نەوشیروان مستەفا لە یاداشتەکاندا

"ئێمە و ئێوەش شۆڕشمانکرد بۆ ئەوەی ماڵی مەلا مستەفا نەیەنەوە و ببنە برا بەشمان" فۆتۆ: شوان محەمەد

هەموان نەوشیروان مستەفا بە یاداشتەکانیدا دەناسنەوە کە زۆرێکی لە کاتی خۆیدا کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە و بەشێکیشیان بڵاوکردنەوەیەکەی دواخست و دیاریش نییە ئایا هەگیز ئەو بەشانە کە بە دەستنوس ماون بڵاودەکرێنەوە یاخود نا، سپی لەم ڕاپۆرتەدا نەوشیروان مستەفا لە یاداشتی ئەوانەی دیدا دەخوێنێتەوە.

مام جەلال، سکرتێری گشتی یەکێتی، ئەو هەم ڕکابەر و کێبڕکێکاری سیاسی نەوشیروان مستەفا بووە، هەم سەرۆک و جێگر و هەم دوو هاوڕێ بوون کە ڕۆژگارێکی درێژ پێکەوە کاریانکردووە، تاڵەبانی لە بارەی نەوشیروانەوە لە دیاداری تەمەندا دەڵیت "لەناو ئەو برادەرانەی لەناو كۆمەڵە كاریاندەكرد، پێم وابو نەوشیروان، هوشیارترینیان بو، پێموابو كە ئەو گەنجێكی هەڵكەوتو، زیرەك، كوڕی باش‌و عەقڵی باشەو چاك دەنوسێ، لەپاشان پێموابو كوردپەروەرێكی ڕەسەنە، واتا ڕەسەنییەكی هەبو لەكوردپەروەریدا، بیروباوەڕو تێوری‌و فەلسەفەی بەكاردەهێنا، بۆ خزمەتی جەماوەری كوردو كوردستان‌و كوردایەتی‌و خەباتی میللەتی كوردو رزگاركردنی جوتیارو رەنجدەرانی كوردستان. وەك ئەوجۆرە ماركسیانە نەبو كە هەڵواسرابێت بەجوڵانەوەی شیوعیەوە، به‌قسه‌و بیروباوه‌ر دابڕابێت له‌جه‌ماوه‌ر".

تاڵەبانی هەر سەبارەت بە نەوشیروان دەڵێت "هه‌رچه‌نده‌ دیاره‌ هه‌ندێ‌ سه‌رنجم له‌سه‌ر نه‌وشیروان هه‌بو، كه‌ هێشتا نه‌خه‌مڵیبو، ئینفیعالاتی‌ هه‌بو، زوبه‌زو ئه‌و ئینفیعالاته‌ی‌ ته‌وازونێكی‌ لێتێكئه‌دا له‌هه‌ڵسه‌نگاندن‌و نرخاندن‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ هه‌ڤاڵانی‌ تردا، به‌ڵام به‌موقاره‌نه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌ڤاڵه‌كانی‌ تر، هه‌تا له‌گه‌ڵ‌ شه‌هاب‌و ئه‌و براده‌رانه‌ی‌ تردا، لای‌ من له‌هه‌مویان له‌پێشتر بو."

تاڵەبانی وەک خۆی باسی لێوە دەکات نەوشیروان یەکیک بووە لەوانەی دڵی خۆی بۆ کردووەتەوە و دەڵێت "من ئەگەر گیروگرفتم هەبێ ئەوەڵجار لەگەڵ هێرۆ باسی دەكەم، ئەگەر گیروگرفتی سیاسیم هەبێ، لەگەڵ نەوشیروان مستەفا باسی دەكەم. ئەگەر لێمەوە نزیك بێت، یەكێكە لەو كەسانەی كە دڵی خۆمی بۆ دەكەمەوە، باوەڕم بە عەقڵ‌و هەڵوێستەكانی هەیە، ئەوە ئەو دو كەسانەن كە دڵی خۆمیان بۆ دەكەمەوە. برادەری تریشم هەیە، هەر كەسە لەمەجالی خۆیدا، دڵی خۆمی بۆ دەكەمەوە"..

محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالست لە یاداشتەکانیدا کە تا ئێستا چوار بەرگی لێ بڵاوبووەتەوە لە زۆر جێگەدا باس لە نەوشیروان مستەفا دەکات، ئەو باس لەوە دەکات کاتێک لە کۆنگرەی دووەمی یەکێتیدا دۆخەکە بە دڵی نەوشیروان مستەفا نەبووە، ناوبراو بەو هۆیەوە هەرێمی کوردستانی جێهێشتووە.

هەروەها سەبارەت بە هەڵبژاردنی ڕابەرێک بۆ هەرێمی کوردستان، محەمەدی حاجی مەحمود باس لەوە دەکات کە تاڵەبانی و یەکێتی لەو کاتەدا ویستویانە مەحمود عوسمان خۆی هەڵنەبژێرێت و پشتگیری یەکێتی بکات بۆئەوەی زیاترین دەنگ بهێنن و زۆرینە بن، بەڵام پاش ئەوەی دکتۆر مەحمود عوسمان ڕازی نابێت نەوشیروان مستەفا وتویەتی "کاک دکتۆر حەزدەکەم ئێمەش ڕەئی خۆمان بڵێین، دەمانەوێت یەکێتی نیشتیمانی بەرامبەر پارتی سەربکەوێت، منیش لەوانەیە کێشەم لەگەڵ یەکێتی و مام جەلال هەبێت، بەڵام کێشە بۆ پێشکەوتنی میللـەتەکەمە، من پێشکەوتنی میللەت لە سەرکەوتنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەبینمەوە، ئێمە و ئێوەش شۆڕشمانکرد بۆ ئەوەی ماڵی مەلا مستەفا نەیەنەوە و ببنە برا بەشمان".

هەر لە یاداشتەکاندا وەک محەمەدی حاجی مەحمود گێڕاوییەتییەوە نەوشیروان مستەفا بە دکتۆر مەحمود عوسمانی وتوە "تۆ ئەگەر وابزانیت دەرئەچیت و مام جەلال دەرناچێت، ئەوا تۆ دەرناچیت و مام جەلال دەردەچێت، ئەگەریش دەرنەچێت هەر دەری دەچێنین، بە زۆریش بێت هەر دەری دەچێنین و دەبێت دەرچێت (...) من لەوانەیە لە دوای هەڵبژاردن نە بەتەمای مەسولیات بم و نە هیچ، بەڵام نایەڵین بەرامبەر پارتی و ماڵی مەلا مستەفا و مەسعود بارزانی دەستەوەستان دانیشین و ئیشی بۆ دەکەین و سەریش دەکەوین".

شاعیری دیاری کورد، شێرکۆ بێکەس لە بیرەوەرییەکانیدا "نووسین بەئاوی خۆڵەمێش"، سەبارەت بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت " کاک نەوشیروان رووناکبیرەو لە بواری مێژوو و نووسین و وتاری سیاسیدا وردو دەستڕەنگینە، شارەزای ئەدەبی کلاسیکی و شیعری کوردییە، عەقڵێکی فراوان و چالاکی پێوەیە، بە کورتی و پووختی مەبەست ئەدا بەدەستەوە".

ڕوونیشی کردووەتەوە کە نەوشیروان مستەفا درک بە هەندێ شت ئەکا، دوایی ئەڵێی ئەی بۆ من درکم پێنەکرد، مەسەلە گرانەکان بە زمانێکی ئاسان ئەنووسێت، کاتێک قسەئەکات بە تەواوی ئەزانێت چی ئەڵێ و بۆچی.

بێکەس لە یاداشت و بیرەوەرییەکانیدا کە دوو بەرگە نوسیویەتی " نەوشیروان مستەفا بیرتیژە و شارەزای جوگرافیای کوردستان و گوند بەگوند و شاخ بەشاخ و کانی بەکانی ئەم وڵاتەیە، ناوی سەدان گوڵ و روەک و درەخت ئەزانێ، زۆر قسە ناکات، قسە لەڕووە، بەرامبەرەکەی هەرکەسێ بێت ئەگەر هەڵەی کردبێ ئەیخاتە قولی مشتییەوە".

شێرکۆ بێکەس کە چەند ڕۆژێک بەر لەوەی هەرێمی کوردستان بەرەو سوید جێبهێڵێت بۆ نەخۆشییەکەی و لەوێ کۆچی دوایی بکات سەردانی نەوشیروان مستەفای کردبوو بۆ ماڵئاوایی ئەو لە یاداشتەکانیدا دەڵێت "نەوشیروان مستەفا ساڵێک نەتبینێت لێت ناپرسێتەوە، دە تەلەفۆنی بۆ بکە ئەو جارێک تەلەفۆنت بۆ ناکاتەوە، سەد سەردانی بکە، ئەو جارێک سەردانت ناکاتەوە، کەچی سەیر ئەوەیە تۆ هەر ئەچیتەوە بۆلای، چونکە سەر ئەنجام ناتوانی دەستبەرداری بیت...هەرگیز بە تەنگ ماڵی دنیاوە نەبووە و خۆپەرست و خۆویست نەبووە، لە شاخیش و لە شاریش هەر سادە ژیاوە"

ئەو باس لە هەندێک تایبەتمەندی دیکەی نەوشیروان مستەفا دەکات و نوسیویەتی "رۆژنامەوانە، لەبواری راگەیاندندا یەکێکە لە پسپۆڕەکان، لە دانانی پلانی شەڕی پارتیزانی و عەسکەریدا وردو شارەزایە، لە رۆژگاری سەختدا هەناسە درێژە، عاتیفی و سۆزدار نییە، لە پۆشینی جل و بەرگ و خواردندا ئاسایی و کەمخۆرە و بە هەموو شتێ رازییە، چوار پێنج زمان ئەزانێت، خەم ومەراق و دەردە دڵی خۆی کەم ئەدرکێنێ و لە ناوەوەیدا پەنگ ئەخواتەوە، نەوشیروان مستەفا لەسەر شتێ کە باوەڕی پێیەتی ئەکەوێ بە قینداو نایاتە خوارێ، ئەگەر یەکێکی خۆشبوێ لەلای خەڵکی تر باسی ئەکاو لەبەردەمی خۆیدا هیچ ناڵێت".

زۆرێکی دیکەش لەوانەی کە لەگەڵ نەوشیرواندا یاخود دژی کاریانکردووە بۆچوونیان لە بارەی نەوشیروان مستەفاوە خستووەتە ڕوو، ئەمە بەشێکی کەمی ئەو بۆچونانە بوون.





ئه‌م بابه‌ته 5096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

AM:05:44:09/06/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved