ڕیفراندۆم لایەنەكانی كردووە بە دوو بەشەوە
"بۆ دیاریكردنی نوێنەریان یەكێتی بەڵێنی بە گۆڕان داوە"

تا ئێستا كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم كۆ نەبۆتەوە، گۆڕان و یەكێتی و كۆمەڵیش بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان نوێنەر بۆ ئەو كۆمیتەیە دیاری ناكەن.

ڕۆژی 7/6/2017 لایەنە سیاسیەكانی هەرێم جگە لە "گۆڕان و كۆمەڵ" بە سەرپەرشتی بارزانی لە پیرمام كۆبوونەوە، لەكۆبوونەوەكەدا بڕیاردرا ڕۆژی 25ی ئەیلولی ئەمساڵ ڕیفراندۆم ئەنجامبدرێت لە ماوەی كەمتر لە مانگێكیشدا كۆمیتەی باڵای ڕیفراندۆم لە سەرجەم لایەنە سیاسیەكان پێكبهێنرێت و ئامادەكاری بۆ ڕیفراندۆم بكات.

چەند مانگێك بەسەر ئەو وادەیەدا تێدەپەڕێت، ڕیفراندۆم تا ئێستا لایەنە ناكۆكەكانی هەرێمی كوردستانی كۆنەكردۆتەوە.

ئەوە لەكاتێكدایە لایەنە سیاسیەكان جگە لە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ  نوێنەریان بۆ كۆمیتەی ئامادەكاری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دیاریكردووە، یەكێتی و گۆڕان لە دوایین كۆبوونەوەیاندا ڕایانگەیاند دەبێت پێش ڕیفراندۆم پەرلەمان كارا بكرێتەوە.

هەر بەپێی بەگوێرەی زانیاریەكان یەكێتی لە دوایین كۆبوونەوەیان لەگەڵ گۆڕان بەڵێنیان بە بزووتنەوەی گۆڕان داوە كە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان نوێنەریان بۆ ڕیفراندۆم دیاری ناكەن.

هەرچی كۆمەڵی ئیسلامیشە لەزاری بەرپرسە باڵاكانیانەوە ئەوەیان ئاشكراكردوە كە بەبێ كاراكردنەوەی پەرلەمان نوێنەری خۆیان بۆ كۆمیتەی ڕیفرادۆم دیاری ناكەن، چونكە وەك خۆیان دەڵێن "ڕیفراندۆم بەبێ ئاشتەوایی و بە سكی برسیەوە ناكرێت".

لەلایەكیترەوە بەپێی زانیارییەكان، هەوڵەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان بەو ئاراستەیەیە كە بزووتنەوەی گۆڕان بە پێشنیارە نوێیەكان ڕازی بكەن كە بریتیە لە گەڕانەوەی یوسف محەممەد بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان و تەواوكردنی خولەكەی، لەپێناوی دەرچوونی یاسایەك بۆ ڕیفراندۆم و بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، بەڵام بەو مەرجەی جارێكی دیكە پرسی هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان نەخرێتە كارنامەی دانیشتنەكان.

بەپێی زانیاریەكانی "سپی میدیا" ئەم ڕایە لای بزووتنەوەی گۆڕان قبوڵكراو نیە و ڕەتی دەكەنەوە چونكە وەك خۆیان دەڵێن "سەرۆكایەتی پەرلەمان هیچ كێشەیەكی یاسایی نیە، ئەوە سەرۆكایەتی هەرێمە لە بۆشاییەكی یاساییدایە".

لەناو پارتیشدا بێئومێدیەكی زۆر هەیە لە هەڵوێستەكانی یەكێتی و پێیانوایە یەكێتی "بووەتە بەشێك لە كێشەكە و چارەسەری كێشەی نێوان گۆڕان و پارتی پێناكرێت".

لەسەر هەڵوێستەكانی یەكێتیش د.چنار سەعد عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی بە رۆژنامەی ڕووداوی ڕاگەیاندووە "یەكێتی نەیتوانی ببێتە بەشێك لە چارەسەری كێشەكان و ئەو ناكۆكییەی نێوان پارتی و گۆڕان چارەسەر بكات، ئەوەی ئێستا هەیە تەنیا گەیاندنی هەواڵ و پێشنیازی پارتییە بە گۆڕان، جا ئەگەر ئیشەكە ئەوەندە بێت پارتی خۆی دەتوانێت بیكات".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی ئەوەشی وتووە "بۆئەوەی كات بەفیڕۆ نەڕوات، پارتی چیدی چاوەڕێی ئەو لایەنە ناكات كە نەیتوانیوە بە ئەركی خۆی هەڵبستێ‌ بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، بۆیە لەم هەفتەیە و سەرەتای هەفتەی داهاتوو دەست بە جوڵەیەك دەكات ئەگەر هاتوو كۆبوونەوەكانی یەكێتی و گۆڕان ئەنجامی نەبوو".

بێئەنجامی گفتووگۆكان بەجۆرێك ڕای پارتی گۆڕیوە كە لە ئێستادا بۆچوونی زاڵ لەناو ئەو حیزبەدا ئەوەیە پارتی ڕاستەوخۆ بێ بوونی هیچ نێوەندگیریەك گفتوگۆ لەگەڵ گۆڕان بكات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان. 

سەرەڕای ناكۆكیەكان و پێداگری یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ پارتی تەئكید دەكاتەوە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەكاتی خۆیدا، تا ئێستاش دیارنیە كە كەی و چۆن پارتی لەگەڵ لایەنە سیاسیەكانی دیكە كێشەكانی یەكلا دەكاتەوە، ئەوەش دیارنیە كە دابەشبوونی هەرێم بەسەر دوو بەرەی دژ بەیەكدا چارەنوسی ڕیفراندۆم بەرەو كوێ دەبات.







ئه‌م بابه‌ته 2415 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:12:58:05/07/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved