ترەمپ و کورد

د. سه‌ردار عه‌زیز
تویتەکەی ترەمپ جارێکی تر کوردی ھەژاندەوە، بەڵام تراژیدیای گەورە ئەوەیە کە کورد ناھەژێت. لێرەدا چەند خاڵێک دەخەمە بەرچاو بە ئامانجی دەستەبەرکردنی پاشخانێک بۆ ئەم پەشۆکانە.

یەکەم: ئەمە یەکەم جارنیە کە ترەمپ دەیەوێت لە سوریا بکشێتەوە، پێشتر لە مانگی سێ ئاماژەی بە کشانەوە لە سوریا دابوو. ترەمپ ئەو کاتە ووتی بەم زوانە.

دووەم: ھەر لە سەردەمی ئۆباماوە ئەمریکا کێشەی ھەبووە کە چۆن لە گەڵ سوریادا مامەڵە بکات، بە بیرھێنانەوەی پرسی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی و ھێڵی سور، دەرخەری ڕاڕایی ئەمریکایە بەرامبەر سوریا.

سێیەم: بەڵام کشانەوەی لەمجۆرە یان پێدانی رۆژئاڤا بە ئەردۆغان خواستی ترەمپە تەنانەت خواستی ئیدارەکەشی نییە، نەک خواستی ئەمریکا. ئەمە بەسە بۆ ئەوەی ئەو ئەفسانەیە لە گۆڕبنێت کە لە لە دونیای کوردیدا باوە و ساویلکانە دووبارە و دووبارە دەکرێتەوە، ئەویش ئەمریکا وڵاتێکی دەزگاییە.سەرباری ئەمە ئەمریکا ھەرگیز نەیوت ھەمیشە لە سوریا دەمێنێتەوە، جەیمس جێفری ھەنگاوەکانی باش نەبوون، پەیەدەی وەک حیزبولڵا لە قەڵەمدا.

چوارەم: پێشتر ترەمپ پاشەکشەی پێکرا، ئێستاش ھەموو ئاماژەکان بەو ئاراستەیەن، بەڵام ترەمپ بە ئاشکرا پاشەکشە لە بڕیارەکە ناکات، بەڵکو بە دروستکردنی دۆخێک کە نەبوونی ھیچ کاتێکی دیاریکراو، دروستکردنی ئاڵۆزی لە دەرەوەی پرۆسەکە. ترەمپ لە پرسی دیوارەکە ھەفتەی پێشوو ووتی من شانازی دەکەم کە حکومەت پەکبخەم، ئێستا دەڵێت دیموکراتەکان حکومەت پەکدەخەن. درۆکردن کرۆکی سیاسیە شەعبەوییەکانە.

بۆچی ترەمپ ئەم کارەی کرد:

یەکەم: ترەمپ ھەمیشە لە گەڵ ئەوەدا نەبوو کە سوپای ئەمریکی لە سوریا بێت.

دووەم: بۆ دروستکردنی دۆخێک کە فشارەکانی تر لاببات، وەک پێنەدانی پارە بۆ دروستکردنی دیوارەکەی، مۆلەر، روسیا.

سێیەم: ئەمریکا چیدی گرنگی نادات بە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئۆباما بوو ووتی کە ئەمریکا نەتەوەیەکی پاسفیکە.

سێیەم: وەرچەرخان بەرەو تورکیا لە میانەی فشارەکان لە سەر سعودیە.

چوارەم: بۆ فرۆشتنی ھەندێک چەک.

ئایا جێبەجێ دەکرێت؟

خوێندنەوەی نامەکەی جیم ماتیس ئاماژە بە ئەوە دەکات کە ناڕەزایی دەربارەی ئەم پرسە لە باڵاترین ئاستدا لە ئارادایە. نەدانی ھیچ لێدوانێک لە پنتاگۆن و ناوەندەکانی ترەوە ئەنجامدانی کارەکە دەخاتە گومانەوە، ئاماژە بەئەوە دەکات کە ترەمپ دەڵێت بەڵام مەرج نییە جێبەجێ بکرێت. لە کاتی قسەکردنی ترەمپ و ئەردۆغاندا، جۆن بۆلتن لە سەر خەت بوو، ترەمپ پێی وت ئەنجامی بدە، بەبێ ھیچ پەیوەندییەک بە پۆمپییو و ماتییەس.

ھەنگاوەکە پشێویی دروستکردوە، پشێویی ئەو دۆخەیە کە ترەمپ حەزیی لێیەتی، ترەمپ لە ماوەی پێشوودا سیاسەتی بەمجۆرە بووە. کاتێک ھەر پرسێکی جوڵاندبێت، ھەرایەکی لە سەر دروستکردوە، دونیای بە تویت ھەژاندووە، بەڵام بە گشتی زۆر کەم لە سەر ئەرزی واقیع گۆڕاوە، ھەر لە پرسی گواستنەوەی باڵوێزخانە بۆ قودس ھەتا ئابلۆقەی ئێران.

بۆیە گومان ھەیە جێبەجێ بکرێت. بەڵام وەک جێفری ئاماژەیپێکرد ئەمریکا دەیەوێت سوریا دەستوری ھەبێت، پەیەدە پارتێکی سیاسی سوری بێت، ھەتا لە ڕێگایەوە فشار بکەن. ئەمە مۆدێلی عێراقە، بەڵام سوریا عێراق نییە.

چی بکرێت باشە؟

پلانی ئەمریکا بۆ سوریا بە مۆدێلی عێراق، بۆ سوریا سەرناگرێت. کورد دەبێت بیر لە رێگای تر بکاتەوە، ئەمریکا ھەمیشە ئاماژەی بە ئەوەداوە کە پەیوەندییەکی کاتی و تەکتیکییە، ئێستا کاتی ئەوەیە کە کورد شاندێکی ھەبێت و باس لە پرۆسەی ئاشتی بکات، لە ئەوروپا و ئەمریکا. ئێستا ئەمریکاییەکان لە قۆناغی پرۆسەی ئاشتین لە یەمەن، ھەروەھا لە گەڵ تاڵیباندا. ئەم قەیرانەی ئێستا دەبێت بۆ فشاری ئاشتی بەکاربێت، بەڵام ئەگەر شاندێکی کوردی بەرفراوان ھەبێت لە باکور و باشور و رۆژئاڤا، کاریگەری زۆرتر دەبێت. جیاوازییەکانی نیوان کوردانی پارچەکان جیاوازی درۆیینەو شەخسیین، نیشانەی بچکۆلەیی سیاسیی کوردن نەک جیاوازی تر، ھیچ نەبێت با ئەم قەیرانە بتوانێت تێیپەڕێنێت.ئەوروپا لە دۆخێکی خراپدایە، ناتوانێت خۆی بپارێزێت و ھەتا بێت باوەری بە ئەمریکا نامێنێت بۆیە دەکرێت بە ئاسانی بکرێتە ھێزێکی پشتیوان. ئێمە گەر داوای پرۆسەی ئاشتی بکەین پێشوازی زیاتر دەبێت لە پاراستن و جەنگکردن.

ئەم قەیرانە سەختە، بەڵام بۆ یەکەمجارە کاریگەری ھەیە لە سەر ئاسایشی ئەوانی تریش. بۆیە دەکرێت دەرفەتێکیش بێت ئەگەر عەقڵێکی باڵا ھەبێت.ھاتنی تورک کارێکی ترسناک دەبێت، چونکە تورک لە تەل عوبەیدەوە دێنە ناوەوە، ھەتا زیاتر بکشێن عەرەبێکی زۆر دەھێنێت کە ئاوارەن لە تورکیا بە مەبەستی گۆڕینی دیموگرافی ناوچەکە وەک ئەوەی لە عەفرین ئەنجامیدەدات.

 


Save

Share
7

23/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر