خوێندنەوەی ئاهەنگی بە سەرۆک بونی بایدن

د. سه‌ردار عه‌زیز

لێرەدا میتۆدی دیکۆدینگ بەکاردەهێنین. دیکۆدینگ بە مانای هەوڵدان بۆ کردنەوەی کۆدەکان. ئەم هەوڵە لە سەر ئەو زەمینەیە وەستاوە کە دیاردەکان هەڵگری کۆدن. لە کۆدەکاندا پەیام هەیە. ناسین و خوێندنەوەی ئەم پەیامانە گرنگن بۆ تێگەیشتن لە گوتار و ڕەفتاری کەسەکان، هەروەها ئامانجی سیاسییان.

ئاهەنگی سیاسی یان سیرەمۆنی، ڕوداوێکی تایبەتە ، کە لە ساتەوەختی تایبەتدا ڕودەدات، ساتەوەختی وەک ناشتنی مردوو، گواستنەوەی دەسەڵات، سەرکەوتن، یاریی و بۆنەی وەرزشیی. لەم ساتەوەختانەدا کەسانی سیاسی هەوڵدەدەن کە جەماوەرەکەیان بدوێنن و وێنای تایبەت بۆ خۆیان دروست بکەن. ڕەگی ئەم دیاردانە زۆر کۆنن. جیوفری سومی کتێبێکی دەربارەی دەسەڵات و سیرەمۆنی لە سەدەمی ڕۆمانەکاندا نوسیوە. بە گشتی ئەم ساتەوەختانە ساتەوەختی هەستیاریین، بەو مانایە یان کاتی خۆشین، یان ناخۆشی یان دەربڕینی گرنگی پێدان و بایەخپێدان. 

کەواتە ئێمە لە ڕوی بۆنە و ساتەوەخت و وتارەوە لە ساتەوەختێکی ئاساییدانین. ئەم ساتەوەختە نائاساییە ژمارەیەکی زۆری خەڵک سەرنجیان لە سەر دۆخەکەیە، بۆیە ساتێکی گونجاوە بۆ ناردنی پەیام. گواستنەوە دەسەڵات لە ئەمریکا هەتا ٢٠١٦ ساتەوەختێکی ئاسایی بوو. ساتەوەختێک بوو کە ئەمریکاییەکان پۆزیان بەوەوە لێدەدا کە جیاوازن لە زۆربەی وڵاتانی تر. بەڵام پاش هاتنی ترەمپ ئەم پۆزلێدانە فس بویەوە. ئەمەش وەها دەکات کە ئاهەنگی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆ بایدن ساتەوەختێکی دوجارەی ئاسایی نەبوو لە مێژوی ئەمریکادا. ئەم ڕوداوە لە دوو ئاستدا بە تایبەتی جودابوو، لە ئاستی سەردەمی پەتا و هەروەها ڕوداوی هێرشکردنە سەر کۆنگریس لە لایەن ڕاستڕەوە، توندڕەوە، سپی پێستەکانەوە.

پەتا ئاهەنگەکەی بچوککردەوە، لە بڕی خەڵك ئاڵا هەڵکرابوو، کە نەرێتێکی پاتریوتیکی ئەمریکییە. هێرشی میلیشیاکان وەهایکرد کە ئاهەنگەکە لە سایەی هێزی سەربازیدا بەڕێوەبچێت. هاتنی ئەو هەموو ژمارە سەربازە بۆ واشنتون مەترسییەکی گەورەیە لە سەر هاوسەنگی مەدەنی سەربازی لە هەناو حکومەتی ئەمریکیدا. پێشتر مشتومڕێکی زۆر هەبوو لە سەر دانانی ئەفسەرێکی سەربازی بە وەزیری بەرگریی، بەڵام ئەم ڕوداوە هێندەی تر قسەی زیاتر دەهێنێت لە سەر مەترسی ڕۆڵی زیادی دەزگای سەربازی و پەنتاگۆن لە بەڕێوەچونی حوکمرانی لە ئەمریکادا. 

عەریفی ئاهەنگەکە ئامی کلوبەچاربوو، ئەو خانمەی  بۆ ئەوانەی چاودێری ئەمریکا دەکەن لە ساتی هەڵبژاردنە سەرەتاییەکانی پارتی دیموکراتدا زەردەخەنە هەمیشەییەکەیان لە یادە. ئامی دوانزە ساڵە ئەندامی سێناتە، بۆ ولایەتی مینۆسیتا. ئامی هەرچەندە سەرۆکی لیژنەی ئاهەنگسازیی گواستنەوەیە لە کۆنگریس، لیژنەیەکی تایبەتی کۆنگریس بۆ بەڕێوەچونی ئاهەنگی گواستنەوەی دەسەڵات، بەڵام وەک دیموکراتێک قسەی دەکرد. یەکێک لە خەسڵەتە تایبەتەکانی پارتی دیموکرات لە ئەمریکا ئەوەیە کە پارتێکی هاوپەیمانییە. هاوپەیمانی لە نێوان شوناس و باڵەکاندا. دیارە پارتی کۆماریش بە هەمانشێوە پارتێکی باڵییە. یانی پارتی کۆمەڵێک باڵی سیاسی جیاوازە. بەڵام هەریەک لە باڵەکانی دیموکراتەکان و کۆمارییەکان  سەربە گروپی جیاوازی کۆمەڵگای ئەمریکین و ڕەفتاری سیاسییان زۆر جیاوازە.

گروپەکانی ناو دیموکراتەکان بە کەمینە و خاوەن شوناسە جیاوازەکان ناسراون. ئەمەش بە زەقی ڕەنگی دەدایەوە لە وتاریی ئاهەنگی گواستنەوەکەدا. کاتێک بەردەوام جەخت لە سەر ئەفریقایی بون و ئاسیایی بونی جێگری سەرۆک کۆمار دەکرایەوە، هەروەها لە بونی وەک یەکەم ئافرەتی ڕەش پێست لە ئەو پۆستەدا. کەمالە هاریس لە ڕەنگی پێست و جێندەر و پاشخانیدا هەڵگری کۆمەڵێک کۆدی زۆرە کە دیموکرات دەیەوێت وەک چەشە بدات بە وەرگرانی و بیاندوێنێت. سەرباری ئەم فرە شوناسییەی کەمالا، بەڵام هێشتا نەیدەتوانی هەموو ڕەنگ و شوناسە جیاوازەکان لە خۆی بگرێت، بۆیە کاتێک سوێندی خوارد، ئامی لە کاتی ناساندنی دادوەرەکەدا جەختی لە سەر لاتینۆ بونی ئەو کردەوە. لاتینۆ، ئاماژەیە بۆ خەڵکانێکی خاوەن پاشخانی جیاواز کە لە ئەمریکای ناوەند و ئەمریکای لاتین و کاریبییەوە دێن یان هاتوون بۆ ئەمریکا. پارتی دیموکرات بە هیوایە لە ژێر ئەم ناوە جوگرافییە، شارستانییەدا، کۆیان بکاتەوە. هێنانی گۆرانیبێژێکی وەک جێنفەر لوپێزیش هەر بە ئامانجی دواندنی ئەم توێژە کۆمەڵایەتیەی ئەمریکا بوو کە بە خێرایی زۆر دەبن و کاریگەری سیاسیان گەورە دەبێت. هەرچەندە ناوی تریش لەم بوارەدا بەکاردەهێنرێن وەک هیسپانیک بۆ نمونە، بە مانای خەڵکانی ئیسپانی زمانی ئەمریکای ناوەند و ئەمریکای باشور. ئەم پرۆسەی کەمینەسازیی و شوناسسازییە ئەوەندە لە لایەن ئەندامانی ئەو گروپانەوە قبوڵکراونیە، چونکە زۆرینەی زۆری ئەوانە دەیانەوێت ئەمریکی بن و ببن بە ئەمریکی. ئەمە ئەو ڕەخنەیەیە کە کەسێکی وەک فەرید زەکەرییا بە توندی جەختی لێدەکات. بە لای ئەوەوە زۆرینەی ئەو خەڵکانەی دێن بۆ ئەمریکا، بۆ ئەوە دێن ئەمریکی بن یان ببن بە ئەمریکی نەک هەروەک خۆیان بمێننەوە. بەڵام ئەم جۆرە لە پەیوەندی کێشەی تری هەیە.  بۆ نمونە زۆرێک لە خەڵکان ڕەنگە بە تایبەتی پاش بە ئەمریکی بونیان ئەوەندە بایەخ بە کەلتور و شوناسی ڕابوردویان نەدەن و زیاتر باج و کار و ئاسایش و ڕەهەندەکانی تری ژیانی ئەمریکییان بەلاوە گرنگ بێت. بۆیە هەندێکجار دژایەتی دەبینین. بۆ نمونە لە کاتێکدا  دیموکراتەکان هەوڵیان دەدا کە ترەمپ بە  دژە موسوڵمانان بناسێنن، بەڵام سەرباری ئەوە ٣٥٪ دەنگی موسوڵمانانی ئەمریکای بەدەستهێنا.  

قەیرانێکی تری ئەم پێکەوەبونی جیاوازانە ئەوەیە کە بە دەگمەن دەتوانن لە ژێر چەترێک یان دەوارێکدا کۆببنەوە. بەڵکو هەمیشە بانگەشەکردن بۆ هەر شتێک لای هەندێک قبوڵە و لای هەندێکی تر بە پێچەوانەوە. کۆدەکان تەنها ئاراستەی کەمینە و گروپە ئیتنییەکان نەبون، بەڵکو هەروەها ئاراستەی گروپە ئایدەلۆژیی و ژیارییە جیاوازەکانیش بوون. لە هەموی سەرنجڕاکێشتر لەم بوارەدا دەستکێشەکانی سێناتۆری پیری ڤێرمۆت بێرنی ساندەرس بوو. بێرنی جوتێ دەسکێشی تایبەتی لە دەستدابوو، لە ئەو جۆرانەی کە تەنها پەنجە گەورە جێگای تایبەتی هەیە. دوو ساڵ پێشتر ئافرەتێک پێی بەخشی کە ڕیساکڵی فانیلەیەکی کۆن بوو. ئەم دەستکێشەی بێرنی پەیام بوو بۆ ژینگە پارێزان و بایەخدان بەو بوارە. دیارە ژینگە بوارێکی هەرە سەرەکی ئیدارەی بایدن دەبێت چونکە باڵی چەپی پێشکەوتوی دیموکرات ژینگەیان زۆر بەلاوە جێگای بایەخە. ئەوەش بوو بایدن لە یەکەم ڕۆژدا ئەمریکای کردەوە ئەندامی ڕێککەوتنی پاریس. بەڵام دەستکێشەکانی بێرنی تەنها مایەی قبوڵ نەبوو، بەڵکو لە هەمانکاتدا جێگای ڕەخنەیەکی زۆریش بوو. خەڵکانێکی زۆر ڕەخنەی ئەوەیان لێدەگرت کە دەستکێشە خورییەکان ئاماژەیە بۆ خواردنی گۆشت. گۆشتخواردن ئەمڕۆ وەک تاوانێکی گەورە بەرامبەر ئاژەڵان و ژینگە و تەندروستی مرۆڤ تەماشا دەکرێت لە لایەن گۆشت نەخۆرانەوە.  ئەمەش دوپاتی ئەو قەیرانە دەکاتەوە کە ناردنی پەیام بۆ گروپێک هەرزوو دەبێتە مایەی ناڕەزایی گروپێکی تر. ئەم دیاردەیە هۆکاری سەرەکی بە کاندید بونی کەسێکی ناوەڕاستی یان سێنەریستی وەک بایدن بوو. بایدن وەک سێنەتریستێک ئەگەری ئەوەی هەیە کە بە هەرلایەکدا بڕوات، بەلای چەپ و بەلای ڕاست  یان هەوڵدان بۆ ڕازیکردنی هەردوولا. 

دوا ئاماژەسازی کە لە ئاهەنگەکەدا هەبوو، بەڵام هێندە جێگای سەرنج نەبوو، بەڵام ئێجگار گرنگ بوو، ئینجیلە تایبەتەکەی ماڵ بایدن بوو. وەک دەزانین بایدن لە بنەماڵەیەکی بە ڕەچەڵەک ئایرلەندییە. وەک زۆربەی ئایرلەندییەکان ڕۆمان-کاتۆلیکێکی باوەڕدارە. دووەم سەرۆکی ئەمریکی کاتۆلیە پاش جۆن کێنەدی قۆز، لە شەستەکان. سەرەتا پێش دەستپێکردنی ئاهەنگەکە سەردانی کڵێسای کرد . بەڵام هێنانی ئینجلی تایبەتی خێزان ناردنی پەیامە بۆ ئەو جەماوەرە ئایرلەندییە کاتۆلیکە تایبەتە. هەرچەندە بڕێکی زۆری کاتۆلیکە  ئایندارەکان پشتیوانی کۆمارییەکانن بە هۆی سێکویلاربونی زیاتری دیموکراتەکان و دوور کەوتنەوەیان لە بەها ئاینیەکان. 
بە گشتی گواستنەوەکە ئاوس بوو بە سیمبول و ئاماژە و پەیامی زۆر. دیارە ئەم پەیام و ئاماژانە ئاراستەی ناوخۆ ئەمریکان. بەڵام ڕاستەوخۆ کاریگەرییان هەیە لە سەر سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکاش، چونکە ئەم ئیدارەیە ناتوانێت دژە بە  بەرژەوەندی ئەو گروپانە بوەستێتەوە لە هەرکوێی دونیادابن. بۆ ئێمە گرنگە کە تێبگەیەن ئەم ئیدارەیە چۆن رەفتار دەکات و میکانیزمی دەسەڵاتی چۆن فەراهەم دەکات.  

ئەم پەرتەوازەییەی ئەمریکا وەها لێدەکات کە نەتوانێت دید و سیاسەت و پلانی درێژخایەنی هەبێت. ئەمە بۆ ئەوانەی کە ئەمریکا بە دۆستی خۆیان دادەنێن مایەی ئازارێکی زۆرە. بەڵام هەروەها بۆ ئەوانەش کە ئەمریکا بە نەیاری خۆیان دادەنێن. چیدی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا لە واشنتۆن نیە، بەڵام لە ولایەتێکی دوورە دەستە لە دەستی چەند هەزار دەنگدەرێکی کەمدا. لە سێ ولایەتی سەرەکی جیاوازی نێوان ترەمپ و بایدن کەمتر لە ٥٠ هەزار دەنگ بوو. بە خێربێی بۆ سەردەمی ئەم شانم ناو ئەوشانم لە سیاسەتی ئەمریکادا.

 

23/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر