ئەمریکا و عێراق: دانوستان

د. سه‌ردار عه‌زیز

پێشنیاری حکومەتی ئەمریکی بۆ سازکردنی دانوستانی ستراتیژی لە گەڵ عێراقدا، ئاماژەیە بۆ چەند ئەگەرێک. یەکەم، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمریکا ستراتیژی گۆڕی بێت. دووەم، ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمریکا ئامراز و شێواز و تاکتیکی بگۆڕێت. سێیەم، دەکرێت هەردوکیان بێت.

 
یەکێک لەو ئەگەرانەی کە باسی لێوە دەکرێت ئەوەیە کە ئەمریکا، کە هەتا ئێستا ئامانجی ئەوەبوە کە شەڕی ئێران لە عێراقدا بکات، لەمەولا دەیەوێت عێراق بە ئاراستەیەکدا ببات کە عێراق خۆی توانای ئەو شەڕەی هەبێت. ئەم وەرچەرخانە ڕەنگە لە ئێستادا بۆ ئەوانەی کە لە نزیکەوە لە دۆخی عێراق ئاگادارن هەتا ئاستێکی زۆر ناواقیعی بێت.

 
بەڵام ئەگەر ستراتیژبێت، ئەوا مانای وەهایە کە ئەمریکا جۆری مامەڵەی لە گەڵ عێراقدا دەگۆڕێت. یەکەم، ئەمریکا هەوڵدەدات کە هەموو هێزەکان لە حکومەتی عێراقیدا هەبن. دووەم، هێزە ئەمریکیەکان ڕۆڵی پشتیوانی ببینن، لە گەڵ ڕۆڵی ڕاهێنان و فێرکردن. سێیەم، ئەمریکا دەیەوێت کە هێزەکانی نزیک لە ئێران بخاتە ژێر فشارەوە.

 
ئەم دانوستانەی کە هەفتەی داهاتوو بەڕێوەدەچێت لە ڕێگای ڤیدیو کۆنفرانسەوە، لە لایەن ئەمریکاوە دیپلۆمات و شارەزای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەیڤد هەیڵ، سەرپەرشتی دەکات و لە لایەن عێراقەوە ئەگەری هەیە، لوقمان فەیلی سەرکردایەتی بکات. بە پێی ئاستی پلەی تیمەکە دانوستانەک لە پلە سێدایە. وەها دەردەکەوێت کە تیمی عێراقی بچوك بێت و تیمی ئەمریکی کە باس لە ٢١کەس هەیە، گەورەبێت. ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئەمریکا دیدی و ئامراز و ئامانجی دەگۆرێت، بەڵام عێراق ئەو لایەنە نیە کە ئەنجامدەری گۆڕانکارییە.

 
نزیکبوەنەوەی وادەی دانوستانەکان مشتومڕێکی لە واشنتۆن دروستکردوە لە نێوان ئەوانەی کە خوازیاری مانەوەن، ئەوانەی کە هیچ ئامانجێک لە مانەوەی ئەمریکا نابینن، لە گەڵ ئەوانەی کە ئەمریکا مەرجی هەبێت لە گەڵ حکومەتی نوێی عێراقدا.

 
ئەوەی شایانی باسە لە ساڵی ٢٠١٥ ئەم سەرۆک وەزیرانەی ئێستای عێراق ڕۆژنامەنوسی بوو. لە سایتی المۆنیتەر بابەتێكی نوسیوە ( لە کۆمێنتدا لینکەکەیم داناوە) دەربارەی ئەوەی کە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و عێراق پێویستی بە سەرلەنوێ داڕشتنەوەیە. دەکرێت ئەو داوایە ئێستاش ڕەوابێت یان ئێستا دەرفەتی هەبێت کە بێتە دی.
ئێستا ئەمریکا لە ناوچە کوردییەکانی سوریا و هەرێمی کوردستانیش ڕۆکێتی پاتریوتی هەیە. ئەم دۆخە ئاماژەیە بۆ سود وەرگرتن لە خاکی کوردستان لە ململانێکانی ناوچەکەدا. دەبێت کورد لە دانوستانی هەفتەی داهاتودا بەشداربن، وەک ئەمریکیەکان دەڵێن.

 
هەرچیەک و هەرچۆنێک بێت ئەمساڵ هەتا پاش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا پەیوەندی عێراق و ئەمریکا هێندە لە ژێر فشاردا نابێت. دەرئەنجامی هەڵبژاردنەکان ڕاستەوخۆ کاریگەری دەبێت لە سەر پەیوەندی ئەمریکا و عێراق و ئێران.



10/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر