"شێرە"کەی نەوشیروان مستەفا دەردەکەوێت

نما و چیا ڕەشپۆشن بۆ مەرگی باوکیان

"مۆدێلی حزبی بنەماڵە و دەسەڵاتی بنمەڵە لە ناوچەکەدا شکستی هێناوە و بێگومان لە هەرێمی کوردستانیشدا شکست دەخوات"، نەوشیروان مستەفا ئەمین، زیاتر لە ٥٠ ساڵی سیاسی خۆی دژی هێنانە پێشەوەی نەوە و کەسی نزیکی سەرکردەکان بووە لە حزب و حکومەتدا، دوای کۆچی دوایی ئەو ئێستا باس لە هاتنە پێشەوەی کوڕەکانی خۆی دەکرێت.
میدیاکانی نزیک پارتی لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زۆرێکیان مانشێت و ڕاپۆرتە سیاسییەکانیان بۆ ئەوە تەرخانکرد کە بزووتنەوەی گۆڕانیش بەرەو حزبێکی بنەماڵە دەچێت، ڕۆژنامەی وشەی نزیک لە پارتی لە مانشێتی سەرەکی ڕۆژنامەکەیدا نوسی "کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەیانەوێت ببنە بڕیاردەر لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا" و ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە لە ئایندەی سیاسیی بزووتنەوەی گۆڕاندا، کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا ڕۆڵی سەرەکییان دەبێت لە سیاسەتی ئەو حزبەدا و کوڕە پچوکەکەی نەوشیروان مستەفا، چیا دەبێتە ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن و کوڕەکەی دیکەشی، نما دەبێتە ئەندامی جڤات.
نەوشیروان مستەفا، لە ماوەی دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە تا ئێستا بەردەوام پەیامەکانی لەسەر ئەوە بووە کە شێوازی حزبی بنەماڵەیی لە هەرێمی کوردستاندا جێگەی نابێتەوە، ئەمە جگە لەوەی لە حزبەکەی خۆیدا ڕێگەی نەداوە کوڕەکانی هیچ پۆستێک لە ناو بزووتنەوەکەدا وەربگرن و تاکە کەسێکی نزیک لە خێزانەکەی کە لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا پۆستی هەستیاری هەبێت، محەمەد تۆفیق ڕەحیمە.
ڕۆژنامەی ئاوێنە، کە تاکە ڕۆژنامەی ئەهلی هەرێمی کوردستانە، لە ڕاپۆرتێکیدا دوای هەفتەیەک لە کۆچیی دوایی نەوشیروان مستەفا، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئاڕاستەیەک لە ناو بزووتنەوەی گۆڕاندا چاویان لەوەیە کە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا بهێنرێنە پێشەوە.
زیادبوونی ئەو قسانە دوای ئەوە هات کاتێک چیا لە کاتی سەردانی چەند منداڵێک بۆ سەر گڵکۆی نەوشیروان مستەفا ڕایگەیاند باوكی زۆر چاوی له‌ئاینده‌ی نه‌وه‌ی نوێ بوه‌، بۆیه‌ شتێك ده‌كه‌ن كه‌ ئاینده‌ی نه‌وەی نوێ پارێزراوبێت. کە ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ئەو بەردەوام دەبێت لە کاری سیاسیی.

زۆرێک لەوانەی کە باس لە کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا دەکەن، بە دیاریکراوی باس لە چیا دەکەن کە کوڕی پچووکی نەوشیروان مستەفایە، چیا كە لەگەڵ خوشكە تاقانەكەی (چرا) دووانەن، ساڵی 1986 لە رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە. بڕوانامەی ماستەری لە زانكۆی هارڤاردی ئەمریكی لە بواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان وەرگرتووە. زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی دەزانێت.
ڕۆژنامەی ڕووداوی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاپۆرتێکی ئامادەکردووە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چیا دەبێتە میراتگری سیاسیی نەوشیروان مستەفا.

ڕۆژنامەکە لە زاری هەڵسوڕاوێکی گۆڕانەوە کە نەیویستووە ناوی بهێنرێت نوسیویەتی "واقیعی كۆمەڵگەی كوردی هەندێك شت بەسەر كوڕەكانی كاك نەوشیرواندا فەرز دەكات، باوكیان نیو سەدە سیاسەتی كرد، ئەوانیش بەردەوام لەگەڵی بوون، بەشداریی كۆبوونەوەی سیاسیی زۆر و گرنگیان كردووە، بۆیە ئەوانیش بیانەوێ‌ و نەیانەوێ‌ تێكەڵی كاری سیاسی دەبن، بەڵام تاوەكو ئێستا بەهیچ شێوەیەك باسی بەشداری و وەرگرتنی پۆست لەنێو گۆڕان لەلایەن ئەوانەوە نەكراوە". 

بەڵام بە پێچەوانەی ئەو ئاڕاستە سیاسییەوە، زۆرێک لە بەرپرسانی گۆڕان پێیان وایە کە دەبێت کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا هەر وەک هەڵسوڕاوێکی گۆڕان بمێننەوە و بێستوون فایەق، پەرلەمانتاری ئەو حزبە دەڵێت "كاك نەوشیروان ئەگەر مەبەستی هێنانە پێشەوەی كوڕەكانی  بووایە، پێشتر پۆستی پێدەدان، بەڵام ئەو دژی بە میراتكردنی حیزب و سیستەمی سیاسی و دەسەڵات بوو. ئێمەش لەسەر ئەو رێبازە دەڕۆین، چونكە گۆڕان بزووتنەوەیەكی بنەماڵەیی نییە".

هەموان باس لەوە دەکەن چیا کە نەوشیروان مستەفا هەمیشە بە "شێرەکەم" ناوی بردووە زیاتر حەز بە کاری سیاسیی دەکات وەک براکەی و زیاتریش پەیوەندی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی گۆڕاندا هەیە و زۆرینەی کاتیش وەک سکرتێری نەوشیروان مستەفا دەرکەوتووە.
هێشتا هیچ کەسێک بۆ شوێنگرتنەوەی نەوشیروان مستەفا دیاری نەکراوە، بەڵام هەست بە جوڵەی کەسایەتی و سەرکردەکانی ئەو حزبە دەکرێت و بەشێکیان چاویان لە وەرگرتنی پۆستی ڕێکخەری گشتی حزبەکەیانە، بەڵام ئایا بزووتنەوەی گۆڕانیش دژی بۆچوونی دامەزرێنەر و ڕێکخەرەکەی دەوەستێتەوە و حزبەکە دەبێتە بنەماڵەیی، یان بۆچوونەکانی نەوشیروان مستەفا ڕێگر دەبن لەوەی کوڕەکانی ئایندەی سیاسییان هەبێت لە هەرێمی کوردستان، ئەمەیان ئایندە وەڵامی دەداتەوە.





ئه‌م بابه‌ته 15786 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:11:34:07/06/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved