شەڕی ناوخۆی کوردی؟!

د. سه‌ردار عه‌زیز



چەند ساڵێک لەمەوپیش خانەیەکی بیری ئەوروپی داوای لێکردم پۆڵەسی پەیپەرێکیان دەربارەی پێشمەرگە بۆ بنوسم. لەو نوسینەدا ئەو چەمکەی کە دامڕشت بۆ کار لە سەر کردن چەمکی شەڕی ناوخۆی نەرم بوو، soft civil war.

 
چەمکەکە لە لایەن تیمی ڕیفۆرمی پێشمەرگەشەوە وەک چەمکێکی گرنگ وەرگیرا، بە تایبەتی بەریتانییەکان.

 
شەڕی ناوخۆی کوردی شەڕێکی بیرلێنەکراوەیە. بە گشتی شەڕی ناوخۆ لە دونیادا ئەوەندە بیرلێکراوەنیە، لە بەر کۆمەڵێک هۆکاری تایبەت و ئاڵۆز. لەوانە، شەڕی ناوخۆ خوێناویترین و پڕ ئازارترین شەڕە. لە سەردەمی ڕۆمانەکانەوە هەتا ئەمڕۆ هەموو ئەدەبیاتەکان وەها دەڵێن. دووەم، شەڕی ناوخۆ بە ئاسانی تەواونابێت. کاتێکیش تەواو دەبێت، بە شێوازی جیاواز درێژەی دەبێت. سێیەم، زۆرجار باسکردنی شەرمەزارییە، بە تایبەتی زۆرێک لە بیرمەندان دەبنە لایەنگر، بەڵام شەرم دەکەن کە لایەنگرن.

 
شەڕی ناوخۆی کوردی نزیکەی پەنجا ساڵە بەردەوامە. بۆ ئەوەی لەم مێژوە تێبگەین دەبێت لە شەڕی ناوخۆ وەها بنواڕین کە تەنها بریتی نیە لە شەڕی تەقە و سەنگەر، بەڵکو لە زۆر ئاستی تریشدا بەردەوامی هەیە.

 
چەمکی شەڕی ناوخۆی نەرمی کوردیم داڕشت، وەک چەمکێک بۆ تێگەیشتن و وەڵامدانەوەی پرسیاری ئەوەی کە بۆچی هێزەکانی پێشمەرگە یەکناگرنەوە.
شەڕی ناوخۆ نەرم یانی شەڕ تەواونەبوە، بەڵام بە شێوازی جیاواز لە ئاستی ئابوری، کۆمەڵایەتی، یادەوەری، ئەدەبیات، میدیا، پانتایی کۆمەڵایەتی مەجازیدا ڕودەدات.
بۆ ئەوەی جەنگی ناوخۆی نەرم درێژەی هەبێت، پێویستە ناو بە ناو گرژی و هەڵچون و جوڵانی هێز ڕوبدات، هەتا زەخیر بدات بە سوپا یان پێشمەرگە ئەلیکترۆنییەکان درێژە بە خەباتەکەیان بدەن. سوپای ئەلیکترۆنی یەکێکە لە کوشندەترین جۆری سوپا، کە زۆرێک لە کۆمەڵگا و وڵاتانی تەنیوە، لە نێویاندا کوردستانیش، بە تایبەتی زۆربەی خەڵکی کوردستان بێکارن و بەردەوام لە سەنگەرەکانی ئەم شەڕانەدان.

 
سوپای ئەلیکترۆنی، سەرچاوەی بژێوی زۆرێک لە خەڵكە لە کوردستان، ئەمە یەکێکە لە سەرچاوەکانی گەندەڵی.

 
ئەم ڕۆژانە شایەتحاڵی گرژییەکی ترین لە ملوانکەی شەڕی ناوخۆی کوردیدا. هەرجارێک گرژییەکان ووردە هۆکاری خۆی هەیە، بەڵام هەمیشە کۆمەڵێک هۆکاری گەورەی نەگۆڕ هەیە.

 
چونکە شەڕی ناوخۆ باشترین ڕێگایە بۆ وروژانی ڕەعیەت، هەمیشە سەرکردە نوێکان بە خیتابێکی توندەوە باوەش بۆ شەڕی ناوخۆ دەکەنەوە. شەڕی ناوخۆ لە بەر زامە قوڵەکانی و نەبونی پرۆسەی وەک بەرهەمهێنانی ئاشتی و چۆنێتی سازشکردن و گواستنەوە بۆ قۆناغی ناشەڕ، هەمیشە بە گەرمی لە لایەن جەماوەرەوە وەردەگیرێت.

 
دەکرێت بڵێین کە تاوانبار و زیانلێکەوتوی هەرە گەورە لە شەڕە ناوخۆکاندا هەمیشە خەڵکن. ئەم زیانانە لە نەوەکانەوە دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەکانی تر چونکە زۆربەی کۆمەڵگاکان ناتوانن بە سەر جوگرافیا بچکۆلەکان و جیوپۆلەتیکە تەسکەکانیاندا زاڵ بن.

 
هەژاری یەکێکی ترە لە هۆکارەکانی شەڕی ناوخۆ. لە کاتێکدا ئێمە بەرەوە قۆناغێکی بێپارەیی دەڕۆین، ئەوا مەترسی شەڕی ناوخۆی ڕەق زیاتر دەبێت. لە نەوەدەکان لە سەر برایم خەلیل شەڕ کرا.

 
بەڵام ئەوەی گرنگە بزانرێت ئەوەیە کە شەڕی ناوخۆ براوەی نیە. لە ڕابوردودا هێزە هەرێمیەکان لە دورەوە بە ریمۆت-کۆنترۆڵی تایبەتی خۆیان ئیدارەی شەڕی ناوخۆی کوردییان داوە. ئەمڕۆ ناوچەکە بە دۆخێکی زۆر ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و ئێمە لە سەردەمێکی جیوپۆلەتیکی جیهانییەوە دەگوێزینەوە بۆ سەردەمێکی تر. ڕەنگە ئێمە بتوانین شەڕ دەست پێبکەین، بەڵام درێژەپێدان و کۆتایی پێهێنانی بە دەستی کورد نابێت. خێرا ململانێیەکی وەها دەبێتە مایەی سەرنج و بەرژەوەندی ئەو هەمو هێزانەی کە بەرژەوەندییان هەیە لە ناوچەکەدا.

 
لە شەڕی ناوخۆدا لایەنی باش و خراپ نیە، هەمو لایەک تاوانبارە. چونکە ئەو ململانێیەی کە شەڕی لە سەر دەکرێت، دەبێت ئێستا ڕون بێت کە شەڕ شێوازی چارەسەری ئەم ململانێیە نیە.


17/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر