٢٨ ساڵە/ ٢٨٠ ساڵ

د. سه‌ردار عه‌زیز

بیست و هەشت ساڵ لەمەوپێش یەکەم هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان کرا. دەکرێت بڵێین ئێمە ئەزمونی ٢٨ ساڵمان لە گەڵ دیموکراسیدا هەیە. یان بە سەدای شەقام قسە بکەین، دیموکراسی بونی نەبوە. کەس لە دونیادا دیموکراسی بە ئامادەکراویی و پاککراوی بۆ نەهێنراوە. بەشی یەکەمی چەمکی دیموکراسی خەڵکە. خەڵک بونێکی نەبوە. هەرگیز هیچ کۆمەڵگایەک نیە خەڵك تیایدا یەک یەکە بێت، کەواتە خەڵك وەک یەکەیەک بونی نیە. خەڵک چەمکێکی ئێجگار ئاڵۆزە دونیای ئێمە زۆر لێی دورە. بەڵام بە ناویەوە پیادەی دەسەڵات دەکات. لێرەدا بوارێكی ئێجگار فراوانی فەلسەفە و کردەی نوێنرایەتی دێتە ئراوە، لە بێ خەبەران کەشکەک سڵاوات. پلانی داهاتوم لە میانەی پرۆژەی پەرلەماندا کارە لە سەر نوێنەرایەتی.

 
دیموکراسی هات بۆ دونیای ئێمە لە ئەنجامی گەشەی سیاسەتی هەرێمی و ناوچەیی. لە میانەی ئەم پرۆسەیەدا وەها پێشاندرا کە دەنگدان دیموکراسی بەرهەم دەهێنێت. بەڵام ئەوە کێیە کە دەنگ دەدات؟ لە چ ئاگایی و کەلتور و بنەما و مەعریفەیەکەدا دەنگ دەدات؟؟ سەرەتا ئەگەر دەنگدان وەک یاری وەرزش وایە ئەوا دەبێت براوە و دۆڕاوی هەبێت. بەڵام هەر لە سەرەتاوە ئێمە نەمانتوانی چەمکی دۆڕان قبوڵ بکەین. کە دۆڕان نیە، براوەش نیە. هەرچەندە براوە، براوە هەیە، لە هەندێک دۆخدا، بەڵام لە زۆر دۆخی تردا، کاتێک نەبراوە هەیە، نە دۆڕاو، ئەوا هەموو پرۆسەکە بەتاڵ دەبێتەوە. بەڵام ئێمە بیرمان لەم ڕەهەندە فیکریانە نەکردوەتەوە.

 
سەرەتا پێش هەموو شتێک دیموکراسی ئایدیایە. ئەم ڕۆژانە بۆ کارێكی تر زۆر بیر لە چەمکی ئایدیا دەکەمەوە. چەمکی ئایدیا، یان دۆخی ئایدیایی، بۆ من مایەی لوغزە. بەڵام ئێمە هەتا ئەمڕۆش بە ئایدیای دیموکراسی ئاشنا نین. دیموکراسی بە جۆرێک لاوازە کە هەموو هێزەکان بڕوایان وەهایە ئەگەر هاتوو ئەویتر سەرکەوت، یان تەنها هێزێک سەرکەوت ئەوا دیموکراسی کۆتایی دێت.

 
هەڵبژاردن وەک پرۆسەی پیادەکردنی دیموکراسی، بەشێکە لە پرۆسەیەک کە لە گەڵ تەشەنەکردنی لیبرالیزمی جیهانیدا هاتە ئاراوە، کە تیایدا هەڵبژاردن وەک کردەیەک دەبینرێت کە خەڵکانی ئەو کۆمەڵگا دواکەوتوانە لە ئەنجامی دوبارەکردنەوەی پاش چەندین جار لە پیادەکردنی فێر دەبن. کەواتە پرۆسەی فێربون لە ڕێگای پیادەکردن و دوبارەکردنەوە و سەرپەرشتیکردن و چاودێرییەوە بۆ گەلانی دواکەوتوو دەکرێت میتۆدێکی گونجاوبێت.

 
دیارە ئەمە ڕێگای دیموکراسی نیە لە ڕۆژئاوا. دیموکراسی بەبێ لیبرالیزم نابێت. لەم دواییانەدا، هەندێک دژە لیبرالیش لە دونیای ئێمەدا پەیدابون. مەبەستم لە لیبرال ئەوەیە کە دەبێت تاک هەبێت، ئازادی هەبێت، دەسەڵات سنورێکی هەبێت، مرۆڤەکان کەرامەتیان پارێزراوبێت، بۆ نمونە جەستەیان ئازارنەدرێت، نەترسێنرێن و زۆر شتی تر.

 
بەڵام ئێمە هێشتا ئەم بونیادانەمان لە ئاستی ئایدیاشدا نیە، نەک نەریت و سیستەم. بۆ نمونە کرۆکی دیموکراسی دیبەیتە، یان پەنابردنە بەر زمان یان قسەکردن بۆ دەربڕین لە خواستەکان لە گەڵ یەکتردا لە پێناو گەیشتن بە لەیەکگەیشتنێکی هاوبەش. بەڵام بە دەگمەن کورد دەبینم توانای قسەکردنی هەبێت، جنیو قسە نیە، هەڵچون و خۆ بە قوربانیزان و ناڵاندن و بۆڵە قسە نین.

 
ئەمڕۆ لە ئاستی دونیادا لیبرال دیموکراسی کە دیموکراسی بۆ ئێمە هێنا، ماندوە و نەیاری زۆری هەیە. پوتینیزم، ئۆربانیزم، شی ژیاوپینگی چینی. لە هەموو ئەم سیستەمانەدا تاک بونی نیە، ئازادی بونی نیە، دەسەڵات سنوری نیە، کەرامەت بونی نیە. لە لیبرال دیموکراسیدا پانتاییەک هەیە بۆ عەقڵ. بەڵام نەیارەکانی لیبرال دیموکراسی هەموو لە سەر ناعەقڵانی بونیادنراون، شوناس نا عەقڵانیە، ناسیونالیزم ناعەقڵانیە، وێناکردنی دونیا وەک نەیار ناعەقلانیە، سەرکردەی بەهێز و تاقانە نا عەقڵانیە. بەڵام ئەمانە هەموو بە ناخ و دەرون و نائاگایی ئێمە ئاشنان.

 
من لێرەدا بانگەشە بۆ لیبرال و نیولیبرال ناکەم. چونکە هەموو فەلسەفەی لیبرال لە سەر تاک وەستاوە و وەها دەبینێت کە ئەگەر تاکەکان تێبکۆشن لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان، کە ئەمە پێناسەی عەقڵانیەتی لیبرالە، ئەوا لە ئەنجامدا گەشە و خۆشژیان دێتە ئاراوە، ئەم پارادایمە لە چەندین ئاستدا مایەی قەیرانە.

 
کۆمەڵگایەک کە نەتوانێت قسە بکات، نەزانێت ئازادی و کەرامەت چیە، نەتوانێت دان بە دۆڕاندا بنێت، خۆی لە ئیگۆی سەرکردەیەکەیدا بەرجەستە بکات، هەرگیز نابێت بە دیموکراسی، نەک دوای ٢٨ ساڵ بەڵکو ئەگەر سفرێکیشی بۆ زیاد بکرێت، ٢٨٠ ساڵ.



28/05/2020



وتارەکانی تری نوسەر