌وه‌ بهێنرێته ئاراوه که داعش به ڕاسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ وه‌ك ئامرازێک به‌كاردێت له لایه‌ن به‌ره‌ی سوننیه‌وه، له ململانێی جیوپۆله‌تیکی تایفی ناوچه‌كه‌دا. (به کاربردنی دین بۆ ململانێی له لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه نوێ نیه، جیهاد داهێنراوێکی ئه‌ڵمانیه: چیه ئه‌‌وه‌ی که خه‌ڵکی ده‌وروژێنێت، هه‌تا ئاستی خۆ به کوشتدان، بۆ ئه‌وه‌ی به کارێک هه‌‌ستن که وه‌ها ده‌زانن پیرۆزه، به‌ڵام وروژانیان ده‌بێته هۆی فشار و گۆڕانکاری که مه‌رج نیه له خزمه‌تی خۆیاندا بێت، ئه‌مه کرۆکی فه‌لسه‌فه‌ی به ئامرازکردنی دینه له ململانێ جیوپۆلتیه‌کاندا).
تورکیا ترسی ئه‌وه‌ی هه‌یه که نه‌مانی داعش ببێته هۆی مانه‌وه‌ی ئه‌سه‌د، پاشان لاوازبوونی رۆڵی تورکیا له ناوچه‌كه‌دا. ئه‌م ترسه له سه‌ره‌تاوه چڕبوو به تایبه‌ت کاتێک که‌وتنی ئه‌سه‌د وه‌ها لێکده‌درایه‌وه که حه‌تمیه، تورکه شاره‌زاکانی سوریا، به ئاستێک ساویلکه‌بوون که ئه‌سه‌دیان وه‌ك زه‌ین العابدین و قه‌زافی و موباره‌ك ده‌بینی. نه ئه‌سه‌د له ئه‌و جوگرافیایه‌دا بوو، نه تورکیا خاوه‌نی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته بوو. به به‌هێزبوونی داعش تورکیا که‌‌وته ژێر فشاره‌وه که ده‌بێت هه‌ڵوێستی هه‌بێت، به‌ڵام تورکه‌كان ئه‌مه‌یان وه‌ك کارتێک به‌كارده‌هێنا بۆ گه‌شتن به ئامانجه‌کانیان که بریتی بوون له روخانی ئه‌سه‌د و دروستنه‌بوونی قه‌واره‌ی کوردی له رۆژئاڤا. ئه‌مه له کۆبانێ به روونی ده‌رکه‌وت، کاتێک تورکیا به ئاشکرا پشتیوانی نیوده‌وڵه‌تی بۆ کۆبانێ پێ ناخۆش بوو، به‌ڵکو موژده‌ی که‌‌وتنی ئه‌وو شاره‌ی به‌خۆی ده‌دا. به‌ڵام کۆبانێ بوو به خاڵێ وه‌رچه‌رخان بۆ بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژئاڤا. ئه‌وه‌ی کورد له باشور به سی ساڵ پێی نه‌گه‌شت کورد له رۆژئاڤا له کۆبانێ پێی گه‌شت، که بریتی بوو له شه‌رعیه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و دابینکردنی پشتیوانی و چونه نێوبه‌ره‌ی رۆژئاواوه.
بۆچی تورکیا هه‌ڵویستی گۆڕی:
یه‌كه‌م، تورکیا بێهیوابوو له به‌كاربردنی کارتی داعش بۆ ناچارکردنی رۆژئاوا بۆ دژایه‌تی ئه‌سه‌د
دوو، تورکیا هه‌ستی به مه‌ترسیکرد که له ئاماده‌نه‌بوونی کورد جێگه‌ی پڕ ده‌كاته‌وه
سێیه‌م، تورکیا بۆی ده‌رکه‌وت که رێگه‌پێنه‌دانی نابێته هۆی په‌‌ککه‌وتنی به‌کاربردنی هێز له لایه‌ن ئه‌مریکاوه
چوارهه‌م، گۆڕانی داعش له ئامرازه‌وه بۆ مه‌ترسی.
پێنجه‌م، رێککه‌وتنی ئێران و رۆژئاوا ئێران ده‌هێنێته‌وه نێو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ده‌یکاته به‌شێک له رێککه‌وتنه‌کانی ناوچه‌که‌دا، بڕواده‌كرێت له دانیشتنی داهاتووی جنێف بۆ کێشه‌ی سوریا ئێران به‌شداربێت. به ئاماده‌بوون و چالاکبوونی ئێران و به‌شدارنه‌بوونی تورکیا ئه‌و وڵاته هێنده‌ی تر رۆڵی لاوازده‌بوو له بڕیاردان ململانێکانی ناوچه‌كه‌دا.
له ئه‌نجامدا تورکیا به ڕازی بوونی نه‌ك هه‌ر بنکه‌ی ئه‌نجه‌لیک له لایه‌ن ئه‌مریکا و ناتۆوه به‌کارده‌برێت، به‌ڵکو هێزی فڕۆکه‌وانی خۆشی به‌شداری ده‌کات، ئه‌م به‌نیاه کاتژمێر 3:20 خوله‌ک له ئامه‌‌ده‌وه فڕۆکه تورکیه‌كان هه‌ستان و سێ باره‌گای داعشیان بۆمبارانکرد. به‌ڵام تورکیا ئاسمانی سوریای نه‌به‌زاندا له هێرشه‌که‌دا به‌ڵکو فڕۆکه تورکیه‌كان له ئاسمانی تورکیاوه موشه‌که‌کانیان هاوێشت. 
وه‌ك ده‌نگۆ هه‌یه که جۆرێک له ڕه‌زامه‌ندی ئه‌مریکا هه‌یه بۆ دروستکردنی ناوچه‌ی دژه فڕین له ناو ئه‌م رێککه‌وتنه‌دا.
ده‌بێت کورد یان په‌که‌که چی بکات
یه‌که‌م، ئامانجی داعش له هێرشکردنه سه‌ر په‌که‌كه له ناو تورکیادا، ده‌رئه‌نجامی لێکدانه‌وه‌یه‌كی ستراتیژی وورده بۆ پێکانی چه‌ند ئامانجێک: یه‌که‌م، هه‌ڵگیرسانی شه‌ر له نێوا تورکیا و په‌که‌که بۆ ئه‌وه‌ی په‌که‌که له دوو به‌ره‌دابێت و هه‌موو فۆکه‌سی له سه‌ر رۆژئاڤا نه‌بێت. دووه‌م، بۆ دروستکردنی پشێوی له ناوچه‌كه که زه‌مینه ده‌سازێنی بۆ گه‌شه‌ی داعش، هێزی تیرۆریستی ته‌نها له دۆخی لاوازی حکومه‌ت پشێویدا گه‌شه‌ده‌كات. به‌م پێیه نابێت په‌كه‌که بکه‌وێته ناو داوی داعشه‌وه و جه‌نگ له باکور هه‌ڵبگیرسێنێته‌وه. به تایبه‌ت کاتێک که تورکیا به‌ره‌و هه‌ڵبژاردنێکی تر ده‌ڕواوت.
دوو، هۆکارێکی تر که په‌که‌كه ده‌بێت له باکور دان به خۆیدا بگرێت خواستی ئه‌مریکا و رۆژئاوایه که نابێت په‌که‌که له باکور جه‌نگ ده‌ست پێبکاته‌وه. خۆم له دیپلۆماته ئه‌مریکیه‌كانم بیستوه له واشنتۆن و له ئێره که مه‌رجی په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیان له گه‌ڵ په‌یه‌ده‌دا ئه‌وه‌یه که په‌که‌كه له باکور جه‌نگ نه‌كات.
سێ، یه‌كێک له ئامانجه‌كانی رێککه‌وتنی تورکیا سنوردارکردنی په‌یه‌ده‌یه له رۆژئاڤا، به هه‌ڵگیرسانی شه‌ر ئه‌م ئامانجه بۆ تورکیا ئاسانتر دێته دی، وه‌ك له بێ شه‌ر. ئێستا په‌که‌كه له دوو ئاستی زۆر گرنگدا له په‌یوه‌ندیدایه له گه‌ڵ رۆژئاوادا: ئاستی دیپلۆماتی له رێگای دیموکراسی بوونی له تورکیا، هه‌روه‌ها له رێگای شه‌ڕی دژه تیرۆر له رۆژئاڤا.
ئه‌وه‌ی روون تا ئێستا؛ ئایا تورکیا به‌ره‌ی سوننه به‌جێ ده‌هێڵێت و ده‌چێته‌وه به‌ره‌ی ناتۆ. یان ئه‌مه‌ی رووئه‌دات پاش ده‌ربڕینی سعودیه‌بوو له پاش رێککه‌وتنی ئێران و رۆژئاوا که پشتیوانی تورکیایه که بچێته ناو سوریا و عێراقه‌وه؟

24/07/2015



وتارەکانی تری نوسەر