عەفرین لە دیدی ئەمریکاوە

د. سه‌ردار عه‌زیز
جۆشوا لیدس، هەرچەندە وەها تۆمەتبار دەکرێت کە هاوسۆزە لە گەڵ رژێمی ئەسەددا، بەڵام یەکێکە لە هەرە باشترین چاودێرەکانی دۆخی سوریا. لەم دواییەدا کتێبەکەیم خوێندوە بە ڕاستی باشترین لیكۆڵینەوەیە بۆ دۆخی ئێستای سوریا. جۆشوا لە ڕۆژانی ڕابوردودا پۆستێکی لە بلۆگە ناسراوەکەی خۆی سیریا کۆمێنت نوسیوە کە دەکرێت وەها وەربگیرێت کە دیدی کەسێکە نزیک لە ئەمریکی و سوریەکانەوە. جۆشوا بەڕێوبەری کۆلێژی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانکۆی ئۆکلاهۆما.
جۆشوا بڕوای وەهایە کە ئەمریکا بڕیاری خۆی داوە بەرامبەر بە تورکیا. چیدی ناتوانێت ئەو وڵاتە وەک دۆستێک تەماشا بکات. خۆتان دەزانن یەکێک لە سیفەتەکانی دۆستایەتی لە سیاسەتی ئەمریکیدا بریتیە لە ئامادەبوون بۆ هاوکاری کردنی پلانی ئەمریکا بە بەردەوامی بەبێ هیچ مەرجێک، ئەگەر مەرجیش هەبێت ئەوا دەبێت مەرجی سوک بێت و رێگرنەبێت. چەمکیک هەیە لە سیاسەتی ئەمریکیدا ئەویش چەمکی پشت پێبەستنە، ئایا دەتوانێت پشتی بەو هێز، لایەن وڵات کەسە ببپرسیت کە لە هەموو دۆخێکدا لە گەڵتدایە. ئەمە لە کوردستان لە گەڵ پارتی یان بە تایبەت بەرزانیدا روویدا، کاتێک ئەو سەلماندی کە لە رێگای سەرسەختیەوە ناتوانرێت بەبێ دوو دڵی پشتی پێببەسترێت.
جۆشوا بروای وەهایە ئەو دیدەی کە ئارگومێنتی ئەوەی هەیە کە گوایە ئەمریکا پاش داعش دەسربەرداری کورد دەبێت بۆ دامرکاندنەوەی توڕەیی تورکیا، چیدی گونجاونیە. چونکە واشنتۆن لە ئێستادا وەها لە تورکیا دەڕوانێت کە هەتابێت زیاتر دیکتاتۆری دەبێت، زیاتر ئیسلامی دەبێت، زیاتر دژە ئەمریکایی دەبێت. سەرباری ئەمانە ئاگراوی بوونی زیاتری خیتابی دژە ئیسرائیلی.
بە تایبەت لە ماوەی داهاتوودا چاوەڕوان دەکرێت ئەمریکا زیاتر لایەنگری سعودیە و ئیسرائیل بکات لە ناوچەکەدا. بە تایبەت ئەمە پشتیوانیە یەکێکە لە بنەماکانی بە خۆری کردنەوەی رێسەکەی ئۆباما لە ناوچەکە. لە پلانی بۆ گەڕانەو بۆ سیاسەتی تەقلیدی ئەمریکا، ئەمریکا دیسانەوە دەکەوێتەوە جەنگی ساردی فرە ئاست لە گەڵ ئێراندا. لەمەدا ڕۆژئاڤا بەشێکی سەرەکی دەبێت لە ململانێکانیدا.
بە پێی جۆشوا، واشنتۆن ناسیونالیزمی کوردی بڕەو پێئەدات لە سوریا. لەم رێگایەوە ئەمریکا دەیەوێت سوریا بە لاوازی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی نەهێڵێت روسیا و ئێران بەرهەمی ڕەنجەکەیان بدورنەوە. هەتا بێت لە واشنتۆن یڕو بەوە دەهێنن کە پشتیوانی کورد پێگەی ئەمریکا بەهێز دەکات لە ناوچەکە.
وەک دەیڤید ستێفیڵد لە یانزەی ئەم مانگە لە کۆنگریس وەک یاریدەری بیرۆی ڕۆژهەڵاتی نزیک بە وەکالەت، روونی کردەوە کە سیاسەتی ئەمریکا ئەوەیە کە روسیا بهێنێتە سەر ئەو قەناعەتە کە دەستورێکی نوێ لە سوریا بنوسرێت، هەڵبژاردنێکی عادیلانە بەڕێوەبچێت، لە ژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتوەکاندا، ئەوا ئەسەد دەدۆڕێت. ئەمریکا بە رێگری لە ئەسەد بۆ باکری سوریا لەو باوەڕەدایە کە دەتوانێت بگاتە ئەم ئامانجە.
کەم نین بڕوایان وەهایە کە ئەم دیدە بێ بنەمایە.
بەڵام رەفتاری تورکیا گرنگە. هەتا ئەمریکا رێگری لە تورکیا بکات، تورک بە هەوڵی خۆ نزیککردنەوە لە روسیا دەیانەوێت ئەمریکا توڕە بکەن یان ناچاری بکەن هەڵوێستی بگۆڕیت. سیاسەتێک کە هەتا ئێستا ئەنجامی نەبوە. لە ڕاستیدا بە ئەنجامدانی ئەم کارە تورکیا زیاتر دیدی ئەوانە پشت ڕاست دەکاتەوە کە گومانیان هەیە لە تورکیا.
بەڵام هێرش بۆ عەفرین ئەو مەترسیەی بۆ تورکیا هەیە کە باکور و ڕۆژئاوا زیاتر لە یەکتر نزیک دەکاتەوە، چونکە ترسی سەرەکی تورکیا لە ڕۆژئاوا بوونی ئەو پەیوەندیە نزیکە فرە ئاستەیە لە نیوان هەردوولادا. بە پێچەوانەی باشور کە پەیوەندی لە گەڵ باکوردا لاوازە بە هۆی هۆکاری حیزبی و زاراوە و بەربەستی تر، تورکیا هێندە لە کاریگەری باشور ناترسێت لە سەر باکور، بەڵام زۆت نیگەرانە لە بوونی ئەو پەیوەندیە ئۆرگانیەی نیوان باکور و ڕۆژئاڤا.
بەم پێیە لە بەر نەبوونی پشتیوانی ئەمریکا، مەترسی نزیکبونەوەی کوردی هەردوو پارچەکەی کوردستان، سەرنەکەوتن ئەردۆگان تەنها هەڕەشە و گوڕەشە ئەکات بەڵام لە ڕووی سەربازیەوە هەنگاوی جیددی نانێت.

19/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر