قۆناغی دیپلۆماسی:

د. سه‌ردار عه‌زیز
جوڵەیەکی دیپلۆماسی زۆر لە پشت پەردە و دەرگاکانەوە لە ئارادایە. ئەم ڕۆژانە لە دیپلۆماتێکی ئەوروپیم پرسی ئایا لە قۆناغی شەڕەوە دەڕۆینە قۆناغی دیپلۆماسی. ئەو وتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەمیشە مەترسی ئەوە هەیە، روداوێک، هێزێک، لە دوا قۆناغیشدا هەمو رێسەکەت لێبکات بە خوری. بەڵام وەڵامەکەی لە هەمانکاتدا یانی بەڵێ، بەڵام هێشتا مەترسی لە ئارادایە.
دانیشتنەکان لە پایتەختە دورەکان و هەروەها نزیکەکانیش بەڕێوەدەچێت. هەمو ئەم دانیشتنانە پەیوەستن بە کوردەوە، بە چارەنوسی کوردەوە لە هەمو پارچەکان. هەندێک لە بەرپرسی کورد بە ئاگان، بەڵام زۆریان بێئاگان لەوەی دەگوزەرێت. نازانم ئەوانەی کە بە ئاگان چەندێک بە ئاگای هەمو وێنەکەن. چونکە یاریەکان بەبێ تێگەیشتنی پاشخانیان بە ئاسانی هەزم ناکرێن.
چەند رۆژێک لەمەوپێش لە دیدارێکدا لە کەسانێکی نزیک بە حەشدی شەعبی و حکومەتی عێراقی ئەوەم بیست کە حەشد و شیعە و ئێران دەستبەرداری ئەو هێڵە نابن کە لە خانەقینەوە دەست پێدەکات هەتا حەلەب. لە دانیشتنەکەدا هەوڵمدا بزانم کە ئایا ئەم خاڵی سەرەتا و کۆتاییە چی بە یەکیان دەگەیەنێت، بە کوێدا تێدەپەڕێت، بۆ کوردستان چی دەگەیەنێت، بۆ عێراق چی دەگەیەنێت، هەروەها بۆ سوننە چی دەگەیەنێت.
ڕۆژانی دوای ئەوە دیپلۆماتێکی ئەوروپی ئەوەی پشتڕاستکردەوە کە ئەم هێڵە لە ئارادایە. ئەو لەوە زیاتر ڕۆشت کە ئێران لە ئازەربایجانەوە دەستی پێکردوە. ئەمریکیەکان، بە تایبەتی بەشی سەربازی وەها دیاربو بێخەم بن. دیپلۆماتەکانیان جەختیان لە سەر ئەوە دەکردەوە کە کارەکان لە ئەنجامدا بەبێ ئەوان ناکرێت.
دیارە ڕونە هەمو شتێک ناوترێت. بەڵام ئەوەی جیگای مەترسیە کە میدیای کوردی و ناوەندی سیاسی کوردی و ئەوانەی خۆیان بە موحەلیل دەزانن دورن لە وەی کە چی دەگوزەرێت، بە هۆی هۆکاری زۆرەوە.
لێرەدا وەک دەرئەنجام چەند خاڵێک ئاماژە پێئەدەم
یەکەم، تورکیا لە هاتنی بۆ سوریا سێ ئامانجی هەبو: بە دەستهێنانی کورسی لە سەر مێزی دانوستان، بەربەست دروستکردن لە هێڵی خانەقین حەلەب، هەروەها سنوردارکردنی کورد
دو، وەک دیپلۆماتێکی ئەوروپی بە ڕاشکاوانە پێی وتم، ئێستا کە ئێران و تورکیا روبەرو لە سەر مێزی دانوستان دادەنیشتن ئەگەر هاتو رێگری لە کورد بو بە مایەی ئەوەی کە بەیەک بگەن ئەوا هەردو ئامادەن رێگری لە کورد بکەن چونکە لە قازانجی هەردولادایە.
سێ، ئەوروپا نیگەرانە لە هەژەمۆنیەتی ئێران، بەڵام راستەخۆ هیچی پێناکرێت، بۆیە لە هەوڵی ڕۆڵی زیاتره بۆ تورکیا، چ وەک راستەخۆ هاوپەیمان لە ناتۆ، چ وەک هێزێکی رێگر لە پرۆژەکە، هەروەها وەک بونی بەرژەوەندی هاوبەش.
چوار، دونیا چاوەڕوانی تەرمپە. بە تایبەت پەیوەندی لە گەڵ روسیا و ئێراندا. بە گشتی دو ڕا هەیە: ترەمپ رەق دەبێت لە گەڵ ئێراندا، بەڵام تەنانەت ئەوانی کە خاوەن ئەم ڕایەشن، بڕوایان بەوە نیە کە رێککەوتنەکە هەڵدەوەشێتەوە، ڕای دوەم ترەمپ بە ناچاری نەرم دەبێت لە گەڵ ئێڕاندا. 
بەڵام لە هەمو حاڵەتێکدا لە دو ساڵی یەکەمی ترەمپدا هێندە بەرەمبەر ئێران ڕونادات. من خۆم بڕام وەهایە کە ململانێکە زیاتر ریتۆریک دەبێت. ئۆباما سیفەتێکی ترسناکی دا بە پێگەی ئەمریکا لە دونیادا، ئەویش بریتی بە لەوەی کە ئەمریکا هەڕەشە ئەکات بەبێ ئەوەی هیچ بکات بۆ جێبەجێکردنی. 
ئەوەی هەستی پێدەکەم ئێستا تەنها پرۆژەیەک لە ئارادیە کە لە سەر ئەرزی واقیع دەچەسپێت کە پرۆژەی هەژەمۆنیەتی ئێرانە، ئەمە پاشخانێکی ئاڵۆزی درێژی هەیە، ئێرە شوێنی باسی نیە. ئەوانی تر هەمو پلانیان لە رێگری کردنە لەم پرۆژەیە کە لە دۆخی ئێستادا تەنها دەتوانێت سنورداری بکات نەک کۆتایی پێبهێنێت. تورکیا کە ڕاسپێردراوە بەم ڕۆڵە، بەڵام ئەم وڵاتە لە ناوەوە لە قەیرانی قوڵدایە. قوڵی ئەم قەیرانە لەو وەرچەرخانەدایە کە سیاسەتی ناوەوەی تورکیا بە خۆیەوە بینیوە، ئەویش بریتیە لە دەردە کورد. مەبەستم لە دەردە کورد ئەوەیە کە کاتێک قەیرانێک دێت، یەکگرتویی دروست ناکات، بەڵکو پەرتبون دروست دەکات، هێزەکان لە هەوڵی ئەودان کە چۆن یەکتر تۆمەتبار بکەن. ئەم وەرچەرخانە نوێیە لە سیاسەتی تورکیدا لە هەمو شتێکی تر زیاتر تورکیا لاوازدەکات.
لە ساتەوەختی گواستنەوە بۆ دۆخی دیپلۆماسی هەرێم لاوازە. لاوازی هەرێم کۆمەڵێک بنەمای هەیە، خراپی سیستەمی حوکمداری لە هوردو ڕوی سیاسی و ئابوری، سیاسی خۆ پەرست، خەڵکێکی خۆ خۆر، بونیادنەنانی بنەماکانی هێز، پەرتی زیاتر و کردنی میدیا بە هەمو شێوەکانی بە ئامرازی ئەم پەرتیە. قوڵتر بیربکەینەوە، نەبونی نەتەوە، نەبونی نیشتمان، نەبونی دیدی درێژخایەن.

04/01/2017



وتارەکانی تری نوسەر