" تازە دروستبوونی بێدەنگی ئەستەمە"
سەردار عەزیز: نەوشیروان مستەفا جۆرێکی جیاوازی کاریزما بوو

سەردار عەزیز، نوسەری دیاری کورد لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا باس لە ئەگەرەکانی دوای مردنی نەوشیروان مستەفا دەکات و پێشی وایە "نەوشیروان مستەفا سەر بە جۆرێکی جیاوازبوو لە کاریزما. جۆرێک کە ڕاستەقینەبوو لە بەرامبەر کاریزمای تر کە پشت بە پارە و ترس و بژێوی و لوتبەرزی دەبەستێت".

ئەو ڕۆشنبیرەی کوردە سەبارەت بە ئایندەی بزووتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، دەڵێت "خەڵك گەر دەیەوێت گۆڕان بە زیندویی و کاراییی و خەڵك دۆستی بمێنێتەوە دەبێت بە ئاگایی و کراوەیی و ڕەخنەییانەوە پشتیوانی بکات. چونکە لە ڕاستیدا گۆڕان بۆ گۆڕان دروست نەبوە، بەڵکو گۆڕان ئامرازێکە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری"



ئەمە دەقی چاوپێکەوتنەکەی سپی میدیایە:

سپی میدیا: لە رووی سیاسی یەوە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا چ مانایەک دەگەیەنێت، نەوشیروان مستەفا چی ئیزافەیەکی خستبووە سەر واقیعی سیاسی لە کوردستاندا، بەمردنیشی چی لەم واقیعە کەم دەکات؟

سەردار عەزیز: بە دیدی من نەوشیروان مستەفا لە چەند ئاستێکدا ڕۆڵێکی جیاوازی هەبوو لە سیاسیەکانی تری ناو کایەی سیاسی کوردی. بەڵام پێش ئەوەی ئەمە زیاتر ڕاڤە بکەم، حەزدەکەم دیدی خۆم زیاتر بەیان بکەن بەوەی کە من چۆن چوارچێوەی گشتی سیاسەتی کوردی دەبینم.

بۆ من سیاسەتی کوردی، کاتێک من وەها دەڵێم، مەبەستم لەو جۆرە سیاسەتەیە کە لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەستی پێکردوە، لە چوارچێوەی شەڕی ناوخۆدا بەڕێوەدەچێت. ئەم چوارچێوەیە چونکە ئێمە زۆربەمان تیایدا ژیاوین، وەک بەدیهییەک وەری دەگرین، هێشتا نەبوەتە مایەی تێڕامانی ئێمە. شەڕی ناوخۆ لە دونیای ئێمەدا کە لە هەموو ئاستێکدا و لە هەموو ساتێکدا بوونی هەیە، هێشتا بیرلێنەکراوەیە.

شەڕی ناوخۆ لە هەمانکاتدا وەک جۆرێک لە شەرم و تابو و بێدەنگکراو مامەڵەی لە گەڵدا دەکرێت. ئەمە بە تایبەت ئاستە خوێناویەکەی. بۆ نموونە خەڵکانێکی زۆر هەن کە لە ژیانی ڕۆژانەیاندا شەڕی ناوخۆ بەرجەستە ئەکەن، چەمکەکانی بەکاردەبەن، جەخت لە سەر جوگرافیای دەکەنەوە، سورن لە سەر پیادەکردنی ئەخلاقی ئەو شەڕە، بەڵام خۆیان بە دژ بە شەڕی ناوخۆ دەزانن.

ئەمە کرۆکی ئەو تراژیدیایەیە کە بەبێ ئاگایی بوونی هەیە لە دونیای ئێمەدا، ئەویش ئیدراک نەکردن بەوەی کە تۆ لە چ دۆخێکدا دەژیت، لە چ فۆرمێکی ململانێدای و چۆن پیادەی دەکەیت و درێژەی پێدەدەی. ئەمەش هۆکاری ئەوەیە کە ئێمە بە ئاسانی ناتوانین لێێ داببڕێین.

لای من شەڕی ناوخۆ چەندین فۆرمی هەیە: فۆرمی ئاسایشی، بە مانای ئەوەی کە هێزەکان چۆن وەک مەترسی یەکتر دەبینن، چۆن لە ئاستی عەقڵیدا وەها لە قاڵبدراون کە دەبێت بەردەوام دژ بە یەک بن، چۆن لە ئاستی ئەخلاقیدا چوارچێوەیەکیان داڕشتوە، بەوەی پێوەری سەرەکی هەمو کارێک هەڵسوکەتی بەرامبەرە.

بەڵام لەمە گرنگتر شەڕی ناوخۆ نەک تەنها ئاستی جیاوازی هەیە، وەک ئاستی زمانەوانی، ئاگایی، میدیایی، جوگرافی، ئابوری، بەڵکو لە فۆرمی جیاوازیشدا بەڕێوەدەچێت. بۆ نموونە دەتوانین باس لە شەڕی ناوخۆی نەرم و ڕەق بکەین.

شەڕی ناوخۆ ئەو روداوەیە کە دژە ئاگایی نەوشیروان مستەفا لە قاڵب ئەدات. وەک لە سەرەتای نەوەدەکانەوە لە خیتابەکانیدا دەیبینی، هەمو جەختکردنەوەی ئەو لە سەر ئەوەیە کە چۆن ئەم دۆخە ئاڵۆزەی شەڕی ناوخۆ تێپەڕێنێت. ئەوەی نەوشیروان مستەفا لە هەموو ئەوانی تر جودا دەکاتەوە ئەوەیە کە ئەو خوازیاری ئەوەنیە کەم ئەم شەڕە بە شەڕ کۆتایی بێت. یان بە مانایەکی تر زاڵبونی هێزێک بە سەر هێزێکی تردا بە چارەسەر نابینێت. بەڵکو دەزگا بە بنەمای ئەم تێپەڕاندنە دەبینێت.

ئەم دیدە تاقانەیە و هێشتا ئەوانەی لە هەناو سیاسەتی کوردیدا کار دەکەن ناتوانن تێیبگەن و زۆر لەوە قورستریش بە هیچ شێوەیەک ناتوانن پشتیوانی لێبکەن، لێگەڕێ لەوەی کە پیادەی بکەن. لە ڕاستیدا تێپەڕاندنی چوارچێوەی نەفسی و عەقڵی و بەرژەوەندی شەڕی ناوخۆ زۆر بە مەترسیدارتر دەبینرێت لە هەر شتێکی تر لای نوخبەی سیاسی کوردی. چونکە ئەوە چوارچێوەی مانەوەیانە. ئەگەر کرۆکی ئاسایش مانەوەیە، سەرڤایڤاڵ، ئەوا دۆخی شەڕی ناوخۆ گەرەنتی مانەوەی نوخبەی سیاسی دەکاتە و تێپەڕاندنی بە پێچەوانەوە وەها دەبینرێت کە مەترسیە. من لێرەدا دوو جۆر لە پارادایم دادەڕێژم: یەکەم شەڕی ناوخۆ وەک جۆرێک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، لە بەرامبەریدا دەزگا یان حکومەت وەک جۆرێکی دژ بە شەڕ. هەمومان دەزانین کە شەڕی ناوخۆ لە سەر رق و پەرتبوون و سوکایەتی بەندە. هەمو ئەمانە ڕەهەندی شەخسییان هەیە. بەم پێیە لای هەر لایەک لە ئەنجامدەرانی شەڕی ناوخۆ پاڵەوان هەیە و ئەم پاڵەوانە وەک ناپاڵەوان لە لایەکەی تر دەبینرێت. ئەمەش وەها دەکات کە ئەوەی زاڵبێت بە سەر دۆخەکە شەخس و دەوروبەرەکەی بێت. لە ئەنجامی ئەمەدا هیچ شتێک نایەتە ئاراوە بە ناوی نیشتمان، نەتەوە، تێرەتۆری، یاسا، هیزی نیشتمانی و زۆر بواری تر.

نەوشیروان مستەفا ئەو کەسایەتیە بوو کە لە رێگای هێنانە ئارای ئۆپۆزسیونی مەدەنی، پەرلەمانێکی چالاک، بڕوابوون لە بوون بە بەشێک لە حکومەت و لە هەمانکاتدا بوون لە دەرەوەی حکومەت، شەڕکردن بە وشە، کرانەوە بۆ نزیکبونەوە و دانوستان لە گەڵ هەمواندا. کۆمەڵێک بنەمای شەڕی ناوخۆی تێپەڕاندا. لە عەقڵی شەڕی ناوخۆدا ناکرێت لە دەسەڵاتدا نەبێت یان بەشێک نەبێت لە دەسەڵات. لە عەقڵی شەڕی ناوخۆدا سیاسەت بریتی نیە لە خزمەتکردنی گشت، بەڵکو بریتیە لە شەڕی ئەوەی کە دەبێت باڵادەست بیت. لە عەقڵی شەڕی ناوخۆدا، خەڵك وەک سوتەمەنی شەڕ دەبینرێن، زۆرترین شت پێیان ڕەوا دەبینرێت شەهیدبوونە.

نەوشیروان مستەفا ویستی هەموو ئەم چەقبەستوویە عەقڵی و ئەخلاقی و بەرژەوەندیخوازانە تێپەڕێنێت. دەکرێت بە کورتی بڵێین کە نەوشیروان مستەفا ئەمانەی خوارەوەی هێنایە ناو کایەی سیاسەتی کوردیەوە:

یەکەم، تێپەڕاندنی شەڕی ناوخۆ، دووەم، جەختکردنەوە لە سەر دەزگا لە بەرامبەر شەخسدا، سێیەم، کردنی خەڵك بە ئەکتەرێکی سیاسی و خاوەن بەرژەوەندی، چوارهەم، بەکارهێنانی زانیاری بۆ بەدەستهێنانی ماف، پێنجەم، بەخشینی خەون و هیوا و زەمینەی هاتنەئارای دونیایەکی باشتر. بەڵام لە سەری هەمویەوە نەوشیروان مستەفا لەوەدا لە هەموان جیاوازتربوو ئەوەبوو کە خۆی تێپەڕاندبوو. مەسعود بەرزانی و جەلال تاڵەبانی ئازاری کوردیان بەکارهێناوە بۆ دەستکەوتی شەخسی و بنەماڵەیی. کە ئەمە ئیهانەیە بە هەموو کوردێک، بەڵام نەوشیروان مستەفا ئەمەی تێپەڕاند. خۆی تەرخان کرد بۆ کورد، نەک بە پێچەوانەوە.

سپی میدیا: پەیوەندیەکی توندوتۆڵ هەبوو لەنێوان گوتارەکانی نەوشیروان مستەفاو ئەو گرووپە نارازییەکانی کۆمەڵگای کوردی، بەڕای بەڕێزت دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەم گرووپانە بێدەنگ و خەفە دەبن، یان بەرەوتوندرەوی دەڕۆن؟

سەردار عەزیز: تازە بێدەنگی ئەستەمە. یەکێک لە ڕەهەندە گرنگەکانی کاری نەوشیروان مستەفا ئەوەبوو، کە گۆڕانی وەها نەدەبینی کە ئامرازی ئەوبێت یان دەسکەلای ئەوبێت. بەڵکو گۆڕان بزوێنەری قەزییەکی گشتی و هەموانی بوو. ئەو بە جیاواز لە هەموو پارتە سیاسیەکانی تر، پەیوەندی لە گەڵ تاکی کوریدا ئەوەبوو کە، بجوڵی، داوای مافی خۆت بکە، تۆ خاوەن مافی. ئیتر بە لایەوە گرنگ نەبوو ئەم داوای مافە چۆنە. ئەم دیدە بەشێکە لە فەلسەفەی لیبرال لە چەند ئاستێکدا: یەکەم جەختکردنەوە لە سەر تاک و مافی، دووەم، ئازادکردنی تاک لە چۆنێتی هەڵسوکەوتی، سێیەم، دژایەتی تۆتالیتاریزم. دەبینین هەموو هێزە کوردیەکانی تر تا ئاستێکی زۆر هێزی تۆتالیتارین، بەوەی دەیانەوەێت هەموو ڕەهەندەکانی ژیانی ئەندامەکانیان کۆنترۆڵ بکەن، یان ئەندامەکانیان لە تۆڕێکی چڕی سیخوڕی و هەڕەشەی هەمیشەدا وابەستەکردوە. نەوشیروان مستەفا وەها نەبوو. ئەو تاکی وەها دەبینی کە لە سەر بنەمای قەزیە و بەرژەوەندی خۆی دەبێت سیاسەت بکات. بە هیواش بوو دەنگەدەری گۆڕان لەو جۆرەبێت. هەرئەمەش بوو زۆر خەڵكی لایەنی تر هەبوون دەنگدەری گۆڕان بوون، چونکە گۆرانیان وەک بزوتنەوەیەک نەدەبینی لە دەرەوەی خۆیان، بەڵکو ئازادانە لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا پیوە پەیوەست بوون. ئەم نەریتە نوێیە، نەریتی هاووڵاتی بوون بوو. بەو مانایە ئەوە خەڵکە کە دەبێت حیزب بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی، نەک حیزب خەڵك بەکاربهێنێت بۆ بەرژەوەندی خۆی.

بۆیە ئەستەمە جارێکی تر بێدەنگی بێتەوە کایەوە. دیارە، دەبێت دان بەو ڕاستیەدا بنێین کە نەک لە کۆمەڵگایەکی زۆر دواکەوتووی وەک کۆمەڵگای کوردی، بەڵکو لە هەرە پێشکەوتووترین کۆمەڵگاکاندا شەخس و کاریزما ڕۆڵی هەیە. ئەم ڕۆڵە وەک بزوێنەر، وەک ئیلهام بەخش، وەک دروستکردنی ئەو قەناعەتەی کە ئەو کەسە جیاوازە لە ئەوانی تر و دەتوانێت ئەوەی بە زۆر کەسی تر ناکرێت ئەو بیکات، ئەمە ئەگەر دیدێکی ماکس ڤیبەریمان هەبێت بۆ کاریزما.

بەڕای من دەبێت خەڵك بەدوای کاریزمای گەورەو هەتا مردندا نەگەڕێت. ڕۆژگاری ئەوە بەسەرچوە، بەڵکو دەبێت کار لە سەر خواست و قەزیە و ماف و پێداویستی بکات و بۆ هەر یەکێک لەم بوارانە بە دوای کاریزمای تایبەتی خۆیدا بگەڕێت.

سپی میدیا: ئایا دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا، دەتوانین بڵێن پەردە لەسەر کاریزما سیاسیەکانی ئێمە دادەدرێتەوە، دەتوانین بڵێین کۆتایی قۆناغی کەسایەتییە کاریزمییەکانە لە باشوری کوردستان؟

سەردار عەزیز: پرسی کاریزما پرسێکی ئاسایی نیە. وەک دەڵێن، تیورەی مارکس بۆ مێژوو لە ڕووی لۆجیکەوە زۆر موقنیعە، بەڵام لە ئاستی واقیعدا وەها نیە. بەڵام تیورەی ماکس ڤیبەر لە ئاستی لۆجیکدا ئاسان نیە بڕوای پێبکەیت، بەڵام لە ئاستی واقیعدا کاریگەرە. ئایا کاریزما لە دونیای ئێمەدا کۆتایی پێدێت؟ وەڵامی ئەم پرسیارە سەختە. چونکە کاریزمای دونیای ئێمە پەیوەست نیە بە کاریزمایی بوونی کەسەکە. بەڵکو پەیوەستە بە جۆری نەرەتیڤی (سرد) پاڵەوانەکە و ئاستی وەرگرتنی خەڵك بۆ ئەو نەرەتیڤە. بەم پێیە دەتوانین بڵێین ڕەنگە سەردەمی ئەو جۆرە حیکاتەیە بە سەرچووبێت کە ئەو جۆرە کاریزمایەی دروستکرد، لە سەردەمی شاخ و چەکداری و نەرەتیڤی قارەمانێتی بۆ کوردایەتی. ڕەنگە بتوانین بڵێین کە چیدی کوردایەتی پێویستی بە پاڵەوان نیە، بەڵکو پێویستی بە کەسێکە کە خزمەت بکات و هەوڵی گۆڕانکاری بدات. بەڵام لە هەمانکاتدا دەتوانین، بە پشت بەستن بە روداوە سیاسیەکانی ئەم چەند ساڵەی ڕابوردوو، ئەوە بڵێین کە ئەگەر جاران شەڕ و سەنگەر و خەبات و شاخ، مەتریاڵەکانی کاریزمابوون، ئەوا ئەمڕۆ وێنە و شاشە و نمایش و نواندن و جلوبەرگ و زۆر شتی تر، مەتریاڵی کاریزمان.

بۆ ئەوەی پۆلێنێکی گشتگیری بکەین دەکرێت بڵێین ئێمە بەرە قۆناغی پۆستمۆدرێنی کاریزما دەڕۆین. ئەم قۆناغە، کاریزما تیایدا دروست دەبێت، لە سەر بنەمای هەمەڕەنگ، ڕوکەش، بۆ کاتی کەم و خێرا. هەر لە سەر ئەم دیدە دەتوانین ئەوە بونیادبنێین کە کاریزما ئەمڕۆ کۆنسیوم دەکرێت. بەڵام جاران تەقدیس دەکرا. جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نیوان کۆنسیوم (ئیستهلاک) لە گەڵ تەقدیس.

دەکرێ بڵێین نەوشیروان مستەفا سەر بە جۆرێکی جیاوازبوو لە کاریزما. جۆرێک کە ڕاستەقینەبوو لە بەرامبەر کاریزمای تر کە پشت بە پارە و ترس و بژێوی و لوتبەرزی دەبەستێت.

سپی میدیا: رای جیاواز هەیە لەسەر ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی لە رۆژی ناشتنی نەوشیروان مستەفا بەشداریان کرد، هەندێک پێیوابوو ئیستفتایەک بوو بۆ خەڵکی ناڕازی بەرامبەر دەسەلآتی کوردی، هەندێک تر پێێیان وابوو شیوەنکردن بوو بۆ مردنی باوک، بەڕێزت چۆن لەم پرسە دەڕوانیت؟

سەردار عەزیز: شیوەنەکە، هەردوکیابوو. ئیستیفتا و مەرگی باوکیش. پێکەوە گرێدانەکە ڕوونە، کاتێک خەڵک لە بەر خەمخواردنی نەوشیروان مستەفا بۆیان، لە مەراسیمی بەخاکسپاردنەکەیدا بەشدارییان کرد. ئەمە ئەو جۆرە میتۆدەی دەسەڵاتە کە لە دونیای کوردیدا، بە شێوەی تەقلیدی بوونی نیە. دەکرێت بوترێت تەنها نەوشیروان مستەفا لە کوردستان خاوەن دەسەڵات بوو. ئەوانی تر هەموو خاوەن هێزن، تەنها لە بەر بوونی هێزیشیان، وە ئامادەبونیان بۆ بەکارهێنانی هێزیان دژ بە خەڵك بوون بە خاوەن پێگە. ئەمە یەکێکە لە ئەو خراپ بەکارهێنانەی چەمکی دەسەڵات لە دونیای پاش ڕاپەڕین. ئەم پەیوەندیە دەسەڵاتیە لە نێوان جەماوەر و کەسی نەوشیروان مستەفادا، خاڵێکی ترە لە تێپەراندنی جۆری پیادەکردنی هێز و حوکمداری لە دونیای کوردیدا.

هەرچی چەمکی باوکە دوو ئاستی هەیە: ئاستێک پۆزەتیف و ئاستێکی تر نێگەتیف. باوک لە ئەدەبیاتی کوردیدا بونەوەرێکی نێگەتیفە. ئەو کەسەیە کە رێگە لە سەربەخۆیی تاک دەگرێت، ناهێڵێت کەسەکە خۆی بێت و دەیەوێت لە سەر وێنای خۆی بونیادی بهێنێتەوە. لە هەمانکاتدا بێ باوک بوون وەک دۆخێکی ئازادی دەبینرێت بەڵام دۆخێک کە ناتوانرێت ئەزموون بکرێت. لەم دیدەوە باوک ئەو کەسەیە کە، بە دیدی کانت، رێگرە لە بوونی تاک بە بوونەوەرێکی ڕۆشنگەر.

ئەم دیدە کوردیە کۆمەڵێک قەیرانی زۆری تیادایە. لە کاتێکدا باوک بە خراپ وەردەگرێت، لە هەمانکاتدا دۆخێکی خراپتر لە بێ باوکیدا وێنا دەکات. بەمجۆرە ئەم دیدە بانگەشەیە بۆ بێتوانایی یان مەحاڵێتی ئازادبوون یان ڕۆشنگەربوون، بە دیدی کانت.

بەڵام دەکرێت کەسی سەرکردە وەک خاڵێک یان ناوەندێک ببینرێت، کە ووردە وزەی تاکەکانی تیادا کۆدەبێتەوە، بۆ ئەوەی وزەیەکی گەورە لە خۆیدا پەنهان بکات و توانای ئەنجامدانی کاری گەورە، یان وەرچەرخانی هەبێت. ئەم لە رێگای پشتیوانی، تەماهی، بە سیمبولبوون، هاوڕاییەوە بەرجەستە دەبێت.

ئەمە گرنگە لە کۆمەڵگایەکدا کە هێشتا نەیتوانیوە دەسەڵات یان دەسەڵاتداری خۆی بکاتە میکانیزمێکی بەڕێوەچوون لە دەرەوەی تاکەوە، لە نەبوونی یاسا، دەستور، دادگا، هێزی بێلایەن، ئابوری ئازاد، دەزگا و زۆر شتی تر. ئەگەر تۆزێک جیاوازتر بنواڕین، دەکرێت وەها بیربکەینەوە، کە خەڵک ئەو بەیانی زووە ماڵەکانیان جێهێشت هەتا رێگایەکی درێژ بە ناوشاردا ببڕن، بۆ ئەوە پەیامی ئەوە بگەیەنن، کە کەسێکیان لێ ڕۆشت کە بایەخی پێدەدان و شایستەی ئەوەبوو دەسەڵاتی هەبێت چونکە خەمی دەخواردن. لە ئەنجامدا ئەو کەسێک بوو خاوەن دەسەڵاتێکی شەرعی و قبوڵکراو و خوازراوبوو، بە پێچەوانەی ئەوانی ترەوە.

یەکێک لەو هەنگاوە گرنگانەی قۆناغی پاش نەوشیروان مستەفا زەمنیە سازیە بۆ رێگری کردن لە بوونی تاکە کەسێک بە خاوەن هێز یان دەسەڵاتی ناشەرعی یان تەنانەت شەرعیش. ئەمە خۆی لە پەرلەمانی بوونی سیستەمی سیاسی کوردستاندا دەبینێتەوە. سیستەمی سەرۆکایەتی هەمیشە زەمینەسازە بۆ دروستکردنی شەخس، بۆ سیاسەتی پشت بەستن بە شەخس. بەڵام سیستەمی پەرلەمانی هەمیشە شەخس، ئەگەر دروست بکات، ئەوا بە ئاستێکی رێژەیی بەرهەمی دەهێنێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو.

ئەمە باشترین رێگایە بۆ کۆتایی هێنان بۆ قۆناغی شەخس پەرستی. کە قۆناغێکیە ئێمە دەبێت تێگەیشتنێکی ئەنترۆپۆلۆژیمان بۆی هەبێت. شەخسی سیاسی بونەوەری هەمان نەسقە ئاینیەکانی ناو دونیای شیخ و تەریقەت و مشایەخە. کەسەکانیش دەروێشن. چۆن دەسەڵات وورد بکەینەوە، ریژەیی بکەین، سنورداری بکەین، هەتا لە ئەنجامدا ئەوەی وەک بەهێز دەردەکەوێت کەسەکان نەبن، بەڵکو ناوەندەکە یان دەزگاکە بێت. لە هەمانکاتدا ئەوە خەڵکە کە بەرهەمهێنی ئەو دەسەڵاتەیە و کۆتایی پێهێنەریشیەتی؛ نەک هیچ بنەمایەکی تر. ئەگەر ئەوەمان کرد، ئەوا دەتوانین بڵێین بەخێربێن بۆ دیموکراسی.

سپی میدیا: پرسیارێکی سووک و ئاسان، نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی ناڕازی بەناوی گۆڕانەوە دروستکرد، دوای مردنی ئەو بزووتنەوەکە لەبەردەم چەندان رێگای جیاوازدایە، ئەم بزووتنەوەیە دوای کۆچی دوای رێکخەرەکەی روو لەکوێ دەکات و بەرەو کوێ دەچێت؟

سەردار عەزیز: زۆر سوک و ئاسانە. ئایا نەوشیروان مستەفا دەمرێت، یان سەرلەنوێ لە دایک دەبێتەوە؟ ئەوەی من بە پاریزەری ئەم ئەرکە دەزانم خەڵكە. وەک چۆن خۆیان خۆویستانە بەشداربوون لە مەراسیمی بە خاک سپاردندا، بە هەمان شێوە دەبێت خەڵک چاودرێربێت بە سەر پەیامەکانیەوە. چونکە ئەوە پرسیارێکی هەڵەیە بپرسین ئایا گۆڕان چی لێدێت؟ بەڵکو پرسیاری ڕاستەقیەن ئەوەیە، کە ئایا خواستی گۆڕانکاری، توانای گۆرانکاری، چییان لێدێت؟ بۆیە خەڵك گەر دەیەوێت گۆڕان بە زیندویی و کاراییی و خەڵك دۆستی بمێنێتەوە دەبێت بە ئاگایی و کراوەیی و ڕەخنەییانەوە پشتیوانی بکات. چونکە لە ڕاستیدا گۆڕان بۆ گۆڕان دروست نەبوە، بەڵکو گۆڕان ئامرازێکە بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری. فەلسەفەی گۆڕانیش لەوەدا جیاوازە لە ئەوانیتر کە هاندەری کەسێک یان هاووڵاتیەکی ئازادە کە خۆی پێش هەموو کەسێکی تر خەمی خۆی بخوات، بە مەرجێک خەمە شەخسیەکی دژ بە خەمی گشتی نەبێت. دەکرێت جیاوازبێت، بۆیە دەبێت دانوستان لە نێوان تاک و کۆمەڵدا بێتە ئاراوە، کە لە ئەنجامدا سیاسەت لە دایک دەبێت.

هەرچی لە ئاستی بەڕێوەچوندایە ئەوا قۆناغی دوای نەوشیروان مستەفا دەبێت جیاوازبێت. گۆڕان دەبێت قۆناغی شەخس تێپەڕێنێت.





ئه‌م بابه‌ته 3488 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:05:59:02/06/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved