بە پارتیبوون!

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە کتێبی ئەودیو چاکە و خراپە، فەیلەسوفی ئەڵمانی فریدریک نیتچە دەڵێت، هەرکەسێک شەڕی ئەژدیها دەکات دەبێت ئاگاداربێت خۆی نەبێت بە ئەژدیها. ئەم دۆخە کە نیتچە ئاگادارمان دەکاتەوە دۆخێكە کە زۆرینەی ئەوانەی کە لە ململانێدان بە بێ ئاگایی تێی دەکەون. چۆن ڕووبەروببیتەوە و نەبێت بە ئەوەی کە رووبەرووی دەبیتەوە؟ چۆن نەبیتە ئەوەی کە دەتەوێت بیگۆڕیت؟

ئەم بە ئەویتربوونە، لە میانەی رووبەرووبونەوەدا، ڕەنگە یەکێک بێت لە سروشتەکانی شەڕ، یان ململانێ. ئەمە لە دۆخی شەڕی ناوخۆیی فرە ئاست و فرە ڕەهەندی کوردستاندا بە چڕی بوونی هەیە. ئەگەر لە ساڵانی ڕابووردوو، هێزەکانی لە میانەی شەڕی ناوخۆدا، هەوڵیان دەدا کە ئەوەی ئەویتر ئەیکات ئەمانیش بیکەن، بەم پێیە ئەخلاقێکی تایبەت لە دایک دەبوو، ئەمڕۆ ئەم دۆخە لە ئاستی ئاگاییدا روودەدات.
ئێمە ئەم دۆخە ناودەنێین بە پارتیبوون. ئەم بوون بە ئەوی تر لە میانی ململانێدا، مەرج نیە، بوون بە ئەو بێت، وەک لاسایی کردنەوە، بەڵکو پەرچەکرداریش دەگرێتەوە. کاتێک ئەوەی کێبڕکێی لە گەڵدا دەکەی دەبێتە پاڵنەر و هۆکاری سەرەکی هەموو هەڵویست وتێگەیشتن و دونیابینیتە، ئەوا ئەوەی رکەبەری لە گەڵدا دەکەیت داڕێژەری دونیای تۆیە، ئەمە جۆرێکی ترە لە بوون بە ئەو، بە پێچەوانە.

لیرەدا جودابوون بە هەمانشێوەی لاساییکردنەوە یان بوون بە ئەویتر، دەبێتە قەیران. ئایا لە میانی ململانێدا جودابوونت ئەویتر بڕیاری لێدەدات کە جودابونی بەرهەمی دید و دونیا بینیەکە کە بە هەبوونی ئەویتر، یان نەبوونی تۆ داکۆکی لێدەکەیت. ئەم دۆخە، لە قاڵبدانی رەفتاری ئەویتر بە پێچەوانە دیاردەیەکی بڵاوە، پێی دەڵێن، Reverse psychology
بەو مانایە، کاتێک من دەزانم، کە من هەرچیەک بکەم تۆ پێچەوانەکی دەکەی، ئەوا لەم رێگایەوە دەتوانم هەڵسوکەوتی تۆ لە قاڵببدەم. پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٦ەوە باڵادەستبوو بە سەر کوردستاندا، قۆناغی یەکەم، خۆ چەسپاندن بوو، پاشان باڵادەست بوون بە سەر بوارە ماددیەکاندا، ئێستا لە قۆناغی قۆرغکردنی بەهاکاندایە.

لەم قۆناغەدا کەس بە قەد نەیارە موزەیەفەکانی پارتی هاوکاری پارتی نەبوون لە کردنی پارتی بە خاوەن هەموو ئەو بەهایانەی کە پیویستیەتی بۆ پراکتیزەکردنی ئەو دەسەڵاتەی کە زۆر لە قەبارەی خۆی باڵاترە لە کوردستان. پارتی پێویستی بەم بەهایانەیە بۆئەوەی هەژەمۆنیەتێک بەرهەم بهێنێت، هەژەمۆنیەت بەمانا گرامشیەکەی کە یانی باڵادەستەیەکی قبوڵکراو.

بەڵام ترسناکی ئەم جۆرە بەرگریە موزەیەفە یان سەقەتە هەر لەوێدا ناوەستێت. کاتێک هێزێک لە میانەی رکەبەریدا دەبێت هێزەکەی تر یان پێچەوانەی دەکات تەنها لە پێناو رکەبەریدا، نەک لە پێناو هەبوونی یان هێنانە ئارای ئەڵتەرناتیڤێکدا، ئەوە چیدی ململانێ لە نێوان چاکە و خراپەدانیە، بەڵکو ئەوەی هەیە دوو هاوشێوە، لە ململانێدان بۆ دەسەڵات. کە یەکێکیان بنەڕەتەو ئەویتریان بە ئەو گەندەڵ بوە. دەرئەنجام ئەمە گەندەڵ بوون و رسوابوونی هەموو بەهاکانە. جەنگێکە کە دەرئەنجامەکەی جەنگێکی ترە.

ئێمە لە میانەی ململانێماندا دەبێت هەمیشە هۆشداری ئەوەبین کە چۆن چاکە بکەین، چاکە تەنها کاتێک چاکە کە چاکی گشتی بێت، ئەگەر هاتوو چاکەی شەخسی بوو، ئەوا نابێت بکرێتە چاکەی گشتی، ئەگەر هاوتەبا نەبێت لە گەڵ چاکەی گشتیدا. ئەوەی دەیبینم لە دونیای کوردیدا ئەوەیە کە هێشتا ئاگایی نیە بە چاکەی گشتی، بۆیە یەک دێر نوسینی کوردی نابینیت کە لە ڕوانگەی چاکەی گشتیەوە سەرچاوەی گرتبێت. کاتێک ململانێکان تەنها چاکەی کەس یان گروپن، ئەوا ڕەوایی یان ناڕەوایی بوونی نیە. دەبێت کاتەگۆریکاڵ ئیمێرەتیڤی کانت شیبکەمەوە، بەڵام ئێرە بواری نیە.

لە سیاسەتدا، رکەبەری جیاوازە لە رکەبەری عەشایەری کوردی. رکەبەری ناو کایەی سیاسی، بە مانای شەرعیەت پێبەخشین دێت. بەمانای کردنی ئەویتر بە خاوەنی ئەو بەهایەی کە تۆ لە گەڵیدا رکەبەریت. ئەم شەرعیەت بەخشینە بێئاگاییانە هەموو ڕۆژێک لە ئارادایە. بۆیە ڕەنگە خۆت بە نەیارێکی سەرسەختی پارتی بزانیت بەڵام لە کرداردا خزمەتکارێکی ئامانجەکانی ئەوبیت و ئاگات لێنەبێت.

17/08/2017



وتارەکانی تری نوسەر