د. سهردار عهزیز
دۆخی هەرێم و عێراقیش ئاڵۆزە، بەڵام تاقانە و بێ وێنە نیە، نە لە ئاستی دونیادا و نە لە ڕوی مێژوییەوە. بەڵام ئەوەی هەستی پێدەکرێت ئەوەیە کە بۆچی ئەم دۆخە مەعریفە بەرهەم ناهێنێت. لە زۆر گروپ و پەیجی فەیس بوک و وەتس ئەپی عێراقی و کوردیدا بەشدارم، بەڵام دەکرێت تەنها وەک سەرچاوەیەک بەکاربهێنرێت بۆ زانینی دیدی کەسەکان و سەرچاوەیەک بۆ داتا بەرهەمهێنان، نەک وەک جێگا و پانتایی مەعریفی.
بە گشتی خەباتی کوردی بێ مەعریفە بووە. ئەم دیاردەیە لە ئێستاشدا بەردەوامی هەیە. بۆچی قەیرانی ئێمە بە مەعریفە ناکرێت؟ یەکەم وەڵام ڕوبەڕوت دەبێتەوە ئەوەیە کێ گوێی پێئەدات، یان دەسەڵات بەلایەوە جێی بایەخ نیە. لە ڕاستیدا ئەم وەڵامە زۆر نامەعریفی و بێمانایە. بەڵام لە هەمانکاتدا دەرخەری ئەوە ڕاستیەیە کە هەموو شتێک کاتێک بەهای هەیە کە دەسەڵات بە هێند وەریبگرێت. هەر لەم دیدەشەوە دەبینین زۆرترین قسە و هەڵا و هەرا لە سەر دەسەڵاتە. لە کاتێکدا دەسەڵات بە مانا فەلسەفییە زانستیەکەی بونی نیە. دەسەڵات لە ڕاستییەکی بەرهەمهێنراودا بەرجەستە دەبێت کە ئەوانی تر وەک ڕاستیەکی گومانلێنەکراو مامەڵەی لە گەڵدا دەکەن. کاتێک ئەم ڕاستیە بونی نیە، یان هەر بایەخ بە بەرهەمهێنانی نادرێت، ئەوەی بەرهەم دێت دەسەڵات نیە، بەڵکو پەیوەندی جەنگیی و گۆڕینەوەیە. لەم ڕوەوە ئاسایش و ئابوری دوو کۆڵەکەی دەسەڵاتن لە ناوچەکە.
بەڵام هەژاری مەعریفی کێشەی تری زۆرە. بۆ نمونە هیوا کە یەکێکە لە چەمک و دۆخە ئاڵۆزەکان لە سەر ئاستی مەعریفی وەستاوە. ئەگەر کەسێک مەعریفەی کزبێت ئەوا هیواکانی خۆشخەیاڵین. کاتێک خۆشخەیاڵی دەبێتە هیوا، ئەوا ناهیوا، هیوا دەکوژێت. بۆیە هیوا و مەعریفە پەیوەندییەکی یەکتر تەواوکەرییان هەیە. بۆیە هیچ بەهایەک نیە بۆ هیوای کەسێکی بێمەعریفە. بەڵام بێهیوایی و پاشان بیابانی ناهیوایی، زەمینەسازی دەکات بۆ مانەوەی زەبر و بەرجەستەبونی وەک دەسەڵات.
لە کۆمەڵگای ئێمەدا کۆمەڵێک دیاردەی ترسناک بونی هەیە لەم ئاستەدا:
یەکەم، یەکەی هەرێم یان باشور یان کوردستان یەکەیەکی مەعریفی پڕ کێشەیە. هەرگیز چۆمانییەک و خانەقینییەک وەک یەک بیرناکەنەوە، بۆیە مایکرۆ-جیوپۆلەتیک بونی هەیە، کە پاڵنەری سەرەکی هەڵوێستی کەسەکانە. ئەمە لە زۆر ئاستی تردا بونی هەیە.
دووەم، تیرەگەرێتی بە زۆر شێواز دەردەکەوێت و نوێ دەبێتەوە، نەک تەنها لەوەی کە پێی دەڵێن حیزب، بەڵکو گروپی ڕۆژنامەنوسان و ڕۆشنبیرانیش پەیوەندییەکی تیرەییان هەیە، بەیەکەوەن، پشتیوانی یەکتر دەکەن، گەلەکۆمە دەکەن، پاساو بۆ یەکتر دەهێننەوە، زۆر دیاردەی تریش.
سێیەم، هیچ چەمکێکی هاوردە ناتوانێت دەرگا زۆرەکانی دونیای کوردی بکاتەوە. چەمکەکان بە سودن، بەڵام تەنها کلیل نین. هەموو چەمکێک: ڕینتییەر، سوڵتانیزم، هتد، دەبێت سەرلەنوێ لە ژینگەی کوردیدا بەرهەمبێتەوە. ئەگینا تەنها دەبێتە ڕیتۆریک.
چوارهەم، وێناکردنی هەرێم وەک تاقانە، بەشێکە لە پرۆسەی کوشتنی هیوا و خەساندنی مرۆڤ. چونکە هیوا بزوێنەرە، مرۆڤی بێهیوا خەسیوە. ئەمە لە ئاستێکی زۆردا پەیوەستە بە چارەنوسی بزوتنەوەی گۆڕانیشەوە. گۆڕان دەبێت لە پەیوەست بە هیواوە خۆی نوێ بکاتەوە. ڕەنگە ئێرنست بلۆخ مانیفێستێکی باش بێت.
پێنجەم، ئێمە لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزدا، واقیع دەگوێزینەوە بۆ دۆخێکی دەرونی و پاشان لە شێوەی توڕەیی، بێزاری یان جنێودا دەریدەبڕین و ئیتر ڕەحەت دەبین. ئەم پرۆسە دەرونیە مەترسی لە سەر مەعریفە دروستکردوە. گواستنەوە لە دەرونەوە بۆ عەقڵ هەنگاوێکی پێویستە.
بەڵام لە سەروی هەمویەوە، خوێندنەوە. خوێندنەوە گەلێک میتۆدی هەیە، بەڵام مەبەستم خوێندنەوەی تێکست و واقیعە.
لە فیلۆلۆژیا وە بۆ دایەلۆجیکاڵ بۆ جەنگی دۆلۆزی بۆ پلایس و دەڕنەفیزی فۆکۆ، بۆ زەرەبینی خۆم.