گۆڕان و گەنج

د. سه‌ردار عه‌زیز
گەنج نەیانتوانی بگەنە خانەی ڕاپەڕاندن. ئەمە دەرئەنجامێکە دەبێت هەڵوێستەی لە سەر بکەین. بەڵام پێش ئەوە دەبێت باس لە دۆخ و زەمینە و واقیعیش بکەین.
کوردستانیش وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست دیاردەی زۆری گەنجەوە دەناڵێنێت. دیارە گەنج چەمکێکی بێ جێندەرە. ئەم دۆخە خەسڵەتەی خۆی هەیە لە زانستی گەشەدا بە youth bulge ناسراوە. لە ڕاستیدا کورد وەک گەلێکی تازە شاری هێشتا لە ڕووی دیموگرافیەوە هێندە بە شاری نەبوە. پار لە گەڵ کۆمەڵێک ئەمریکیدا باسمان لە دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکرد، یەکێک لە بەشداربوان لە خانەی بیری هیدسۆن سەرنجێکی هەبوو لە سەر ئەوەی کە بە بەراورد بە فارس و تورک لە نێو کورددا رێژەی منداڵ بوون زیاترە، بۆیە کۆمەڵگای کوردی زیاتر بە گەنجی دەمێنێتەوە و لە رووی دیموگرافیەوە زیاتر دەبێت، بۆیە ئەمریکا نابێت پشتگوێیان بخات بۆ ستراتیژی خۆی.
بەڵام گەنج زۆری خەسڵەتی تری زۆرە.
بزوتنەوەی گۆڕان لە زۆر ڕوەوە لە وەڵامی خواستی گەنجدا هاتە ئاراوە. مەبەستم لەمە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ نیە. وەک ڕۆژانە لە خواستی خەڵکەوە دەیبینی، کە گەنج خەمی بژێویی و خۆشی و گوزەرانی هەیە، لە بڕی خەمی سیستەم و ئازادی و بیر و جیوپۆلەتیک و ململانێ . گۆڕان وەک بزوتنەوەیەک بۆ گۆڕینی سیاسەتی کوردی بە ئاراستەی خزمەتگوزاری و ماف و سیستەم ئەم خەمەی گەنج ئەولەویەتیەتی، دیارە ڕەنگە ئەمە بەو شێوەیە دەرنەبڕابێت.
یەکێک لە کێشەکانی ململانێ لە سەر بنەمای تەمەن، ئەوەیە کە نابێتە هۆی هێنانە ئارای بیری نوێ، کێشمەکێشی فیکری، یان خستەڕووی دونیابینی نوێ. بۆیە ململانێ لە سەر تەمەن دەبێت بگۆڕدرێت بۆ ململانێ لە سەر دید، پۆلەسی لە گەڵ ئایدەلۆژیا. بۆیە لە ڕاستیدا سەیرە ئەوەی دەبوو زیاتر جەختی لە سەر بکردرایەتەوە ڕەهەندە جێندەریەکەی بێت، چونکە فەلسەفەیەکی دەوڵەمەندی جێندەری لە گەشەکردندایە لە دونیادا لە هەموو بوارەکاندا.
هەڵبژاردنی خانەی ڕاپەڕاندن و نەبوونی گەنج تیایدا بوەتە مایە ڕەخنەیەک لە نەبوونی گەنج لە ناو ئەم دەستەیەدا. ئەم دیاردەیە دەبێت وەها بیری لێبکرێتەوە کە چۆن سودی لێببینرێت بۆ ئەوەی بزوتنەوەکەی پێ بەهێزبکرێت. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە ئەگەر گەنج نەبوە بە ئەندام بەڵام فشاری وەها دروست بکرێت کە ئەو ئەندامانە، سیاسەتی لە سودی گەنج بگرنە بەر. لێرەدا دەبێت سود لە ئەزموونی سیستەمی دیموکراسی وەربگرین بۆ مامەڵە لە گەڵ قەیراندا. یەکێک لە خەسڵەتەکانی دیموکراسی ئەوەیە، کە مەرج نیە هەمیشە دەرئەنجام بە خواستی زۆرینە بێت یان بەبێ کێشە بێت، یان باش بێت. بەڵام گرنگ ئەوەیە کە دروستبوونی کێشەیەک یان قەیرانێک نەبەێت هۆکاری ئەوەی هەموو شتێک کۆتایی پێبهێنێت. بۆیە لە دیموکراسیدا پێوەرەکە ئەوەیە ئایا هەتا چەندێک ئەو سیستەمەی کە هەیە دەتوانێت بەرگەی هەڵبەز و دابەز بگرێت. هەتا چەندێک دەتوانێت بەردەوامی بە خۆی بدات لە کاتی قەیراندا، چونکە بوونی قەیران چاوەڕوانکراوە.
دەبێت گۆڕان فێری ئەوەبێت کە چۆن لە کاتی قەیراندا، زیانەکان سنورداربکات و بیکاتە ئامرازێکی فشارو بۆ گەشەپێدان. ئەمە لە هەناو باڵاترین دیموکراسیشدا بوونی هەیە.
ئایا گەنج بێدەسەڵات دەبێت لە ناو گۆڕاندا، یان بێ نوێنەر دەبێت؟ جیاوازی هەیە لە نیوان دەسەڵات و نوێنەرایەتیدا. لە کوردستان، ڕوونە کە ڕوکەش گرنگترە لە ناوەڕۆک، بۆیە دەبێت بپرسین ئایا بوونی گەنجێک دەبێتە هۆی مسۆگەرکردنی داکۆکی لە خواستی گەنج؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر.
لە خوارەوە چەند خاڵێکی هەردوولا دەخەمە ڕوو:
یەکەم، بۆ من هەبوونی ناوەندێک کە ڕوونی و خێرایی بڕیاردان تیایدا مسۆگەربێت گرنگە.
دوو، ئەم ناوەندە بە هۆی هەندێک ووردە هۆکاری ناوەکیەوە توشی ئەو دۆخە بووە. کە یەك ڕەنگە، یەک خەسڵەتە، لە بڕی فرەیی.
سێیەم، دروستبوونی میکانیزمێک بۆ هاتن و چوونی کەسی یەکەم لە گۆڕاندا و کردنی ئەوە بە نەریت گرنگترە لە کەسەکان.
چوارەهەم، دەبێت ئەو گروپانەی هەست بە بێبەری بوونی خۆیان دەکەن، میکانیزمەکانی تری دەسەڵات بگرنە بەر، وەک ئەجیندا داڕشتن، فشار، لە گەڵ داکۆکیکردن لە میکانیزمەکە.
پێنج، دەبێت بیر لەوە بکرێتەوە کە چۆن لە داهاتوودا دەستکاری دەستورە ناوەکیەکە بکرێت بۆ نموونە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندن بکرێن بۆ ١١ یان ١٣ کەس.
شەش، دەبێت برادەرای خانەی ڕاپەراندن کاریان ڕاپەڕاندنی خواستی بزوتنەوەکە بێت بە هەموو ڕەنگ و پێکهاتە و چینەکانیەوە
حەوت نابێت فشار بۆ ئەوە بکرێت کە چۆن خانەی ڕاپەڕاندن پەرتبکرێت یان بەرەو کێبڕکێی ناوەکی ببرێت.
هەشت، وەک دەرکەوت کەس دەنگی هەمووی بە دەست نەهێنا، بە مانایەکی تر کەس نیە هەمووی پێی ڕازی بێت. دەبێت ئەمە وەک خاڵێ هێز بەکار بهێنرێت.
نۆ، گەنج دەبێت خۆی ڕێکبخات، ڤیژنی ڕوونی هەبێت، تەنها گەنج بوون بەس نیە.

27/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر