کوردستان بەرەو باشور؟!

د. سه‌ردار عه‌زیز
ڕۆژانی ڕابوردوو لە ڕێگای ئۆنلاینەوە کۆربەندی ئابوری کوردستان بەڕێوەچوو. جاران ئەم دیدارە ناوی کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستان بوو. گۆڕینی ناوی دیدارەکە هەڵگری بڕێکی زۆر لە ئاماژە و مانا و وەرچەرخانە کە دەکرێت وەک میتۆدێک بۆ تێگەیشتنی کۆتایی قۆناغێک و دەسپێکی قۆناغێکی تر وەرچەرخان بە سودبێت.

ناو هەڵگری مانا و ئاماژەی گەورەیە. هەموو ناونانێک پرۆسەیەکی خیتابی و سیاسی و ئاماژەییە. گۆڕینی ناوی کۆنفرانسی نەوت و غازی کوردستان بۆ کۆڕبەندی ئابوری کوردستان ئاماژەیە بۆ کۆمەڵێک وەرچەرخان لە چەندین ئاستدا.

یەکەم، لابردنی ناوی نەوت و غاز، ئاماژەیە بۆ هاتنی سەردەمی پاش-نەوت. پۆست-نەوت ئەگەر بکرێت وەهای ناوی بەرین وەرچەرخانێکی گەورەیە بۆ کوردستان. لە ساڵانی ڕابوردودا نەوت و غاز تەنها دوو بوار بوون کە کوردستان هەوڵی دەدا لە ڕێگایەوە سەرنجی وەبەرهێنی بیانی ڕابکێشێت، بە تایبەتی لە بواری وەبەرهێنانی گەورە و درێژخایەندا. پرۆژەی نەوتی کوردستان هەتا ڕیفراندۆم پرۆژەیەکی ئاسایشی، دیپلۆماسی و سیاسی بوو لەوەی ئابوریی بێت. نوخبەی کوردی و زۆرێک لە خەڵكی کورد کۆمپانیای نەوتی وڵاتێک بە نوێنەری ئەو وڵاتە دادەنێن. بۆ نمونە ئەگەر وڵاتێک لە کوردستان کۆمپانیایەکی نەوتی هەبێت ئەوا مانای وەهایە کە ئەو وڵاتە بەشێکی لە کوردستانە و بەرژەوەندی لەوێیە و لە ڕێگایەوە پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەش و پرۆسەی پاراستن دێتە ئاراوە.

ئەم مۆدێلە لە بیرکردنەوە زیاتر دەرئەنجامی دۆخی کەنداوی فارسی یان عەرەبییە. بە تایبەتی ئەگەر بێتوو پەیوەندی کەنداو و ئەمریکا لە پاش دۆکترنی کارتەرەوە لە بەرچاو بگرین. بە کورتی دۆکترنی کارتەر دەڵێت: هەر هەوڵێک لە لایەن هێزێکی دەرەکییەوە بۆ کۆنتۆڵکردنی کەنداوی فارسی لە لایەن وڵاتە یەکگرتەوەکانی ئەمریکاوە وەها لە قەڵەم دەدرێت کە دەستدرێژییە بۆ سەر ئەمریکا، بۆیە هەر جۆرە هەوڵێکی لەو جۆرە ڕێگری لێدەکرێت بە هەر شێوازێک پێویست بکات لە نێویاندا هێزی سەربازی. بەڵام زۆر هۆکار وەهایانکرد کە سەردەمی دۆکترنی کارتەر بەسەرچوو. هەرێم دوای ڕیفراندۆم بۆی دەرکەوت کە بە هۆکاری زۆر ئەمریکا چیدی پەیوەست نیە بە دۆکترنی کارتەرەوە. بەم پێیە نەوت و غاز ناتوانرێت بکرێنە بنەمای ئاسایش و پاراستن . ئەمە یەکێکە لە هەرە ڕاڕاییە گەورەکانی وڵاتانی کەنداو لە ئێستادا و پاڵنەری سەرەکی نزیکبونەوەیان بوو لە ئیسرائیل.

دووەم، بە ئابوری بونی نەوت. ئەگەر نەوت بەها سیاسی و ئاسایشی و دیپلۆماسییەکانی وەک جاران نیە، ئەوا ئەوەی دەمێنێتەوە بەها ئابورییەکەیەتی. لە سەردەمی کۆرۆنا و هەروەها لە داهاتودا بە هۆکاری زۆرەوە، نەوت لە روی ئابورییەوە

بەهای کەمتر دەکات و هەموو ئاماژەکانیش بۆ ئەوە دەڕۆن کە لە بەر کۆمەڵێک هۆکار، وەک زۆربونی سەرچاوەی تری وزە و گۆڕانی ڕەفتاری خەڵک و فشاری سیاسی، بڕی بەکاربردنی نەوت لە دونیای ڕۆژئاوادا هەتا بێت کەم دەکات. بۆیە نەوت ئەگەر بەهای ئابوری لە دەست نەداوە ئەوا بە دڵنیاییەوە بەهای ئاسایشی داهاتی لە دەست داوە. مەبەستم لە ئاسایشی داهات ئەوەیە کە ناتوانیت دڵنیابیت کە لە داهاتودا دەتوانیت پشت بەم سەرچاوەیە ببەستیت بۆ داهات. بەڵام بە ئابوری بونی مانای ئەوەیە کە دەبێت زیاتر خەمی ئەوە بخۆیت کە چۆن ساغی بکەیتەوە بەبێ گوێ پێدانە هیچ ڕەهەندێکی تر. ئەمەش ئامانجی سەرەکی کۆمپانیایە. بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە غازە. غاز پرسێکی جیاواز و ئاڵۆزە. کات بۆ غاز گرنگە. چونکە هەتا ڕۆژێک زیاتر دوابکەویت لە ساغکردنەوەی غاز ئەوا ڕکەبەری زیاترت بۆ پەیدا دەبێت. جاران تورکیا وەک یەکێک لە کڕیارەکانی غازی هەرێم دەبینرا. بەڵام چیدی ئەمە گەرەنتی نیە، ئێران و ڕوسیا و ئازەربایجان و قەتەریش ڕکەبەری بۆ ئەم بازاڕە دەکەن. لە هەمانکاتدا ئەگەر ڕۆژانێک ئەگەری ئەوە هەبوو غازی هەرێم بگاتە ئەوروپا، ئەوا ئەو خەونەش پوکایەوە چونکە ئەگەر ئەوروپا غازی هەرێم بکڕێت وەک بەشێک لە پرۆسەی فرە سەرچاوەکردنی غازی ئەوروپا دەیکڕێت. بەڵام بونی ڕوسیا لە هەرێم و بواری وزەدا ئەو فرە سەرچاوەییە دەخاتە ژێر پرسیارەوە. بۆیە ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ غازی هەرێم تەنها بازاڕی ناوخۆ و عێراقە. ئەمەش پاڵنەری سەرەکی هەرێم دەبێت بۆ بونی پەیوەندی باش لە گەڵ عێراقدا. نوێنەری کەرتی وزەی ئەمریکی لە کۆڕبەندەکەدا جەختی لە سەر ئەمە کردەوە. ئەمریکییەکان غاز وەک ئامرازێکی سیاسی دەبینن ئیجا ئابوری.

سێیەم، ناونەهێنانی نەوت لە ناوی کۆنفرانسەکەدا بە مانای ئەوە دێت کە دەبێت بە دوای سەرچاوەی تردا بگەڕێین. ئەمە یەکێک بوو لە تیما سەرەکیەکان، فرەچەشنکردنی داهات. هەرێم وەها دەبینێت کە دەبێت سەرچاوەی داهاتی فرە چەشن بکات، ئەمەش کاتێک دەبێت کە وەرچەرخێ بۆ کەرتی تایبەت. دەمێکە لە کوردستان کەرتی تایبەت وەک دەرمانی دەردان دەبینرێت. لە دونیادا ئەم قۆناغە دەمێکە کۆتایی هاتوە. کەرتی تایبەت پێویستە بە مەرج و ئامانجەکانی ئەم سەردەمە بێت. کەرتی تایبەت ئەگەر لە پێناو کۆمەڵگایەکی باشتردا نەبێت ئەوا دەبێتە مایەی دروستکردنی پەرتبونی کۆمەڵایەتی و نا سەقامگیریی لە داهاتودا. هەرێم بۆ ئەوەی کەرتی تایبەتی هەبێت دەبێت وەرچەرخانێکی چەند ڕەهەندی گەورە بکات. ماوەی پێشوو کاتێک وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ هەڵسەنگاندنی کارەکانیان لە عێراق و کوردستان ڕایان وەرگرتم باسی ئەم پرسەم بە ووردی بۆ کردن، چونکە ئەوان لە ڕێگای چەندین ڕێکخراوەوە خەریکی پەرەدانن بە کەرتی تایبەت لە هەرێم. کەرتی تایبەت بۆ ئەوەی دروست بێت دەبێت ئازادی زانستی و دەستگەیشتن بە پارە و بازاڕێکی کراوەی ئازاد هەبێت. دەبێت کاتێک کەسێک بیرێکی ئابوری یان داهێنان یان کارێکی نوێی بۆ دێت بتوانێت دەستی بگاتە پارە و ڕێگری نەبێت لە بەردەم کارەکانیدا. ئەمە لە هەرێم نیە. بۆ ئەوەی هەبێت دەبێت سیستەمێکی بانکی هەبێت کە باوەڕپێکراو و ئاسان بێت. دووەم، دەبێت ناوەندی خوێندن بڕەو بە داهێنان و سەرکێشی بدەن. کرۆکی سەرمایەداری سەرکێشی و شکستە. کرۆکی سیستەمی سەرمایەداری شێتییە. جۆرێک لە خەڵك هەیە کە پێیان دەڵێن ئیکسێنتریک، کە لە کۆمەڵگای موحافیزتکاری کوردیدا بە شێت لە قەڵەم دەدرێن بڕبرەی پشتی سیستەمی سەرمایەدارین. بۆ نمونە ئەگەر ئاینشتاین لە کۆمەڵگای کوردیدا بوایە وەک ناتەواو مامەڵە دەکرا. کەواتە بازاڕی ئازاد پێویستی بە گۆڕانی ئیثۆسی ئێمەیە. کەواتە ئازادی بیر، ئازادی پارە، لە گەڵ ئازادی بازاڕ سێ کۆڵەکەی دروستبونی کەرتی تایبەتن. لە گەڵ گۆڕانی کۆمەڵاتی ئێمەدا

چوار، ئەگریمارکێت. دەمێکە باس لە بوژانەوەی کشتوکاڵ دەکرێت. بوژانەوەی کشتوکاڵ پەیوەستە بە زۆر بواری ترەوە، ژێرخان، ڕێگاوبان، بونی قەزر، بازاڕ، هەروەها پەیوەندی لە گەڵ وڵاتانی دراوسێدا. وەک چۆن غازی کوردستان تەنها ناوەوە و باشوری عێراقی هەیە وەک بازاڕی ساغکردنەوە، بە هەمانشێوەش کشتوکاڵ تەنها ئەو دوو بوارەی هەیە. لە نێوخەڵکدا ئاگاییەکی باش هەیە بۆ کڕین و بەکاربردنی کاڵای خۆماڵی. دەکرێت ئەمە زیاتر لە ڕوی ئابوریی و تەندروستی و خۆماڵیبونەوە پەرەی پێبدرێت. دروشمی shop local یان لۆکاڵییانە بازاڕ بکە، دروشمێکە لە زۆر جێگای دونیادا دەبینرێت. ئەمە ئابوری ناسیونالیزم نیە، بەڵکو خەمخواردنی هاوڵاتیان و بژێویی و هەروەها ئاسایشی خۆراکە. لە کۆڕبەندەکەدا باس لە کردنی کوردستان کرا بە سەبەتەی خۆراک. کوردستان باش مامەڵە لە گەڵ دروشمدا دەکات. بە سەبەتە بوون دروشمێکی ترە. بەڵام پەیوەندی نێوان دروشم و واقیع ئاسمان و ڕێسمانە.
 

23/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر