چۆن لە سەرۆکی ئەمەریکا بگەین؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە دونیای کوردیدا هەرکاتێک باس لە ڕۆڵی سەرۆکی ئەمەریکا دەکرێت، دەستوبرد دەربڕینێکی ئامادە بە ڕوتدا دەتەقێتەوە: ئەمەریکا وڵاتی سیستمە سەرۆک هێندە ڕۆڵی تیادا نییە. ئەم ڕستە ئامادانە، دیاردەیەکی کوشندەی عەقڵیین. پێش هەموو شتێک سیستم وشەیەکی ناڕوونە. ئەگەر سیستم لە کۆمەڵێک دەزگا پێک دێت، ئەوا لە زمانی کوردیدا چەمکی دەزگا ئێجگار ناڕوونە. لە ڕاستیدا لە دونیای مەعریفەدا چەمکی دەزگا بە تەواوی ناڕوونە.

ئەگەر ئەمەریکا وڵاتی دەزگا بێت، ئەوا سەرۆک دەزگایە. سەرۆک بەشێکی سەرەکیی سیستمی سیاسییە. لەم نووسینە کورتەدا دەمەوێت بە دەر لە دیدە گشتییەکان باس لەو ئەدەبیاتانە بکەم کە بۆ ئەم بوارە تەرخان کراوە. توێژینەوە لە سەرۆک لە ئەمەریکا بوارێکی ئێجگار فراوانە و لە ڕوانگەی جیاوازەوە، بە شێوەیەکی بەردەوام کاری لە سەر دەکرێت. بە گشتی دەکرێت بوترێت سێ دید هەیە: دیدێکی تەقلیدی کە بڕوای وەهایە پێگەی سەرۆک ناوەندێکە بۆ پێکەوەگرێدانی خەڵک یان کۆمەڵگا و حکومەت یان دەستوور.

ئەم دیدە گەشبینە لە چەند دەیەی ڕابردوودا بە دیدێکی تەواو پێچەوانە جێگەی گیراوەتەوە ئەویش دیدی ئەوەی کە پۆستی سەرۆک لە هەناو سیستمی سیاسیی ئەمەریکیدا پۆستێکی ترسناکە. لەبەر گەورەیی و کاریگەری، پۆستی لەو جۆرە نابێت هەرگیز لە دەستی تەنها کەسێکدا بێت.

دیدی سێیەم کە زیاتر جێگەی سەرنجە دیدی ستیفین سکۆرنێکە. ستیفین یەکێکە لە لێکۆڵەرەوە ناسراوەکانی بواری سەرۆکایەتی. ئەو چەمکەی سکۆرنێک چەمکی کاتی سیاسییە. مەبەست لە کاتی سیاسی ئەوەیە کە کات لە سەر بنەمای سیاسی پۆلێن بکرێت، جودا لە کاتی عەلمانی. کاتی عەلمانی کاتی ژمێردراوە، بەڵام کاتی سیاسی کاتی ڕووداوییە. ئەو بڕوای وەهایە ئەم کاتە سیاسییانە دابەش دەبن بە سەر چەند قۆناغێکدا، کە لە ئەنجامدا سوڕێک درووست دەکەن.

قۆناغەکانی ئەم سوڕە بۆ تێگەیشتن دەکرێت لە هەر سەرۆکێکەوە دەست پێ بکەین. بۆ نموونە گەر لە فرانکلین ڕۆزڤیڵتەوە دەست پێ بکەین، لای سکۆرنێک ڕۆزڤیڵت یەکێکە لەو سەرۆکانەی کە بە بونیادنەرەوە پۆلێن دەکرێت. ئەم سەرۆکانە لە ساتەوەختێکدا دێن کە زەمینەی ئەوە لەبارە هەتا بتوانن سیستمی سیاسی لە سەر وێنای خۆیان بونیاد بنێنەوە. لە سەردەمی نوێدا ڕۆناڵد ڕێگن هاوشێوەی ڕۆزڤێڵت سەرۆکە. کۆمەڵێك تێما هەیە کە ئەم سەرۆکانە لە سەری کار دەکەن کە پێکەوە ئاگایی بنەڕەتی سیستمی حوکمڕانیی ئەمەریکی پێک دەهێنێت، یان ئەوەی کە دەتوانین پێی بڵێین ئایدەلۆژی ئەمەریکی. ئەم تێمایانە بە گشتی خۆی لە ڕۆڵ و پێگەی حکومەتدا دەبینێتەوە. ئایا حکومەت بچووک بێت یان گەورە؟ ئایا حکومەت کێشەیە یان چارەسەر؟ سەرۆکی لەمجۆرە کاریگەریی گەورە لە سەر سیاسەتی وڵات جێدەهێڵن، بە جۆرێک قۆناغێک دادەڕێژن کە لە دوای نەمانیشیان درێژەی دەبێت. بۆ نموونە ئۆباما لە سەردەم یان قۆناغی ڕێگندا بوو، بۆیە بێتوانا بوو لە ئەنجامدانی ئەوەی دەیویست. خۆی ئاماژە بە ئەوە ئەدات کە ڕەنگە لە کاتی خۆیدا نەهاتبێت.

لە پاش قۆناغی بونیادنەرەوە ئەو سەرۆکانە دێن کە درێژەپێدەر و کەم کاریگەرن، بۆ نموونە هاری ترومان پاش ڕۆزڤێلت و بۆشی باوک پاش ڕێگن. ئەم جۆرە سەرۆکانە تەنها درێژەپێدەرن، زۆر بە کەمی کاریگەرییان هەیە. پاش ئەم سەرۆکە هاکەزاییانە، سەرۆکی پێشینەیی یان پری-ئێمتیڤ، ئیستیباقی دێت. دویت ئایزنهاوەر و بیل کلینتۆن لەمجۆرە سەرۆکانەن. ئەم سەرۆکانە وەک سەرۆکی ئۆپۆزسیون یان جیاواز دێن بەڵام هەرزوو سیمای سەردەمەکەیان بۆ دەردەکەوێت بۆیە بنەما سەرەکییەکانی ئۆرسەدۆکی بونیاد دەنێن. ئەمە ئەگەر لە جێگایەکی تر لێی بنواڕین بۆ نموونە تۆنی بلێر درێژەپێدەری تاتچەرە.

لە پاش ئەمانە ئەو سەرۆکانە دێن کە باوەڕدارن بە ئۆرسەدۆکی سەردەمەکە یان بەهاکانی سەردەمەکە و دەیانەوێت خزمەتی بکەن، کەسانی وەک کەنەدی و بۆشی کوڕ. لە پاش ئەمان جارێکی تر سەرۆکی پێشینەیی دێتەوە، کە ئۆباما نموونەی دیاریەتی هەروەها نیکسۆنیش. ئەم سەرۆکانە دەیانەوێت گۆڕانکاری بکەن، بەڵام کاتی گۆڕانکاری لەبار نییە، بۆیە سەرباری هەوڵیان، بە تایبەتی ئۆباما، بەڵام سەرکەوتوو نابن لەوەی گۆڕانکاریی کاریگەر بکەن لە سیستمەکەدا. ئەوەی دوای ئەمانە دێت ئەو ناوی دەنێت دابڕ یان دیسجەنکتیڤ. سەرۆکی لەمجۆرە کارتەر و هەروەها ترەمپیش لەمجۆرە سەرۆکەیە. ئەم سەرۆکانە هێندە باوەڕیان بە ئۆرسەدۆکی نییە، بەڵام لاواز و بێتوانان لە بەردەم قەیرانەکاندا.

ئەم تیورەیە لە زۆر ڕووەوە دەچێتەوە سەر تیورەی بونیادەکانی شۆڕشی زانستیی تۆماس کوهن. هەروەها دەچێتەوە سەر ئەو تیورە زۆرانەی دەربارەی پەیوەندیی نێوان دەزگا و گۆڕان. بە گشتی چەند خاڵێک جێگای سەرنجە:

یەکەم، ئایا ڕووداو و دۆخەکە گۆڕانکاریی درووست دەکەن یان کەسەکان. ئەم دیدە پێمان دەڵێت هەماهەنگیی نێوان هەردووکیان بەڵام بە بوونی ئاگایی بە ساتەوەختی سیاسی.

دووەم، ئەوەی جێگای سەرنجە کە گۆڕانکاری تەنها کاتێک ڕوو دەدات کە قەیرانەکان گەورە و هەمەلایەنن. وەها دیارە خەڵكی بە گشتی کۆیلەی خو و داب و عادەت و نەریتن. لە ڕاستیدا ئەمە کرۆکی پڕۆسەی یاسایە. یاسا بۆ ئەوەیە کە داب و نۆرمی کەسەکان بگۆڕێت. لە زۆر جێگای دونیا پاکوخاوێن ڕاگرتنی جێگا گشتییەکان سەرەتا لە سزاوە دەستی پێ کرد، سزادانی هەر کەسێک کە شت فڕێ بدات، پاشان بوو بە نەریت.

سێیەم، سیستمی ئەمەریکی بە گشتی پارێزەرە، دەبینیت دیموکرات تەنها لە ساتەوەختەکانی قەیراندا دێت. ئەم نەریتی پارتی دەسەڵات و پارتی ئۆپۆزسیۆن بە گشتی مۆدی سەرەکیی زۆر لە دیموکراسییەکانی دونیایە.

چوارهەم، وەرچەرخان هەمیشە گەشە دەکات هەتا دەگاتە ساتەوەختی گەیین. بەڵام پێش ئەوە ساتەوەختێکە کە هەستی پێ دەکرێت، داوا دەکرێت، فشاری بۆ دەکرێت، بەڵام هێشتا پارادایمە کۆنەکان زاڵن.

ئەم دۆخە زۆرجار نائومێدی و بێزاری و تراژیدی بەرهەم دەهێنێت.

04/06/2019