رق لە پەرلەمان

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە ماوەی ڕابوردوودا کارم لە سەر پۆلەسی پەیپەرێک کرد بۆ خانەی بیری ئەڵمانی فردیدریک ئیبەرت شتوفتینگ، لە سەر پەرلەمان. لیرەدا باسی کارەکە ناکەم چونکە بە کوردیش دەکەوێتە بەردەستی خوێنەر، هەروەها بە ئینگلیزی و ئیتالیش. ئەوەی لێرەدا باسی دەکەم چەمک و دەزگای پەرلەمانە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان. بۆچی ئەم دەزگایە لە هەموو جێگاکان لاوازە و لە زۆر جێگای مایەی رق و بێزارییە.
دیارە شایانی باسە رق لە پەرلەمان تەنها پەیوەست نیە بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یان کوردستان بەڵکو دیاردەیەکی جیهانیە، بەڵام بە شێوازی جیاواز. پەرلەمان وەک دەزگایەک و چەمکێک بەستراوە بە دوو چەمکی ترەوە کە لیبرالیزم و دیموکراسین. بە هەبوونی لیبرالیزم لە گەڵ دیموکراسیدا پەرلەمان دەتوانێت کارابێت. لیبرالیزم یانی بوونی گومانی هەمیشەیی لە حکومەت و دەوڵەت بەوەی کە مەترسین بۆ سەر ئازادی تاک بۆیە دەبێت هەمیشە لە ژێر چاودێریدابن بۆئەوەی دەسەڵاتی زۆر کەڵەکە نەکەن و ئازادی تاک پێشێل نەکەن. ئەگەر لیبرالیزم و دیموکراسی و پەرلەمان پێکەوە گرێبدەین دەتوانین بڵێین کە سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی یانی داننان بە هەبوونی جیاوازی و پشێوی لە هەناو کۆمەڵگادا، هەروەها داننان بەوەی کە چارەسەرێک نیە کە هەموو پێی دڵخۆش بێت، بۆیە لە ئەنجامدا سیستەمی پەرلەمانی دیموکراسی یانی پشێویی، سیستی، دیبەیت، سەرنەگرتن، خاو و خلیچکی، سەرنەکەوتن. بۆیە دەڵێن دیموکراسی هەمیشە پشێوییە، ئەگەر دەتەوێت هەموو شتێک ڕوون بێت و بێ کێشەبێت هەموو ناچاربێت بەبێ گومان جێبەجێیی بکات ئەوا دیکتاتوریەت چارەسەرە. بۆیە سەیرنیە ئەوانەی کە ڕەخنە لە پەرلەمان دەگرن پشتیوانی دیکتاتۆریەت دەکەن، بۆ نموونە کارل شمیت، لە ڕۆژگاری پڕ قەیرانی کۆماری ڤایمەردا، کە دوو کتێبی نوسیوە پەیوەست بەم بوارە، یەکێکیان ڕەخنە لە پەرلەمان، یەکێکیشیان پشتیوانی لە دیکتاتۆریەت.
کەواتە بۆ ئەوەی کاری سیاسەت بە خێرا بەڕێوەبچێت، بێ کێشەبێت، کەس بۆی نەبێت بۆڵەی لێوەبێت، یان بە زمانی کارگێڕی قسەبکەین ئیفیشێنت بێت، ئەوا دیموکراسی و پەرلەمان و لیبرالیزم نەگونجاوە.
بەڵام ئەگەر پەرلەمان و دیموکراسی خۆی هەمیشە کراوەیە بۆ قەیران و نەگونجان و کێشە، تەنانەت لە وڵاتانی رۆژئاواشدا، ئەوا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان دۆخەکە بە چۆرێکی ترە. پەرلەمان لە ئەم ناوچەیە، نەک تەنها لە لایەن خەڵکەوە، بەڵکو لە لایەن دەسەڵاتیشەوە مایەی رق لێبونەوەیە.
وەک لە تیزی دوکتۆراکەمدا تیوریزەم کردوە، دەسەڵات لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی عەرەبی سێ خەسڵەتی هەیە، یەکەمیان بنەماکەی دەگەڕێتەوە بۆ تەنزیماتی عوسمانی، کە کۆمەڵێک گۆڕانکاری ئیداری و هەرێمی ئەنجام ئەدات لە پێناو رزگارکردنی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی لە بەردەم مەترسی فشاری مۆدێرنەدا. ئەم گۆڕانکارییانە دەبنە بنەما بۆ ئەو دەستکارییانەی کە پاشان کۆلۆنیالیزمی ئەوروپی بەکاری دەبات بۆ رێکخستنی ناوچەکە لە شێوەی دەوڵەتی مۆدرێنی تیرەتۆریی. هەردوو تەنزیمات و ئەوروپیەکان لە گەڵ نوخبە لۆکاڵەکاندا دەست بەکاردەبن بۆ دروستکردنی نوخبەی حوکمڕانی کە بتوانێت حوکمیان بۆ بکات و دەسەڵاتی ئەوان بە ناڕاستەوخۆ درێژە پێبدات. لە ئەنجامدا تێکەڵەیەک لە مۆدرێن و ترادیشیون دروست دەبێت. ئەم تیکەڵەیە خەسڵەتی خۆی هەیە، کە بەریەککەوتن و دیالیتیک و هایبرید دروست ناکات بەڵکو هاوتەریبی دروست دەکات، بە فۆرمێکی پلەبەندی. لە ئەنجامدا خەسڵەتی پێش مۆدرین لە گەڵ مۆێرندا پێکەوە دەبن لە پانتایی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیدا.
دەرکەوتەی ئەم شێوازە زۆرە، وەک جەیمس بڵ لە دۆخی ئێراندا باسی دەکات پێکەوە کارکردنی فەرمی و نافەرمیە، یان ئەوەی لە هەرێم هەیە، دەسەڵاتداری نابەرپرس؛ بەو مانایە کە دەسەڵاتی هەیە بەڵام بەرپرسیارێتی نیە.
ئەم خەسڵەتە لە پەرلەمانیشدا ڕەنگ دەداتەوە. پەرلەمان وەک ناوەندێک خەڵک کە بەزۆری دەیانەوێت وەک دەزگایەکی مۆێرن بەڕێوەبچێت، ونوخبەی دەسەڵات وەک ناوەندێکی تەقلیدی یان کلک و گوێکراو. لە ئەنجامدا پەرلەمان دەبێتە ناوەندێک کە چاوەڕوانی خەڵک لە گەڵ خواستی دەسەڵاتدا بەریەک دەکەون. لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵك دەخوازن پەرلەمان بریتی بێت لە دەزگایەکی کاریگەری، یاسا داڕێژەری، چاودێری کارا، بەڵام دەسەڵات دەخوازێت پەرلەمان بریتی بێت لە دەزگایەکی کار ئاسانکەر بۆ حوکمرانی لە هەرێم. بۆیە ئەگەر لە ئەندازیاری پەرلەمان بنواڕیت دەبینیت زیاتر ڕەنگدانەوەی هەیکەلیەتی حکومەتە نەک کۆمەڵگا. بەو مانایە پەرلەمان نابێت ئەو دەزگایە بێت کە کۆمەڵگا بە جیاوازی پێکهاتەکانیەوە تیایدا ڕەنگ بداتەوە لە بەرامبەر دەسەڵاتەکانی تری جێبەجێکەر و دادوەری و سەرۆکایەتی. بۆیە لە ئەنجامدا بەریەککەوتنێک هەیە لە نێوان ئەوەی خەڵک چاوەڕێی دەکات لە پەرلەمان و ئەوەی دەسەڵات دەیخوازێت. لە ئەنجامدا پەرلەمان لە لایەن هەردوولاوە دەبێزرێت.
لە کاتێکدا وەک مێژوو پێمان دەڵێت هیچ سیستەمێکی تر نیە هێندەی سیستەمی دیموکراسی پەرلەمانی سەقامگیر و کار ئەنجامدەر. ئەگەر بە خێرایی بەراوردێک بکەین. لە کۆتایی بیستەکانی سەدەی ڕابوردو دۆخێک هەبوو هاوشێوەی ئەمڕۆ، کە لیبرالیزم لە قەیراندا بوو. لە ئەنجامدا خیتابی چەپ و ڕاست هەردوو داوای گۆڕانکاری ڕادیکاڵیان دەکرد. لە زۆر شوێن گەشتنە دەسەڵات. بەڵام لە هیچ کوێ نەیانتوانی جگە لە برسێتی و وێرانە و کردنی وڵات بە بەندیخانەیەکی گەورەی پڕ ئازار هیچ شتێکی تر بەرهەم بهێنن.

07/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر