ئەمریکا و دونیا: کورد

د. سه‌ردار عه‌زیز
ڕۆژانی داهاتو ئەمریکا سەرۆکێکی نوێ هەڵدەبژێڕیت. وەک هاوڕێیەکی ئەمریکی، لە ئیمەیڵێکدا بۆی نوسیم، ئەمریکا لە نێوان درۆزنێك (هیلەری) و ڕەگەزپەرستێکدا (ترەمپ)، یەکێكیان هەڵدەبژێڕێت.
ئەمە هۆکاری سەرەکی بو کە هێندە بایەخم بە ڕوماڵی هەڵبژاردنەکان نەدا، هەرچەندە هۆکاری نەبونی کات هۆکاری سەرەکی بو. 
هەردو کاندیدەکەی ئەمساڵ لە ئاستی ڕۆڵی ئەمریکادا نین لە دونیادا. دونیا هەتابێت ئاڵۆز و ناسەقامگیر دەبێت، بەڵام ئەمریکیەکان هەتا بێت ڕۆڵیان کەمتر دەبێت، یان ڕۆڵی خۆیان لاوازتر دەکەن.
ئۆباما بەوە ناسراوبو کە نەیدەویست سەرباز بەکار بهێنێت، بەڵام سەرکەوتو نەبو لە پرۆسەکەیدا چەندین جار ناچاربو کە سوپا بە کار بهێنێت. بەکارهێنانی سوپا، وەک ستراتیژ، زۆر باشترە لە بەکارهێنانی سوپا وەک ناچاری کە ئۆباما پشتی پێبەست.
بەڵام ئەمریکا لە قەیرانی زۆر گەورەتر دایە. ئەمریکا ئەمڕۆ داوا دەکات، خواستی خۆی دەردەبڕێت، بەڵام هیچ ناکات لە پێناویدا، یان هیچی پێناکرێت لە پێناویدا. دەڵێت دەبێت ئەسەد بڕوات، بۆ نمونە، بەڵام ناتوانێت ئەسەد لاببات یان هیچ ناکات لەو پێناوەدا. ئەم جیابونەوەی نێوان قسە و کردار، وەها دەکات قسەکانی ئەمریکا وەک قسەکانی سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکانی لێبێت (بان کی مون بۆ نمونە قسەکانی وەک گاڵتەجاری لێهاتبو لە ناوەندی دیپلۆماسی جیهانیدا). لە ڕوی ئەخلاقی بە بایەخ بێت بەڵام هێندە کاریگەری نەبێت لە سەر واقیع.
بەڵام کێشەی ئەمریکا زۆر لەوە ئاڵۆز ترە. لە ساڵانی ڕابوردودا دەرکەوت ئەمریکا دەتوانێت شەڕ بباتەوە، بەڵام ناتوانێت سەقامگیری دابین بکات، یان ناتوانێت ئاشتی بهێنێتە ئاراوە. لە ئەنجامدا بردنەوەی شەڕەکەی هەمیشە لە ئەنجامدا دەبێتە دۆڕان. ئەم سیاسەتی دورە پەرێزی لە بونیادنان، بەڵکو پەنا بردنە بەر هێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و کردنی چارەسەری سەربازی بە ئەولەویەت وەهایکردوە لە ئەمریکا کە ببێتە هێزێک جگە لە پشێوی هیچی تر بۆ دونیا نەهێنێت.
بەرپرسانی ئەمریکی تێگەیشتنیان بۆ دونیا تێگەیشتنێکی زۆر بەرتەسکە، لە زۆر جاردا پەرچە کردار و ناچاریە. ئەگەر بێتو ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت ئەوا نە شەڕ دەباتەوە نە ئاشتی. تڕەمپ دۆستی ئەم سیاسەتەیە بەڵام بە ئاستێکی خەتەرناک. ترەمپ دەیەوێت ئەمریکا لە دونیا داببڕێت، ئەگەر ناچاربو بڕوات بۆ شوێنێک ئەوا سڵ نەکاتەوە لە هیچ تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنێت. ئەم عەقڵیەتە پەرچەرکرداریە، ڕەگی لە شانازی کردنی ئەمریکاوە هەیە بە بازوی نەک بە عەقڵی. وەک دەیبینینین لە موسڵ ئەمریکا هیچ خەمی ئەوەی نیە کە چی دەگوزەرێت، زیاتر ئامانجی نمایشە، یان ململانێی هێز و پانتایی لە گەڵ هێزەکانی تردا. لە ئەنجامدا موسڵ دەبێتە جێگەی ململانێی هێز ناوچەییەکان، کە هەریەکە ئەجیندای رەگ قوڵی تایبەتیان هەیە.
ئەمە لە کوردستانیشدا بە کارەساتاوی گوزەرا. ئەمریکا کوردستانی کردە بەشێک لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕوی سیستەمی سیاسیەوە، بەوەی رێگای خۆشکرد کە سەرۆکی هەمیشەیی و نەگۆڕانی سیاسەت و پشتگویخستنی دیموکراسی، بێبایەخ بونی دەزگا، ببەیتە نەریتی باڵا.
ئەمە هەروەها لە شەڕی دژ بە داعشدا دەگوزەرێت. رزگارکردنی موسڵ نابێتە هۆی کۆتایی داعش. بەڵکو دەبێتە بەشێک لە سەربوردەی جەنگ لە ناوچەکە، کە تەنها بەردەبازێکی ترە بۆ جەنگێکی تر. چونکە سوتەمەنی و هۆکاری شەڕەکە زۆر ئاڵۆزترە لەوەی لە رزگارکردنی شارێکدا بەرجەستەبێت. بێگومان موسڵ خاڵێکی وەرچەخانی گەورەیە لە درێژەی ململانێی هێزەکا بۆ باڵادەستی لە ناوچەکەدا. بەڵام ئەمریکا سیاسەتی ڕونی نیە.
موسڵ بۆ کورد بێئەندازە کاریگەرە. موسڵ ناوەندێکی بەرهەمهێنانی ئایدەلۆژیای ناسیونالیزمی عەرەبی و هەروەها ئایدەلۆژایی ئیسلامی سیاسیە (ئەمڕۆ ئەم دوانە دو دیوی یەک دراون)، کەمتر لە سەت کیلۆمەتر لە پایتەختی هەرێمەوە دورە. چۆنێتی جۆری دەسەڵات کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لە سەر چۆنێتی سیاسەت و ئاسایش لە هەرێم. ئەم بایەخە جیوپۆلەتیکیەیەیە کە تورکیای و ئێرانی بەلەسە کردوە. دیارە تەنها ئەمە نیە، بەڵکو هۆکاری تر زۆرن. بەڵام ئەوەی ترسناکە کە ئەمریکاییەکان ئامانجیان بچکۆلەیە، هەتا زیاتر روبەڕوی ئاڵۆزی ململانێکانی ناوچەکە دەبنەوە زیاتر سڵ دەکەنەوە. ئەوان ناتوانن ڕوبەڕی بونێک ببنەوە ئەگەر نەتوانن لە ناوی بەرن. ئەم جۆرە سیاسەتە لە سەدەی بیست و یەکدا توانای بەرهەم هێنانی نابێت. 
ڕۆژانی داهاتو ئەمریکاییەکان سەرۆکی نوێ هەڵدەبژێرن، بەدیدێکی تەسکترەوە، بە کەسایەتیەکی لاوازترەوە، بە توڕەیی یان ڕۆحێکی بریندارەوە. دەبێت ئەمریکا خۆی لە دونیادا ببینێتەوە، نەک دونیا لە خۆیدا ببینێتەوە. بە هیوای ئەوەی هیچ کامیان دەرنەچن، وەک چۆن کیسنجەر دەربارەی جەنگی عێراق و ئێران وتی، بە هیوای دۆڕانی هەردولا.

01/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر