ناڕەزاییەکانی خەڵک بەرەو کوێ؟
عەتا قەرەداغی: یەکێتی تا ساتی مردنیشی ترسێکی گەورەیان لە تارمایی نەوشیروان مستەفا هەبوو

عەتا قەرەداغی، نوسەر و ڕۆشنبیری ناوسراوی کورد باس لە ئەگەرەکانی دوای کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا دەکات و پێی وایە فشارەکان لەلایەن یەکێتییەوە بۆ سەر ئەو بزووتنەوەیە زیاتر دەبێت.
ئەو لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتی سپیدا باس لە ئەگەرەکانی فراوانبوون یاخود بەرەو توندوتیژچوونی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک دەکات دوای مردنی نەوشیروان مستەفا و دەڵێت "بۆ قۆناغی دواى نەوشیروان مستەفا مەرج نیە ناڕەزاییەکانی خەڵک چڕتر بێتەوەو ببێتە هۆى تووندوتیژى زیاتر بەڵکو ئەگەرى ئەوە هەیە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزتر بەڵام هێمنتر لە قۆناغی دواى نەوشیروان مستەفادا درووست ببێت".
دەقی چاوپێکەوتنەکە بخوێنەرەوە

سپی میدیا: لە رووی سیاسی یەوە کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا چ مانایەک دەگەیەنێت، نەوشیروان مستەفا چی ئیزافەیەکی خستبووە سەر واقیعی سیاسی  لە کوردستناندا، بەمردنیشی چی لەم واقیعە کەم دەکات؟
عەتا قەرەداغی: بێگومان ئەوە راستیەکی رەتنەکراوەیە هەموو بوونەوەران تەمەنێکی دیاریکراو دەژین و کۆتایی هەموو زسندەوەرێک بە مرۆڤیشەوە مردنە. هەرچەندە مردنی مرۆڤەکان زۆربەى کاتی مایەى خەم و پەژارەیە بەتایبەتی مردنی ئەو کەسانەى کە جێگەو پێگەیەکیان هەیە لە ناو کۆمەڵگەدا. لەو رووەوە کۆچی دوایی کاک نەوشیروان مستەفا کە خاوەنی مێژوویەکی دیارە جێگەى خەم و نێگەرانیە. ئایا مردنی ئەم کەسێتیە تەنیا مردنی بایۆلۆجیانەى تاکەکەسێکە یان مردنەکەى دەشێ لە رووى سیاسیشەوە کاریگەرى نەرێنی لە دواى خۆى بەجێبهێڵێت؟ هەڵبەت ئاشکرایە سەربارى خەباتی دوورو درێژى ئەم پیاوە لە ترۆپکی دەسەڵاتی یەکێتیدا بۆ ماوەى نزیکەى سی ساڵ و، دواتر کە هاتە دەرەوەى ئەو حیزبە توانی رووبەرێکی فراوان لە خەڵکی ناڕازى لە خۆى کۆبکاتەوە، کە ئەو خەڵکە بەرفراوانە هەموو ئومێدێکیان بەو پیاوە هەبوو کە بتوانێت ببێتە رزگارکەریان و لەو بارودۆخە رزگارییان بکات کە لێی ناڕازیبوون. ئەم تێڕوانینەش کە تێڕوانینی کۆمەڵگەى کوردى و کۆى کۆمەڵگە دواکەوتووەکانە کە هەموو هێزو ئیرادەى خۆى دەداتە دەستی تاکەکەس و چاوەڕوانی ئەو دەکات، هەمیشە زەمینە بۆ درووستبوونی پەیوەندی هەرەمی خۆش دەکات و لەو رووەشەوە کەسی یەکەم دەخاتە لوتکەى هەرەمەکەو لەگەڵ رۆیشتنی کاتدا خەڵک هەموو ئومێدو هیواو تەنانەت ئیرادەو بڕیارى خۆیشی دەداتە دەستی ئەو تاکەکەسە، تا دەگاتە ئاستێک لە روانینی خەڵکەکەیەوە ئەو کەسە پیرۆز دەکرێت و وەکو سەرکردەى تاکو تەنهاو بێ هاوتاو بێ کەموکورتی سەیر دەکرێت. بەکورتیەکەى ئەو کەسە بەرزدەکرێتەوە بۆ پێگەى پێغەمبەران و ئیتر دەگەیەنرێتە ئاستێکی هێندە بەرز کە دەکەوێتـە دەرەوەى هەموو رەخنەلێگرتن و قسە لەسەر کردنێک و جەماوەرى شوێنکەوتووى ئەم کەسێتیە، بوونی خۆى لە بوونی ئەودا دەبینێـتەوە، بۆیە کاتێک ئەو کەسێـتە دووچارى رووداو یان نەخۆشی و دواتر مردن دێت، جەماوەرەکە دەتاسێن و وەکو بێ سەرپەرشتیار دەمێننەوە. لە راستیدا بزووتنەوەى گۆڕان بە تایبەتی نەوەى نوێی گۆڕان ئەم کەسێتیەى گەیاندە ئاستی کاریزمایەکی گەورە بۆخۆیان و بوونی خۆیان لە بوونی ئەودا دەبینی و بەرجەستە دەکرد. لێرەوە کۆچی دوایی ئەم کەسێتە لە مردنی بایۆلۆجیەوە دەبێتە مردنی سیاسی و مردنی لوتکەى هەرەمە حیزبیەکە کە ئەوەش ماناى مردنی بڕیارى سیاسیە. بۆیە لەم رووەوە مردنی نەشیروان مستەفا مردنی لوتکەى هەرەم و بڕیارى سیاسی گۆڕانە. بە مانایەکی تر مردنی ئەو باوکەیە کە ئەو لە برى هەموو پێکهاتەى هەرەمە حیزبیەکەى بیرى دەکردەوەو بڕیارى دەدا.
راستە ئەم کەسێتیە توانی رووبەرێکی فراوان لە خەڵک کۆبکاتەوەو ببێتە کەشتیەوانی کەشتی ناڕەزاییەکانی خەڵک، بەڵام ئەمیش هەمان شێوەى سەرکردەکانی ترى کورد نەیتوانی شتێکی جیاواز لە رووى چۆنێتی و چەندێتیەوە درووست بکات و کەشتیەکە بەرەو کەنارى ئارام بڕانێ. مەبەستم لەم قسەیە ئەوەیە نەیتوانی لەبرى ئەوەى لە لوتکەى هەرمەکەدا بێت ئەسڵەن هەرەم درووست نەکات و حیزبێک یان رێکخراوێک درووست بکات کە سرووشتی پەیوەندییەکان تێیدا ئاسۆیی بن. لە رێکخستنی پەیوەندی ئاسۆییدا مردنی تاکەکەس رۆڵێکی ئەوتۆى نابێت لە سەر دامەزراوە حیزبیەکە، چونکە بڕیارى هاوبەش و دەنگی زۆرینە بڕیار دەدات، راستە گۆڕان خۆیان باسی بڕیارى هاوبەش دەکەن بەڵام پێموایە ئەوە هەر قسەیە، چونکە لە پرسەکەدا بینیمان ئەوانەى تەحەکومیان بە شتەکانەوە دەکرد ئەو چەندە کەسە بوون کە لە سەرکردایەتی یەکێتی جیابوونەتەوەو تەنانەت تاکەکەسی گەنجی ناو یەکێتی هەبوو لە پرسەکەدا لە هەموو گۆڕانەکان زیاتر شوێن و پێگەى دیاربوو. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت مەرگی نەوشیروان مستەفا نەک هەر لوتکەى هەرەمی گۆڕانی چۆڵکردووە بەڵکو وایلێکردووە خەڵک لە دەرەوەى گۆڕان خۆیان بتوانێت لە پرسەکەدا تەحەکوم بکات.
کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا رەنگە بە دوو جۆر کاریگەرى لەسەر واقیعەکە هەبێت، بە تایبەتی واقیعی سلێمانی. یەکەمیان کاریگەرى نەرێنی لەسەر بزووتنەوەى گۆڕان دەبێت و نازانین چۆن دەتوانن خۆیان بەڕێوەببەن چونکە کەسێک نیە لە ئێستادا لایەنی کەمی تواناکانی ئەوى هەبێت لە ناو ئەو بزووتنەوەیەدا تا رۆڵی ئەو ببینێت، ئەوەش رەنگە سەرئەنجام کاریگەرى نەرێنی لەسەر جەماوەردارێتی بزووتنەوەکە دابنێت، بە تایبەتی کەم نین ژمارەى ئەوانەى کە لەبەر کەسێتی نەشیروان مستەفا بوون بە گۆڕان، کەم نین ئەو خەڵکانەشی لە هەڵبژاردنەکاندا لەبەر نەوشیروان مستەفا دەنگیان بە بەربژێرەکانی ئەو بزووتنەوەیە داوە. دووەم مردنی نەوشیروان مستەفا کاریگەرى نەرێنی دەبێت بۆ سەر پەیوەندییەکانی گۆڕان و یەکێتی. پێموایە یەکێتی بۆ ئەمەودوا بەهەمان شێوەى ئەو کاتە مامەڵە لەگەڵ گۆڕان نەکات کە نەوشیروان مستەفا لە لوتکەى هەرمی بزووتنەوەى گۆڕاندا بوو چونکە سەرکردایەتی یەکێتی تا ساتی مردنیشی بە گشتی ترسێکی گەورەیان لە تارمایی نەوشیروان مستەفا هەبوو تا ئەو ئەندازەى لە کۆنەستی سەرکردایەتی نەوەى شاخی یەکێتیدا نەوشیروان مستەفا هەم سکرتێرى کۆمەڵەو هەم سکرتێرى دووبارەى یەکێتیش بوو، پێموایە زۆرینەى سەرکردایەتی یەکێتی لە سێبەرى نەوشیروان مستەفا دەترسان و سەربارى ئەوترسەش هێشتا پەیوەندییان لەگەڵ بزووتنەوەى گۆڕان باش نەبوو. ئێستا ئەو ترسە لاى سەرکردایەتی یەکێتی نەماوە، بۆیە پێموایە شێوەى کارکردنی خۆیان دەگۆڕن و فشارى زیاتر لەسەر گۆڕان دادەنێن، چونکە ئاشکرایە سەرکردایەتیە تەقلیدیەکەى یەکێتی لە دواى مام جەلال کە ئێستا بڕیار بەدەستن وەکو نەوەى دووەمی سەرکردایەتی یەکێتی، سەرکردایەتی گۆڕان لە دواى نەوشیروان مستەفا بە نەوە کۆنەکەیشەوە کە لە یەکێتی جیابوونەتەوە وەکو نەوەى سێیەم سەیر دەکەن و بەو عەقڵیەتەش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. دیارە سەرکردایەتی یەکێتی دان بە نەوە نوێیەکەى حیزبەکەى خۆیشیاندا نانێن نەک نەوەى نوێی گۆڕان. ئاشکراشە یەکێتی رووبەرى سەوز بەهی خۆى دەزانێت و رەنگە دواى نەشیروان مستەفا هەموو هەوڵێک بدات بۆ تەنگ هەڵچنین بە گۆڕان و فراوانترکردنی پێگەى خۆى. داواکردنی یەکگرتنەوەى گۆڕان لەگەڵ یەکێتی لە وتارى یەکێتیدا لە کاتی بەخاکسپاردنی نەوشیروان مستەفادا راستی ئەم بۆچوونە دەسەلمێنێت و بە گۆڕان دەڵێن ئیتر ئێوە کەسێک نیە سەرکردایەتیتان بکات، بۆیە ناڕاستەوخۆ پێیان دەڵێن باشتر وایە بگەڕینەوە بۆ ماڵە گەورەکە.

سپی میدیا: پەیوەندیەکی توندوتۆڵ هەبوو لەنێوان گوتارەکانی نەوشیروان مستەفاو ئەو گرووپە نارازییەکانی کۆمەڵگای کوردی، بەڕای بەڕێزت  دوای کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ئەم گرووپانە بێدەنگ و خەفە دەبن، یان بەرەوتوندرەوی دەڕۆن؟
عەتا قەرەداغی: ئاشکرایە کە نەوشیروان مستەفا ئاگادارى ناڕەزاییەکانی خەڵک بوو. ئەو پێشتر هەوڵیدا لە ناو یەکێتیدا ریفۆرم بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو. سەرەتا هاتە دەرەوەى یەکێتی و کۆمپانیاى وشەى درووستکرد و پاشان کە کاتی هەڵبژاردنی ساڵی 2009 ى پەرلەمانی کوردستاندا لیستی پێکهێناو توانى سوارى شەپۆلی ناڕەزاییەکانی خەڵک بێت و بەوەش نزیکەى چواریەکی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردسانی بردەوە، کە پَیموایە ئەو کاتە بۆ بزووتنەوەى گۆڕان خۆیشیان ئەوە چاوەڕوان نەکراو بوو. دیارە هۆکارى ئەو سەرکەوتنەى گۆڕان بێزارى خەڵکی کوردستان بوو لە گەندەلێ و بەڕێوەبردنی خراپی یەکێتی و پارتی. هەرچەندە من ئەوکاتە پێموابوو درووستبوونی بزووتنەوەى گۆڕان لەو کاتەداو بەو قەبارە گەورەیەوە کە شێوەیەکی عەفەوى هەبوو، بوو بەهۆى لەباربردنی درووستبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی سرووشتی لە هەناوى کۆمەڵگەى کوردیداو، پێشموابوو ئەو نوخبە سیاسیەى لە شەستەکانەوە لە کوردستان حیزبایەتی دەکەن، ناتوانن ببن بە بکەرى گۆڕان درووستکەر. هاوکات وایشی بۆ دەچووم کە چوونە دەرەوەى کاک نەوشیروان لە یەکێتی و پشتگیرکردنی دارایی ئەو لە لایەن مام جەلالەوە، رێکەوتنی نێوان ئەو دوو بەڕێزە بێت. هەروەک پێموابوو چوونە دەرەوەى کاک ناوشیروان بۆ ئەوەیە کە ئیحتیواى دەنگە ناڕازییەکان بکات. رەنگە رێکەوتنی دەباشانیش راستی ئەم بۆچوونە بسەلمێنێت. ئەگەر وانیە کاک نەوشیروان بە دەنگی بەرز دەیگوت یەکێتی تەنیا "درۆو دراوى ماوە"، باشە چۆن توانی لە کاتێکدا رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی بکات کە یەکێتی زۆر لەو کاتە خراپتر بوو کە ئەو بەجێیهێشت. راستە کاک نەوشیروان توانی بۆ ماوەیەک ببێتە رابەرى ناڕەاییەکانی خەڵک، بەڵام گەڕانەوە بۆ رێکەوتن لەگەڵ یەکێتی و بەدینەهێنانی هیچ کام لە داواکارییەکانی خەڵکیش بە تایبەتی لەو ماوەیەى کە گۆڕان لە حکومەتدا بوو، هەروەها سەرنەکەوتنی گۆڕان لە بەدەستهێنانی ئیستیحقاقاتی هەڵبژاردنی خۆى لە ئیدارەى سلێمانی و راپەڕین و هەڵەبجە و گەرمیان وەکو خۆیان دەیڵێن و بە فیڕۆچوونی نزیکەى دووسەدو چل هەزار دەنگی هەڤاڵ ئەبوبەکر بە پاساوى پوچ هەربۆئەوەى نەیکەن بە پارێزگارى سلێمانی. ئەم هەنگاوانە رۆڵ دەبینن لە بێ ئومێدبوونی بەشێک خەڵکی ناڕازى لە گۆڕان و دواتر بە دواى بەدیلی تردا دەگەڕێت کە ئەمەیان کەمتر پەیوەندى بە کۆچی دواى نەوشیروان مستەفاوە هەیە. کەواتە تا ناڕەزاییەکانی خەڵک کۆتایی نەیەت رۆحی بەرگرى خەڵک نامرێت. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەوە گۆڕان نەبوو خەڵکی لە یەکێتی و پارتی و ئیسلامیەکان کردەوە، بەڵکو ئەوە ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی و گەندەڵی بەرپرسانی پارتی و یەکێتی بوو ئەو هێزە جەماوەرییە بەرفراوانەى لە دەورى گۆڕان کۆکردەوە. واتە خەڵک دواى داواکارییەکانی خۆى دەکەوێت و هەر حیزب و سەرکردەیەکیش نەتوانێت داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ بکات ئەم  وەکو خەڵک یان جەماوەرى ناڕازى بەجێیدەهێڵێت. مێژووى مرۆڤایەتی لەسەر تاکەکەسی سەرکردە ناوەستێت، هەرچۆن لە سەر حیزب و بنەماڵەش ناوەستێت، ئەوەى مێژوو درووست دەکات خەڵکە، ئەوەى شارستانیەت بنیاد دەنێت خەڵکە.
بۆ قۆناغی دواى نەوشیروان مستەفا مەرج نیە ناڕەزاییەکانی خەڵک چڕتر بێتەوەو ببێتە هۆى تووندوتیژى زیاتر بەڵکو ئەگەرى ئەوە هەیە ئۆپۆزسیۆنێکی بەهێزتر بەڵام هێمنتر لە قۆناغی دواى نەوشیروان مستەفادا درووست ببێت، ئەویش لەو روانگەیەوە بۆ ئەمەو دوا خەڵکی ناڕازی ئەو باوکەیان لەدەستدا کە هەموو ئومێدێکیان بەو بەخشیبوو، دەشێ بۆ ئەمەو دوا لەو خەونە بەئاگابێنەوەو واقیعیانە پشت بە خۆیان ببەستن لە بەرزکردنەوەى داواکارییەکانیان کە تێکڕاى جومگەکانی ژیان دەگرێتەوەو بێگومان داواکارى رەوان چونکە هەمیشە داواکارى خەڵک رەوایە، سیاسەتی بەڕێوەبردن و عەقڵی دەسەڵاتدارێتیش ئەگەر نەتوانێت نوێنەرایەتی خەڵک بکات ناڕەوایە. بۆ ئەمەو دوا ئەگەرى ئەوە هەیە سیاسەت و ستراتیژى گۆڕان بە ئاراستەى هێمنتر بەڵام کاریگەر بگۆڕێت، بەڵام بە گۆڕینی سترتیژى کارکردنیان. 

سپی میدیا: ئایا دوای نەخۆشکەوتنی تاڵەبانی و کۆچی دوای نەوشیروان مستەفا، دەتوانین بڵێن پەردە لەسەر کاریزما سیاسیەکانی ئێمە دادەدرێتەوە، دەتوانین بڵێین کۆتایی قۆناغی کەسایەتییە کاریزمییەکانە لە باشوری کوردستان؟
عەتا قەرەداغی: کاریزما زیاتر لەو کۆمەڵگەیانەدا درووست دەبێت کە ئاراستەى پەیوەندییەکان شاوڵیەو پێکهاتەى سیستێمی فەرمان تیایدا هەرەمیەو کەسی یەکەم لە لوتکەى هەرمەکەدایەو جەماوەریش بنکەى فراوانی هەرەمەکە پێکدەهێنن و ئاراستەى فەرمان لە لوتکەوە بۆ بنکەى هەرەمەکەیە هەمان شێوەى هەرمی ئایینی. ئایا بەرپرسی حیزبی لە کوردستاندا کەسێتی کاریزمین؟ یان کەسێتی کاریزمی ناو حیزبەکەیانن نەک کاریزماى نەتەوەیی و نیشتیمانی؟
 ئاشکرایە کاریزما Charisma  وشەیەکی کۆنی گریکییەو دواتر هاتووەتە ناو زمانی ئینگلیزییەوە کە بە مانای بەخشش یان چاکێتی خودای دێت. هەروەک ئەم زاراوەیە بەوە وەسف دەکرێت کە بریتیە لە جۆرە راکێشانێکی کاریگەرو ئامادەبوونێکی خاوەن هەژموون کە کەسانێکی زۆر کەم لە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا بەدەستی دەهێنن. لە ئاستێکی تردا کاریزما بە مانای توانای کارلێکردنێکی لە ئەندازە بەدەر دێت لەسەر کەسانی تر. کەسی کاریزمی ئەو کەسەیە کە دەوروبەر لە رووی جەستەییء رۆحیء عاتیفیء رۆشنبیرییەوە دەکەونە ژێر کاریگەریء هەژموونی ئەو هێزە سیحرییەى کە ئەو هەیەتی. کەسی کاریزمی خاوەنی دەسەڵاتێکی سەروو ئاساییەو ئەفسوونء هێزێکی شاراوەى ئەوتۆی هەیە کە وابەستەبوونء ئیلتیزامء هەڵچوونء تەنانەت نەستی کۆیی رووبەرێکی فراوان لە خەڵکی بە خۆیەوە دەبەستێت، بەجۆرێک کە پەرتکردنی ئەو رووبەرە پەیوەستبووە پێیەوە کارێکی ئاستەم بێت. هەروەک کەسی کاریزمی کەسێکە کە تواناو لێهاتووییء کارامییەکی ناسرووشتی هەیە لە سەرکردایەتی کردنی خەڵکء بە ئاسایی قایلکردنی خەڵک بۆ شوێنکەوتنی. بەجۆرێک کەسی کاریزمی دەبێتە ئەو هێما بەرزو بڵندەی کە بە چەمکی هیگڵی رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە خۆیدا کۆدەکاتەوەو هێزێکی سیحری هێندە بەربڵاوی هەیە کە بێ خۆماندوکردن دەسەڵاتی بەسەر رووبەری فراوانی کۆمەڵگەدا هەیە بە جۆرێک کە کۆمەڵگە بە پیرۆز سەیری دەکاتء دەکەوێتە سەرەوەو دەرەوەى هەموو رەخنەو کەموکورتییەک. کەسی کاریزمی دەبێتە کەسێکی خاوەن دەسەڵاتی رەها بە جۆرێک وتەو پێشنیارو بڕیارەکانی وەکو فەرمایشی لێدێتء نەک ناتوانرێت رەت بکرێنەوە بەڵکو جێگای گفتوگۆ لەسەر کردنیش نین.
 لە راستیدا لە ئێستادا لە کوردستانی گەورە کاریزماى نەتەوەیی بوونی نیە، بەڵکو سەرکردەى حیزب هەن کە دەشێ هەریەکە لە سنوورى حیزبەکەى خۆیدا وەکو کاریزما سەیر بکرێت. سلێمانی وەکو شار لە دواى شێخ مەحمودى حەفیدەوە نەیتوانیووە کەسی وەها بەرهەم بهێنێت لە کەسێکی لۆکاڵیەوە ببێتە کەسێک بەلایەنی کەمەوە لەسەر ئاستی باشوورى کوردستان ئامادەبوونی تەواوەتی هەبێت لە هەست و نەست و ئەندێشەى جەماوەردا. لە باشوورى کوردستان ئەو مێژووەى هەیە، کە مێژووى بەرخوردانە هی هیچ تاکەکەسێک نیە بە تەنها بەڵکو مێژووى بەرخوردانی گەلێکە خەباتیکردووەو خوێنی بەخشیووە لە پێناوى مانەوەدا. لەراستیدا ئەگەر ئەوە راست بێت کە کۆمەڵگەى کوردى بەرەو بوون بە کۆمەڵگەى مەدەنی هەنگاو بنێت ماناى وایە ئەم کۆمەڵگەیە بەرەو ئەوە دەچێت ئەو قۆناغە بەجێ بهێڵێت کە تیایدا کاریزما یان سەرکردەى تاک و تەنیا درووست ببێت. واتە قۆناغی درووستبوونی تاکەکەسی خاوەن شووناس دەست پێدەکات و قۆناغی پەیوەندى هەرەمی و سەرکردەى کاریزمی بەسەر دەچێت. بۆیە لە بارێکی وەهادا سلێمانی وەکو شار لە دواى شێخ مەحمود سەرکردەى کۆمەڵگەى شار یان کوڕى شار کە مەبەست کوڕى جەماوەرە نەک کوڕى خێڵ و عەشیرەت و بنەماڵە لە رووى کەسێتی و ئامادەبوونەوە بەرهەم دەهێنێت لە جۆرى شەهید ئارام، نەوشیروان مستەفا، بەرهەم ساڵح. کە ئەم جۆرە سەرکردانەش زیاتر خاسێتی لۆکاڵیان دەبێت نەک نەتەوەیی و نیشتیمانی. بە هەمان پێوانە دەشێ هەولێرو دیاربەکرو سنەو قامیشلی...و هەر شارو گوندێکی کوردستان سەرکردەى ئەم سەردەمە کە سەرکردەى مام ناوەندە بەرهەم بهێنێت. بەڵام زەمینەى درووستبوونی کاریزمی نەتەوەیی و نیشتیمانی بە گوێرەى کورد بەسەرچووە.وەکو پێشتر گوتمان ئێستا سەردەمی جەماوەرو دەنگی بەرزى خەڵک و درووستبوونی پەیوەندى ئاسۆییە لە کۆمەڵگەى مرۆڤایەتیدا بە کوردیشەوە.
لە راستیدا لە کوردستانی ئێستادا سەرکردەى کاریزمی بەو ماناو پێناسەى لەسەرەوە باسمان کرد بوونی نیە، ئەوەى سەرەوەش گەوهەرى بۆچوونی هۆبزە لەسەر کاریزما. لە کوردستان کاریزماى حیزبی هەیە. مام جەلال کاریزماى یەکێتیە، مەسعود بارزانی کاریزماى پارتیە، نەوشیروان مستەفا کاریزماى گۆڕانە، ئاپۆش کاریزماى پێکەکەیەو سەلاحەدین بەهادین کاریزماى یەکگرتووەو کاکە حەمەش کاریزماى سۆشیالیستە واتە هەریەکە کاریزماى ماڵی خۆیەتی، هەرچۆن باوک کاریزماى خێزانە لە خێزانی باوکسالاریدا. بەڵام رەوتی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی بوار بۆ درووستبوونی کاریزماى حیزبیش تەسک دەکاتەوە، چونکە ئەگەر بڕوامان بەوە هەبێت کە کۆمەڵگەى کوردى هەنگاوى بەرەو پێشەوەچوون و گەیشتن بە ئاستی کۆمەڵگەى مەدەنی دەنێت، ئەوا دەبێ ئەو راستیە بزانین لە کۆمەڵگەى مەدەنیدا سرووشتی پەیوەندییەکان دەگۆڕێت بۆ پەیوەندى ئاسۆیی و تاکی خاوەن شووناس و جەماوەرى خاوەن بڕیار درووست دەبێت کە ئەوەش بنچینەى سەرەکیە بۆ پێکهاتنی زەمینەى دیموکراسی و یەکسانی. بوونی کاریزما خاسێتی کۆمەڵگە خێڵایەتی و هەرەمیەکانە. 

سپی میدیا: رای جیاواز هەیە لەسەر ئەو جەماوەرە بەرفراوانەی لە رۆژی ناشتنی نەوشیروان مستەفا بەشداریان کرد، هەندێک پێیوابوو ئیستفتایەک بوو بۆ خەڵکی ناڕازی بەرامبەر دەسەڵاتی کوردی، هەندێک تر پێێیان وابوو شیوەنکردن بوو بۆ مردنی باوک، بەڕێزت چۆن لەم پرسە دەڕوانیت؟
عەتا قەرەداغی: زۆرى بەشداربووانی بە خاک سپاردن و پرسەى کاک نەوشیروان مستەفا دوو رووى هەیە. یەکەمیان رێزگرتنی کۆمەڵگەى ئێمە لەو کەسانەى کە ژیانی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ خەبات و خزمەت لە پێناوى خەڵکدا. ئەو جەماوەرە زۆرەى بەشدارى بەخاک سپاردن و پرسەى کاک نەوشیروانیان کرد، هەموویان گۆڕان نەبوون، رەنگە هەمووشیان ناڕازی نەبووبن بە تایبەتی لە خاوینترینەکانەوە تا گەندەڵترینەکانیان تێدا بوو. ئاشکرایە خەڵکی جۆراوجۆر لە حیزبی و سەربەخۆ و لە چین و توێژە جیاوازەکان بەشداربوون و زۆرێکیشی وەکو ئەرکی نیشتیمانی و دانەوەى چاکەى ئەو کەسانەى ژیانی خۆیان بۆ گەل و نیشتیمان تەرخانکردووە سەیرى ئەو جۆرە بەشداریکردنە دەکەن. رەنگە بەشدرایکردنی گۆڕان و لایەنگرانی  شیوەنکردن بووبێت بۆ مەرگى رێکخەرەکەیان کە پێگەى باوکی هەیە بۆ ئەوان. بەشێکیش ناسیاو و خزم و دۆست و هاوڕێ و بەشێکی فراوانیش جەماوەرى یەکێتی و ئیسلامیەکان بوون. بۆ نموونە لە کاتی بە خاک سپاردندا ئەوە بە ئاشکرا لە درووشمەکانی خەڵکەکەدا دەبینرا:( لا ئیلاهە ئیلەڵا، بەهەشت جێی بێت ئیشەڵا) ئەمە درووشمی ئیسلامیەکان بوو، ( دز شەرێکی دز، ئێرە شارى گۆڕانە شارى کاک نەوشیروانە) ئەمە درووشمی جەماوەرى گۆڕان بوو دژى پارتی و یەکێتی. ئەوانەى هایهویان بۆ بەرپرسانی یەکێتی دەکێشا ئەوە گۆڕان و رەنگە لایەنگرانی پارتی بووبن، ئەوانەشی هایهویان بۆ سەلاحەدین بەهادین دەکێشا گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی بوون. ئەوەش رەنگدانەوەى تابلۆى پەیوەندییە خراپەکانی نێوان حیزب و لایەنەکانی کوردستانە. رووبەرێکی فراوانیش لە خەڵکەکە مات و بێدەنگ بوون، ئەوانە زۆرینەى جەماوەرى خەڵک بوون لە دەرەوەى حیزبەکان و بۆ رێزگرتن لە خەباتی پیاوێک هاتبوون کە ماوەى نیو سەدە لە سەنگەرى سەرکردایەتی خەباتی گەلەکەیدا بووە بەرامبەر بە داگیرکەر. 
سپی میدیا: پرسیارێکی سووک و ئاسان، نەوشیروان مستەفا بزووتنەوەیەکی بەرفراوانی ناڕازی بەناوی گۆڕانەوە دروستکرد، دوای مردنی ئەو بزووتنەوەکە  لەبەردەم چەندان رێگای جیاوازدایە، ئەم بزووتنەوەیە دوای کۆچی دوای رێکخەرەکەی روو لەکوێ دەکات و بەرەو کوێ دەچێت؟
عەتا قەرەداغی: رەنگە وەڵامدانەوەى ئەم پرسیارە کارێکی گران نەبێت. هەروەک رەنگە بۆ بزووتنەوەى گۆڕان خۆیشیان ئاسان نەبێت کە بڕیار بدەن چی بکەن، بە تایبەتی لەبەرئەوەى وەکو پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد لە کۆمەڵگەى کوردى و هاوشێوەکانیدا دامەزراوەکانی حیزب لەبەرئەوەى شێوەى پێکهاتنیان هەرەمیەو کەسی یەکەم خاوەنی هەموو بڕیارێکە، مردنی کەسی یەکەم هەمیشە تراژیدیا بە دواى خۆیدا دەهێنێت. پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە دواى شەهیدکردنی قاسملۆ نەیتوانی پارێزگارى لە بوونی خۆى وەکو پێشتر بکات، یەکێتی نیشتیمانی لە دواى نەخۆشکەوتنی مام جەلال لەبارێکدایە هیچ کەس بەغیلی پێنابات. بۆیە من واى بۆ ناچم بزووتنەوەى گۆڕانیش نەکەوێتە ژێر کاریگەرى کۆچی دوایی رێکخەرەکەیەوە. بە تایبەتی کە رێکخەرەکەى یەکێک لە دوو بەهێزترین کەسێتی رووبەرى سەوزى ئەوسابوو. لە دواى ئەویش بزووتنەوەى گۆڕان ریزێک سەرکردەى هەیە بەداخەوە کە هیچیان شوێنی نەوشیروان مستەفا ناگرنەوە، بەڵام ئەگەر بە عەقڵی دەستەجەمی کاربکەن و بەرژەوەندى تاکەکەسی و خودویستی بەلاوە بنێن و خۆیان لە شۆکی مەرگی کاک نەوشیروان رزگار بکەن و واقیعبینانە سەیرى رەوتی ژیان بکەن، ناڵێم بە قورسایی نەوشیروان مستەفا بەڵام دەتوانن لە ئاستێکدا بزووتنەوەکەیان بەڕێوەببەن، بە مەرجێ بوار نەکەنەوە بۆ ئەوەى حیزبەکانی ترى کوردستان بە گشتی و یەکێتی بە تایبەتی دەستبخەنە ناویان و پارچەپارچەیان بکەن. ئەگەر بیانەوێت وەکو گۆڕان بمێننەوە پێویستیان بەوەیە سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن، چونکە ئەگەر درزیان تێبێت لاوازتر دەبن. بۆ ئەوەش درزیان تێنەبێت دەبێ بە نەوەى پێشوو نەوەى نوێی گۆڕان، دەست لە نێو دەست و یەکگرتوو بن، لەسەر بنەماى پێکەوە گرێدانی عەقڵی خاوەن ئەزموونەکانیان و هێزوو وزەى ئەو رووبەرە فراوانەى گەنج و لاوان کە زۆرینەى گۆڕان پێکدەهێنن. مانەوەى بزووتنەوەى گۆڕان وەکو هێزێکی کاریگەر دەتوانێت رۆڵی ئەرێنی ببینێت لەسەر ئێستاو داهاتووى کوردستان، چونکە ئەگەر بڕوامان بە فرەدەنگی و فرە رەنگی هەبێت ئەوا دەبێ خوازیارى ئەوە بین لە کوردستاندا هیچ حیزب و لایەنێک زۆرینەى رەهاى نەبێت و کەس نەتوانێت بە تەنیا بڕیار بدات و سیستێمی تاکە حیزب درووست نەبێت چونکە تاکە حیزب هەمیشە بەرەو درووستکردنی دیکتاتۆریەت و شمولیەت هەنگاو دەنێت.    

 






ئه‌م بابه‌ته 5642 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:02:01:06/06/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved