عیسایەک لە گەرمیان

د. سه‌ردار عه‌زیز

حەوت ساڵ لەمەوپێش کاوە گەرمیانی  شەهید کرا. ئەم مەرگە نەک ئاسایی نەبوو بەڵکو لە هەموو خەسڵەتێکیدا عیساییانە بوو. مەرگی عیسا دەربڕی کۆمەڵێک لە خەسڵەتە کە ئێمە وەک مرۆڤ بۆ ئەوەی ئەخلاقمان هەبێت دەبێت بەردەوام لە ئاگاییماندابێت. عیسا بە دەستی دەسەڵاتداران، لە ڕیزی ئەوانەدا کوژرا کە ستاتۆی کۆیلەیان هەبوو. ئەم کوشتنە بۆ ماوەی هەزار ساڵ مایەی شەرم بوو بۆ هاوەڵانی عیسا. بەڵام کاتێک سنوری کۆیلەو دەسەڵاتدار کاڵ دەبێتە مەرگی عیسا دەگۆڕێت بۆ شانازی. 
کاوە  بە دەستی دەسەڵاتداران کوژرا، چونکە داوای مافی گشتی دەکرد. وشەی گەندەڵی وشەیەکی ئێجگار بڵاوە لە زمانی ڕۆژانەی کوردیدا، بەڵام تێگەیشتنی ڕاستەقینە لە دیاریدەکە زۆر لاوازە. کرۆکی ڕەخنە لە گەندەڵی لەو دیدەوە سەرچاوە دەگرێت کە خەڵكی بە گشتی مافی خاوەندارێتیان هەیە، بە لاواز و بەهێزەوە. ئەم خاوەندارێتییە خاوەندارێتی تایبەت نیە، کەس بۆی نیە ماڵی گشتی ببات بۆ خۆی، لە بەر ئەوەی ئازایە، یان دەتوانێت یان لە دەستی دێت، بەڵکو ماڵی گشتی دەبێت بۆ هەموان بێت. ئەم پرۆسەیە لە سیستەمی ماڵی گشتی یان لە شمەکی گشتیدا خۆی دەبینێتەوە. چۆن سامانێک دەبێتە هی هەموان بەبێ ئەوەی ببێتە هی هیچ کەسێک؟ هێشتا سیاسی ئێمە و خەڵكی ئێمە لەم سیستەمە تێنەگەیشتوە. 

لە ئاستی ئەخلاقیدا کۆمەڵگای کوردی هێشتا کۆمەڵگایەکی زاڵم دۆستە. ئەوانەی کە دەتوانن سامانی گشتی ببەن، هەرگیز کێشەی ئەوەیان نیە هەتا سەدان و هەزاران کەس بخەنە دوای خۆیان و بکەنە پیاوی خۆیان. مەرگی کاوە ئالانگاری بۆ ئەم ئەخلاقی زوڵم دۆستییە دروست دەکات. بەڵام هێشتا کاوە نەبوەتە ئایکۆنێکی ئەخلاقی کۆمەڵگای ئێمە. خەڵكی ئایکۆن و سیمبوڵ و قارەمانیان دەوێت، نەک بۆ ئەوەی بیکەن بە نمونە و مۆدیلی ئەخلاقی بەڵکو بە هیوای ئەوەی سودێکی لێببینن.  بۆیە پاش مەرگ، کەمینەیەکی کەم نەبێت  کەس ویژدانی ناجوڵێت و نقەی لێوەنایەت.

عیسا و خاچەکەی بنەمای ئەو ئەخلاقەی دامەزراند کە بەخشینی ژیان  لە پێناو باوەڕدا یەکێکە لە بەها ئەخلاقییە باڵاکان، ئەگەر ئەو باوەڕە بۆ سودی هەموان بێت. ئەمە سەرەتای ئەو ئەخلاقەیە کە مەرگی هەژاران بە دەستی دەسەڵاتداران نەک ئاسایی نیە بەڵکو  کۆتایی دەسەڵاتی  دەسەڵاتدارانە. لێرەدا مەبەستم لە دەسەڵات توانایەکی قبوڵکراوە نەک هێز. 

چەند ساڵێک لەمەوپێش، لە سەرمایەکی بێدەنگدا، لە یادی کاوەدا چومە سەر گۆڕەکەی. ژمارەیەک لە کەس و هاوەڵەکانی لەوێ بون. دڵتەنگیەک دایدەگرتیت کە قەڵەم زۆری ماوە بۆ ئەوەی بگاتە بارتاقەی تفەنگ.


05/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر