توێژاڵەکانی قەیرانی بەسره

د. سه‌ردار عه‌زیز
بەسرە قەیرانێکی فرە ئاستە بۆ عێراق و ناوچەکە. لە چەندین ئاستدا پەیوەندی بە کوردەوە هەیە. لێرەدا بە خێرایی چەند سەرە قەڵەمێک لەوبارەوە دەخەمە بەرچاو. چەند ڕۆژێک لەمەوبەر لە فەیسبوکەکەمەوە لە ڕای هاوڕێیانم پرسی، وەک جۆرێک لە ڕاپرسی، ڕاو بۆچونەکانی ئەوان بەشێکن لە هەڵسەنگاندنی دیدی من بۆ دۆخەکە.
یەکەم، بەسرە، لە سەرەتای دروستبونی عێراقەوە ناڕازی بوە کە ببێتە بەشێک لە عێراق. ئەم سەرەتایە هەتا ئەمڕۆ درێژەی هەیە. دەکرێت پاڵنەری سەرەکی بەسرە ئابوری بێت پێش هەموو شتێکی تر. بەڵام ئابوری بوونی ئەم خواستە تەنها بە زمانی ئابوری دەرنابڕدرێت. بەڵکو بە زمانی نادادپەروەری و خراپی حوکمڕانی و نەبونی خزمەتگوزاری و دووری حکومەتی ناوەندی زۆر هۆکاری تریش، کە هەمویان بەشێکن لە ئاڵۆزییەکە. هەروەها لە میانەی کاتدا ئەم خواستە ئابورییە دەبێتە کەلتور، چونکە ڕوداو و یادەوەری و شوناسی بۆ بەرهەم دێت.
دووەم، بەسرە شوناسێکی هەیە، کە لە قەیراندایە، لە گەڵ سەرتاپا دەوروبەریدا. بەسراویەکان خۆیان لە ئەو خەڵکانە جودا دەکەنەوە کە لە ماوەی شانزە ساڵی ڕابوردوو یان پێشتر کۆچیان بۆ ئەو شارە کردوە، بە هۆکاری وشککردنی هۆڕەکان، بە شاربونی عێراق، کۆتایی ژیانی کشتوکاڵی بە هۆی جەنگ و نەبونی ئاو و نەخۆشی هۆڵەندیەوە. ئەمە جۆرێکە لە پەرتبونی لە هەناو شارەکەدا دروستکردوە. ئەم شوناسی جێگە بچکۆلەکان لە بەرامبەر شوناسی گەورە، خەسڵەتێکی ئاڵۆزی عێراقە. ئەم دیاردەیە لە موسڵ و سلێمانیش بە زەقی دەبینرێت.
ئەم خەڵکە کۆچکردوانە دژ بە خواستی بە هەریمبونن چونکە دەترسن پاشان لە ناوچەکە وەدەربنرێن. ئەگەر ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتوانی بەسرە خۆی لە ٤ ملیون کەس دەدات ئەوا نزیکەی نیوەی دەرەکین.
سێیەم، بەسراوییەکان لە گەڵ دەوڵەتی کوێتتدا پەیوەندییەکی خراپیان هەیە چونکە کوێت وەها دەبینن کە دژایەتی بەسرە دەکات، لە داڕشتنی سنور و هەروەها لە کێشەی بەندەرەکاندا.
چوارهەم، ئێران لایەنێکی باڵادەستە لە پارێزگاکەدا. بەرژەوەندی ئێران لە گەڵ هەرێم و زەمینەسازی بۆ جودابوەنەوە نیە. بۆیە لە نێوان خەڵكی بەسرە و ئێراندا پەیوەندییەکە باش نیە. وەک لە رووداوی سوتانی قونسوڵخانە و چەندین روداوی تردا بینیمان.
پێنجەم، میلیشیا و سەرۆک عەشیرەتەکان کۆمەڵە هێزێکی کاریگەرن لە ئیدارە و داڕشتنی سیاسەتی پارێزگاکەدا. ئەم هێزانە، هەریەکە و ئامانجی خۆی هەیە. بەڵام ئامانجی سەرەکییان پێداویستیە بۆ پارە. ئەمەش وەهایکردوە کە بڕێکی زۆری داهاتی پاریزگاکە بۆ ئەمانە بچێت بەبێ ئەوەی بچێتە خانەی خزمەتی شارەکەوە.
شەشەم، بەسرە کێشەی ئاوی سوێر، نەمانی کشتوکاڵ، پیسی ژینگە، لە گەڵ نەبونی خزمەتگوزاری هەیە هەموو ئەمانە وەها دەکات کە بەسرە ناچاربێت کە پەیوەست بێت بە دەوروبەرییەوە، بە تایبەت لە کورتخایەندا.

ئەگەر ئەو خاڵانەی سەرەوە دەربڕی واقیعی پاریزگاکەن ئەوا مەترسیەکانی داخوازی خەڵکی بەسرە چیە؟
یەکەم، نوخبەی شیعە بە گشتی وەها بیردەکەنەوە کە عێراق لە بەردەم سێ ڕیانێکدایە: یەکەم، بێ دەوڵەتی، دووەم، پەرتبوون، سێیەم، دەوڵەتێکی بەهێز. دیارە زۆربەی هێزەکان لە هەوڵی دەوڵەتی بەهێزدان، هەریەک بە دیدی خۆی. ئەم بوونی دوو بژاردەی خراپ، بە دیدی ئەوان، لە گەڵ یەک بژاردەی باشدا، وەها دەکات کە خواستی فیدڕاڵبوون بە مەترسی ببینن.
دووەم، فیدرالی بە کورتی یانی سەربەخۆیی ئیداری و پێکەوەیی سیاسی. بەڵام لە وڵاتێکی وەک عێراقدا ئیدارە و سیاسەت و ئابوری و سەربازی هەموو بەیەکدا چوون، بۆیە جیاکردنەوەی پێویستی بە عێراقێکی نوێیە. ئەم هەنگاوە بە مەترسی دەبینرێت، بەتایبەت کە موسڵ و سوننەش خواستی فیدڕاڵیان هەیە. 
سێیەم، جودایی بەسرە وەها دەبیرێت کە دەبێتە هۆکاری کۆتایی عێراق، ئەگەر نەشبێت ئەوا دەبێتە هۆکاری عێراقێکی هەژار. بۆیە کورد نەبێت ئەستەمە ئەوانی تر پاڵپشتی خواستی بەسرە بکەن.

هەڵوێستی کورد
ئەگەر وەڵامی هاوڕێکانم وەک سامپڵێک وەربگرین ئەوا زۆریەنی زۆر لە گەڵ بە هەرێمبوونی بەسرەدان. ئەم خواستە وەها دەبینرێت کە مافیانە، دەبێتە هۆکاری عێراقێکی لاواز، کە بۆ کوردستان باشە، یان دەبێتە هۆکاری کۆتایی عێراق کە دیسانەوە لە سودی کورددایە. بەڵام کەس ئەو ئەگەرەی لە بەرچاو نەگرت، ئەگەر هاتوو بەسرە جودابوە و عێراق پەرت نەبوو، ئەوا کورد زیاتر زەرەمەند دەبێت لەم پرۆسەیە. بەڵام بە گشتی هەرێمبوون هەنگاوێکی پۆزەتیفە. ئەوەی نوخبەی عەرەبی ترساندوە دەستورە کە وەهای دەبینن کە تیایدا مافی هەرێمەکان زۆرجار زیاترە لە ناوەند.
نەمانی بەندەر یان بە لاندلۆکبونی عێراق زیانی بۆ کورد هەیە لە ڕوی بازرگانی و ئابوری و سیاسیەوە.

خواستی بەسرە و ئەوانی تر

ئەمرۆ کۆمەڵێک زۆر لە جەنگ بەڕێوەدەچێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یەکێک لەو جەنگانە جەنگی بەندەرەکانە؛ بەسرە بەدەرنیە لەو جەنگە. هەندێک لایەنی عێراقی بڕوایان وەهایە کە گەشەی بەسرە دەبێتە هۆی لاوازی دوبەی وەک ناوەندێکی ترانزێت، بۆیە ئیماراتیەکان پێیان باش نیە کە بەسرە ببوژێتەوە. یان پێیان باشە لە عێراق جودابێتەوە چونکە ئەو کاتە بەندەرێکی کاریگەر نابێت. شەڕی ئیماراتیەکان لە یەمەن و جێگاکانی تر زیاتر هەر بۆ ئەو مەبەستەیە، لە کاتێکدا پێش هەموان هەنگاویان بەرەو ئابوری پۆست -نەوت ناوە لە ناوچەکەدا.

عێراق چیدەکان
حکومەتی عێراق دەسەڵاتی لە بەسرە لاوازە. هەتا بێت زیاتر ناوەندی دەبێت. ئەمەش بە پێکەوە گرێدانی هەردوو دیموگرافیا و نەوت، عێراق دەخاتە بەردەم کێشەی زۆرەوە. حکومەتی ئێستا بۆ چارەسەری ئەم کێشەی هادی عامری کرد بە بەرپرسی باڵا لەو پارێزگایە وەک نوێنەری سەرۆک وەزیران. ئەمە لە کاتی سەردانی سەرۆک وەزیران هاتە ئاراوە و ئەم ڕۆژانە جێبەجێکرا. ئەم هەنگاوە مایەی ناڕازی هیزەکانی تری شیعەیە. ئایا چ دەرئەنجامێکی لێدەکەوێتەوه؟

کۆتایی
چارەسەی کێشەی بەسرە، لە ئاستی ناوخۆیی و نیشتمانی و ناوچەییی و نێودەوڵەتیدا ئاڵۆزە. بەتایبەت پاش کردنەوەی مەلەفی داڕشتنەوەی سنوری نێوان عێراق و ئێران بە پێی رێککەوتنی جەزائیر، کە لە ڕاستیدا جێبەجێکردنی ڕێککەوتنێکی کۆنی ترە کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩١٣ لە نێوان تورک و ئێراندا. بەسرە و عێراق کیشەی خواردن، ئاو، وزەیان هەیە. ئێران دابینکەری هەموو ئەمانەیە. ئایا ئابلۆقەی ئەمریکا چۆن کاریگەری دەبێت لە سەر ئەم دۆخە؟ ئایا سەرهەڵدانەوەی قەیران چۆن دەقۆزرێتەوە بە تایبەت ئەگەر ململانێی کەنداو و ئێران ئاڵۆزتربێت. نوخبەی سیاسی ئەمڕۆی عێراقی لە هەندێک هەوڵدان کە دەکرێت هەنگاوی باش بێت بەڵام بیدەسەڵاتیی ڕەنگە ببێتە هۆکاری فەراهەم نەبونیان. بونی عێراق بە خاڵی گەیاندنی نێوان وڵاتانی کەنداو و ئێران، ڕۆڵێکە کە نەبیه بەریش پێشنیاری کرد، بەڵام فەراهەمکردنی ئەستەمە.

18/04/2019



وتارەکانی تری نوسەر