ئێمەیڵەکەی ئاشتی و دۆخی هەرێم

د. سه‌ردار عه‌زیز
ئیمەیڵەکەی ئاشتی هەورامی کۆمەڵێک بواری گرنگ ڕووندەکاتەوە. ئەم ئیمەیڵە سروشتی پەیوەندی نێوان تورکیا و هەرێم، دۆخی ئابووری هەرێم، پلانی ئاسایشی چینی دەسەڵاتداری هەرێم.
سەرەتا باس لە باشی پەیوەندی دەکات، ئینجا باس لە قەرزەکان دەکات. قەرزەکان بە سێ بڕ کراوە، دوو جارە بڕی ٥٠٠ ملیون دۆلارە، جارێکی تر بە بڕی ١٥٠ملیون دۆلار یەکێک لە ئەم بڕانە سوی لە سەر نییە، کە پێی دەڵێن قەرزی نەرم. ئەو دو بڕەکەی پێنج و شەشە لە سەت سوی لە سەرە. سەرباری ئەمە، حکومەتی هەرێم قەرزاری تی ئی سی کۆمپانیای پەترۆڵی تورکیە بە بڕی ٥١٤ ملیون دۆلار.
ئەم کۆمپانیایە کۆمپانیایەکی نوێیە تەنها بۆ هەرێم دروستکراوە، بۆ ئەوەی هەرێم لە گەڵ کۆمپانیای بۆتاشدا مامەڵە نەکات. وەک هەندێک چاودێر ئاماژەی پێدەدەن کە دروستکردنی ئەم کۆمپانیایە کە نزیکە لە دەسەڵاتدارانی تورکیاوە ئامانجی سیاسی هەبوو. 
ئەم کۆمپانیا سەرپەرشتی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ جیهان دەکات، کە بە پێی هەندێک سەرچاوە، حکومەتی هەرێم بڕی سێ دۆلار و نیو دەدات بە بەرمیلێک بۆ گەیاندنی بە بەندەری جیهان. قەرزی هەناردە هەتا مانگی سێی ڕابوردو بە پێی نامەکەی ئاشتی گەشتوەتە ٥١٤ ملیون دۆلار. بەم پێیە هەرێم بە بڕی زیاتر لە ملیارو نیوێک زیاترە. ئێستا داوای زیاتر دەکات.
ئەم بڕەی کە ئاشتی داوای دەکات بڕی سێ ملیار و حەفتا و پێنج ملیون دۆلارە. بۆ ئەمە ئاشتی سێ پێشنیاری هەیە:
یەکەم، هەرێم بڕی ٢٠٪ پشکی هەیە لە کێڵگەی تەق تەق، تاوق، شێخانە، هەرێم دەیەوێت ئەم پشکەی هەرێم بدات بە تورکیا لە بەرامبەر لێخۆشبوون لە بڕی ١.٦٧ بلیونە.
ئەمە پێمان دەڵێت کە هەرێم لە بەرامبەر ئەم بڕەدا ئیتر هیچ مافێکی نامێنێت بەسەر ئەم کێڵگانەوە. بەم پێیە هەرێم ئەو برەی کە بە پێی گرێبەستی هاوبەش بە دەستی دەهێنا دەیفرۆشێت. ئەم گرێبەستی هەرێم دەگۆڕێت بۆ جۆرێکی تر لە گرێبەست کە نەمانی شەریکیە، بەڵکو فرۆشتنە. کە ئەمە خۆی لە لە دەستدانی سەروەریدا دەبینێتەوە. ئەم برە پارەیە کە قەرزە، وەها دەکات ئەم کێڵگانە گرنگیان بەتاڵ بێتەوە لەلایەن هەرێمەوە. بە کوردیەکەی ئەم سێ کێڵگەیە، بە پێی ئەم پێشنیارە چیدی نابێت وەها حیسابی بۆ بکرێت کە کێڵگەی هەرێمن، چونکە خاوەندارێتیەکەی هەمو دەبێتە هی بیانی. ئەمە دەمابگەڕێتەوە بۆ جۆری زۆر سەرەتایی گرێبەستی نەوت کە لە رۆژانی سەرەتای نەوتدا پەیڕەودەکرا. کاتێک پانتاییەک خاک دەفرۆشرا بە کۆمپانیا بە بڕێک و حکومەت ئیتر هەمو مافێکی لە دەست دەدا. 
حکومەتی هەرێم دەڵێت تورکیا نابێت بیر لەم پێشنیارە بکاتەوە، دەبێت دەمودەست قبوڵی بکات چونکە بە تەواوی لە قازانجیەتی.
هەروەها دەردەکەوێت کە هەڕێم بە بڕی ٨٠٠ ملیون دۆلار پارەی کۆمپانیای خانوبەرەی تورکی قەرزارە، کە هەرێم دەیەوێت، لە پارەی قەرزکراو بیداتەوە، هەرێم ئەم پێشنیارە بەکاردەهێنێت، بۆ ئەوەی بە تورکیا بڵێت کە بڕی پارەکە بۆ خۆی دەگەڕێتەوە، لە ڕێگای کۆمپانیاکانیەوە. وەک نامەکە دەریدەخات و شانازی پێوەدەکات کە هەرێم تابعی تورکیایە، ئەم دۆخی دیپێندینسیە، ئێمە لە کتێبەکەماندا بە درێژی ڕوونمان کردوەتەوە.
هەوڵێکی تر کە ئاشتی هەوڵدەدات تورکیا ڕازی بکات، ئەوەیە کە ئەگەر بێتو تورکیا ڕازی بێت، ئەوا تی ئی سی دەبێتە گەورەترین کۆمپانیا لە بواری نەوتی هەرێمدا. 
شایانی باسە، زانیاریەکان پێمان دەڵێن ئەم گرێبەستە نەکراوە، بەڵام وەک پێشنیارێک هێشتا وەلا نەخراوە، وەک کراوە ماوەتەوە.

28/12/2016



وتارەکانی تری نوسەر