کێ شوێنی نەوشیروان مستەفا دەگرێتەوە؟

نەوشیروان مستەفا لە بەردەم لایەنگرانی گۆڕاندا.. فۆتۆ: شوان محەمەد

"پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان ببێت بە دامەزراوەیەکی ئەوتۆ کە بە مردنی کەسێک و چەند کەسێک توشی هیچ قەیرانێک نەبێت" نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان سێ ساڵ بەر لە ئێستا بەم شێوەیە دوا، بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەکەش جەمال محەممەد، سكرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتە کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە،

دوای کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا زۆرێک دەپرسن کێ شوێنی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەگرێتەوە، لە یەکەم لێدواندا لەسەر ئەو پرسە قادر حاجی عەلی هەڵسوڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان، ڕایگەیاند کە لە کاتی نەخۆشکەوتنی نەوشیروان مستەفاشدا ئەوان نەیانتوانیوە شوێنی ئەو پڕبکەنەوە و ڕایگەیاند شوێنی نەوشیروان مستەفا پڕناکرێتەوە بەڵام ئەوان بزووتنەوەیەکی گەورەن و کۆدەبنەوە بۆ بەڕێوەبردنی بزووتنەوەکە.

بە گوێرەی پەیڕەوی ناخۆی بزووتنەوەی گۆڕان کە بە دەستووری بزووتنەوەکە ناسراوە سەبارەت بەو پرسە هاتووە "لەکاتی چۆڵبوونی جێگەی ڕێکخەری گشتیدا لە سۆنگەی وازهێنانی یان هەر هۆیەکەی ترەوە، بۆ پڕکردنەوەی شوێنەکەی، یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتیمانی یان یەکێک لە ئەندامانی جڤاتی گشتی یان کەسایەتییەکی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان لەدەرەوەی هەردوو جڤات، بە دەنگدانی نهێنی و ڕاستەوخۆ و بە زۆرینەی ڕەها هەڵدەبژێرن".

دەستووری ناوخۆی بزووتنەوەی گۆڕان ئاماژە بۆ ئەوە دەکات ئەگەر جڤاتی نیشتیمانی نەیتوانی کەسێک بۆ ڕێکخەری گشتی دیاری بکات بۆ ئەو مەبەستە کۆنگرەی نائاسایی دەبەسترێت.

هێشتا دیار نییە کە ئایا بزووتنەوەی گۆڕان دەتوانێت بێ گرفت پۆستی ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان پڕبکەنەوە یاخود نا بەڵام بەرپرسانی بزووتنەوەکە جەخت دەکەنەوە کە دوو ساڵ دووری نەوشیروان مستەفا ئەزمونێکی باش بووە کە بزووتنەوەکە بێ گرفت بتوانرێت بەڕێوە ببرێت.

لەگەڵ کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایگەیاند کە بە یەکگرتنەوەیان لەگەڵ گۆڕان ڕۆحی نەوشیروان مستەفا ئاسودە دەکەن، ئەمەش لە کاتێکدا دێت کە هێشتا لە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستاندا دوای نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی گرفتی کەسی یەکەم لەو حزبەدا کە ڕۆژگارێک نەوشیروان مستەفا کەسی دووەمی ئەو حزبە بووە چارەسەر نەکراوە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی ڕووداوی نزیک لە پارتی جەمال محەممەد، سكرتێری جڤاتی گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێتە کەسی یەکەمی بزووتنەوەکە تاوەکو رێکخەر هەڵدەبژێردرێ، سێ کەسیش بۆ پۆستی رێکخەری گشتی کاندیدن.

سەبارەت بەو پرسە ئاوات شێخ جەناب، ئەندامی جڤاتی نیشتمانیی ڕایگەیاندووە "كاك نەوشیروان داوای لێكردووین دەستووری گۆڕان جێبەجێ بكەین. دەستووری گۆڕانیش لەبارەی پۆستی رێكخەری گشتی چی دەڵێ‌، ئەوە جێبەجێ دەكەین".

وتوشییەتی:"كاك نەوشیروان دوو ساڵە بە فیعلی دەستبەرداری ئێمە بووە و لە دوورەوە سەیری دەكردین، ئێمەی خستبووە ژێر تاقیكردنەوە".

عەدنان عوسمان، هەڵسوڕاوی گۆڕان دەڵێت، پێشتر لەوبارەیەوە گفتوگۆی لەگەڵ نەوشیروان مستەفادا كردووە. ئەو بە رووداوی راگەیاند "چەندینجار گفتوگۆمان لەگەڵ كاك نەوشیروان كردووە لەسەر ئەو مەوزوعە، نامەی ئەویشمان هەیە كە دەڵێ‌ لابردن و دانانی رێكخەری گشتی لەنێو گۆڕان لە ئاوخواردنەوە ئاسانترە. بەپێی دەستووری ناوخۆی گۆڕان میكانیزمی گۆڕین و دانانی رێكخەری گشتی سادەیە و ئاڵۆز نییە".

هەروەها پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان، عەدنان عوسمان دەڵێ‌: "لەڕووی ئۆرگانی و حیزبییەوە مامۆستا جەمال محەممەد لەدوای كاك نەوشیروان كەسی دووەمە. لەكاتی ئامادەنەبوونی كاك نەوشیروان ئەو سەرپەرشتی كۆبوونەوەكانی دەكرد، ئەمە مانای ئەوە نییە دەبێتە رێكخەری گشتی، بەڵكو بە مانایەكی رەمزییە كە ئەو لەدوای رێكخەری گشتی كەسی دووەمە، چونكە سكرتێری جڤاتی نیشتمانییە و ئێستا كە كاك نەوشیروان مستەفا نەماوە، مامۆستا جەمال لەڕووی ئۆرگانییەوە كەسی یەكەمی گۆڕانە".

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکەی ڕۆژنامەکەی نزیک لە پارتی ئێستا لەنێو گۆڕان باسی سێ‌ كەسایەتی بۆ شوێنگرتنەوەی رێكخەری گشتیی گۆڕان دەكرێت: قادری حاجی عەلی، عومەری سەید عەلی و عوسمانی حاجی مەحموود كە هەرسێكیان لە ماوەی ئامادەنەبوونی نەوشیروان مستەفادا رۆڵیان هەبووە.
میدیاکە لە زاری سەرکردەیەکی یەکێتییەوە بڵاویکردووەتەوە"پێشبینی دەكەین كاك قادر رۆڵی پلە یەك لەنێو گۆڕان لە دوای كاك نەوشیروان ببینێت، ئەگەر بە فەرمیش نەبێتە رێكخەری گشتی، داڕێژەر و جێبەجێكاری سیاسەت لەنێو گۆڕان ئەو دەبێت. لەنێو گەنجەكان تا ئاستێكی باش مەقبولە، توانای بڕیاردانی هەیە، جگە لەوەش هەم لەلای ئێرانییەكان ناسراوە لە سەردەمی دەزگای زانیاری، هەم پەیوەندیی لەگەڵ سەركردەكانی یەكێتی زۆر باشە، لەگەڵ پارتیش پەیوەندیی خراپ نییە".
لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا زانیارییەکان بەر لە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاش ئاماژەیان بۆ بوونی ململانێ دەکرد لە نێوان نەوەی پیر کە مەبەست لێی ئەو سەرکردانەن کە پێشتر لە یەکێتیی جیابوونەتەوە و لەگەڵ نەوەی نوێی بزووتنەوەکە، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا یەکێکی دیکە لە بژاردەکان کە لەناو گۆڕاندا باسی لێوە دەکرێت پێکهێنانی ناوەندێکی بڕیاردانە کە خۆی لە تێکەڵەیەک لەو دوو ئاراستە جیاوازەی بزووتنەوەکەدا یاخود پێشنیازی بوونی هاوسەرۆکی دەکرێت لە ناو ئەو حزبەدا.

ئەگەرچی تەنها سێ ڕۆژ بەسەر کۆچی دوایی ڕێکخەری گشتی گۆڕاندا تێپەڕیوە، بەڵام گفتوگۆکان لە ناو گۆڕاندا بۆ پڕکردنەوەی شوێنی نەوشیروان مستەفا بە هێمنی دەڕوات و تا ئێستاش هیچ کەسێک بە فەرمی بۆ ئەو پۆستە دیاری نەکراوە و دیاریش نییە کەی جڤاتی نیشتیمانی بۆ ئەو پرسە کۆدەبێتەوە.





ئه‌م بابه‌ته 41795 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:10:40:22/05/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved