تونێلەکەی بارزانی

شوان محەمەد

مەسعود بارزانی لە پرسی ریفراندۆمدا کە بە چارەنووسازترین پرسی دوای راپەرینی ساڵی ١٩٩١ دادەنرێت، خەڵکی هەرێمی کوردستانی خستۆتە نێو تونێلێکەوە کە نەدەتوانێ بەگەڕێتەوە دواوە، چوونە پێشەوەشی بەم شێوەیەی ئێستا رسکێكی گەورەیە.
بارزانی چەند ساڵێکە باس لە جیابوونەوەی هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمساڵ لە رێگای ریفراندۆمەوە ئەو پرسەی خستۆتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەکرێ بۆ ئەو هەنگاوەی بارزانیش چەند راڤەیەکی جیاوازی بۆ بکرێت.

ئەو واقیعە سیاسیەی بارزانیان هانداوە کە پەنا بەرێتە بەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، کۆمەڵە فاکتەرێکی خودی و بابەتین، کە فاکتەرە بابەتییەکە پەیوەندی بە قۆناغی دوای داعشەوەو بەتایبەتی دوای ڕزگارکردنی پارێزگای موسڵەوە هەیە، کە هەموو دراوە سیاسی و سەربازی و ئەمنییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە قۆناغێکی نوێ بەهەموو واتاکان دێتە ئاراوە کە تیایدا بەغداد خاوەنی هێزێکی سەربازی بە‌هێز و پاڵپشتیەکی نێو دەوڵەتی گەورە دەبێت، کە بەهیچ شێوەیەک ئەو دەسەڵاتانەی کە ئێستا هەرێم هەیەتی بەو شێوەیە نامێنێتەوە، لەم روەوە بارزانی نیشانەکەی پێکاوە، چونکە گەر کورد کێشەکانیشی لەگەڵ حکومەتی ناوەندی چارەسەر بکات، هێشتا لەلایەن هێزەکانی بەغداوە ( شیعە، سونە، نەتەوەییەکان) قبوڵناکرێت، تازەترین بەڵگەش، ئەو هەموو ناڕەزایەتییەی هێزە عێراقییەکانە کە لەم ماوە کەمەدا بەرامبەر پرسی ریفراندۆم نیشانیان داوە.

فاکتەری ناوخۆیی کە هاندەربوون تا بارزانی پەنا بۆ هەنگاوی ریفراندۆم بەرێت، فاکتەرێکیان پەیوەندی بەخودی پێگەی بنەماڵەی بارزانییەوە هەیە لەمێژووی سەدەی رابردووی گەلی کورد لە باشووری کوردستان، مەسعود بارزانی پێیوایە هەر چۆن سەرەتا بنەماڵەکەی ئەو، لە عەبدولسەلام بارزانی و شێخ ئەحمەد و مەلا مستەفاوە دەستیان بە بزووتنەوەی کوردایەتی کردووە، دەبێت راگەیاندنی دەوڵەتیش لەسەر دەستی ئەوان بێت، هەربۆیە کاتێک مەسعود بارزانی دەڵێت " دەوڵەت رادەگەیەنم"، دەبێت ئەو راستیەمان لەلا رۆشن بێت، ئەگەر بارزانی تەنها "پیرمامیشی" بەدەستەوە بمێنێت، ئەمڕۆش نەبێت سبەی، ئەو دەوڵەتە رادەگەیەنێت.

فاکتەری دووەمی ناوخۆی کە هاندەری سەرۆکی پارتییە پرسی ریفراندۆم بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، فاکتەرێکی حیزبی تەواوە، پارتی کە لەدوای رووخانی رژێمی پێشووی عێراقەوە بەدیاریکراوی لەدوای ساڵی٢٠٠٦ ەوە کە حکومەتی هەرێم یەکیگرتەوە، حیزبەکەی بارازنی و دوای ئەوانیش یەکێتی، مایەی شکستی تەواوی سیستەمی سیاسی و ئابورین لەهەرێمی کوردستاندا. بارزانی کاتێک خۆی و حیزبەکەی شکست دەهێنن لە بەڕێوبردنی وڵاتدا لە رووی پەیڕەوکردنی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی ئازادییەکان و لە بواری ئابوری سەربەخۆ و بەتایبەتی لە دۆسیەی نەوتدا کە وڵاتیان خستۆتە قەیرانێکی گەورەی ئابوری و داراییەوە، بۆ پەردەپۆشکردنی کردنی ئەو شکستە گەورانەو ڕزگاربوون لەم دۆخە، پەنا بۆ ریفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆ دەبات. 

سەرۆکی پارتی، هەرێمی کوردستانی خستۆتە ناو چەقی تونێلێکەوە کە وەک ئەو گوێزانەی تیژەی لێهاتووە کە لە گەروودا گیر دەخوات، ئەگەر بیخۆت دەتکوژێت و ئەگەر دەریشی بکەیت هەر دەتکوژێت، عەرەب بەو حاڵەتە دەڵێت" بلاع موس ".

بارزانی کەشێکی دروستکردووە ئەگەر پاشەکشەی لێ بکرێت، پرسی ریفراندۆم و جیابوونەوە هیچ ماناو ناوەرۆکێکی نامێنێتەوە، ئەو دەمەش هەموو هێزە دژە کوردەکانیش بە عەرەب و تورک و فارسەوە  بەهەموو شێوەیەک هەوڵی لەباربردنی ئەوەی کە دەشمێنێتەوە لە ئەزموونی باشووری کوردستان دەدەن، چونکە هەمیشە فۆبای ئەوە بەسەر سەری ئەو ‌هێزە دژە کوردانەوە دەمێنێتەوە کە رۆژێک دێت کورد بیر لە جیابوونەوە بکاتەوە.

بارزانی کەشێکی بەشێوەیەک هێناوەتە ئاراوە، ئەگەر بەم دۆخەی ئێستاوە کورد بەردەوام بێت لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، هەرێم دەخرێتە بەردەم رسکێکی گەورەوە، لەلایەکەوە لەنێوخۆی کوردستان ئەم سیستەمەی ٢٦ ساڵە بەم ناوەرۆک و ستایڵەی کە حوکمی کردووە، بەبن بەستێکی هەمە لایەنە گەیشتووە، سبەی لە سایەی ئەم سیستەمەشدا دەوڵەتی کوردی دابمەزرێت هەمان دراو و هەمان دۆخ بەرهەم دەهێنرێتەوە کە لێوان لێوە لە قەیران، ئەستمەیشە سیستەمێکی لەم شێوەیە بتوانێت درێژە بەتەمەنی خۆی بدات و بەرگەی ئەو هەموو ئاستەنگیانەی دوای ریفراندۆم بگرێت.

لەوەش دژوار تر بارزانی لە دۆخێکدا ئەو پرسەی وروژاندووە کە هیچ هێزێکی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەگەڵ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستاندا نییە، ئەمە وێرای دەرکەوتنی چەندان پیلانی هەرێمایەتی جیاوازو هاوبەشی نێوان عێراق و ئێران و تورکیا، کە هەموویان یەک ستراتیژ کۆی کردوونەتەوە کە چۆک بەکورد دابدەن، چونکە چۆک دادن بە کوردی باشوور، بەواتای خەفەکردنی هەتا هەتای دۆسیەی کوردە لە پارچەکانی تر. پیلانی هێزە هەرێمایەتییەکانی بەغداو ئێران و تورکیا هێندە گەورەن رەنگە پێشبینی نەکرێت کە تا چەند مەترسیدارن، با بهێنرێتە پێش چاو: چەند قورسە تورکیا سەرەتا ئیبراهیم خەلیل دابخات، دوای رێگا لە فڕینی فڕۆکەکان بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بگرێت، لە کۆتا قۆناغیشدا رێگا لە رۆشتنی نەوتی کوردستان بۆ بەندەری جیهان بگرێت.

تا چەند مەترسیدارە، حەشدی شەعبی بە پاڵپشتی ئێران پەلاماری ناوچە جیا جیاکانی کوردستان، وەک کەرکوک و خورماتوو و خانەقین و مەخمور بدات.

بارزانی هەرێمی کوردستانی لە چەقی تونێلێکدا جێگیرکردووە کە پڕە لەمەترسی گەورە گەورە، ئەنجامدانی ریفراندۆم و ئەنجام نەدانیشی پڕە لەمەترسی، هەربۆیە ئەرکی لایەنەکانی ترە بیر لە رێگای سێهەم بکەنەوە، رێگای سێهەمیش لەوەدا چڕ دەبێتەوە کە بەراشکاوی داوای دواخستنی کاتی ریفراندۆم بکەن، بەڵام نەخشە رێگایەکی هەمە لایەنەی سیاسی حوکمڕانی و ئابوری و دیبلۆماسی بخەنە روو کە چاو گێڕانەوەیەکی بنەڕەتیانە بێت بە تێکڕای ئەزموونی حکومرانی لە کوردستان و دان بەو ئەزموونە شکستخواردووەی ٢٦ ساڵی رابردوودا بنرێت و لەسەر بنەمای دیموکراسی و شفافیەت نەخشە رێگایەکی دیموکراسی دابڕێژرێت.

کاتی ئەوە هاتووە هەریەک لەو ‌هێزانە گۆڕان و یەکێتی و یەکگرتوو و کۆمەڵ پێکەوە ئەگەر نەشکرا بەجیا، بە پارتی بڵێن "ئێمە لەگەڵ دواخستنی ریفراندۆمداین"، بەڵام دواخستنێک بۆ کاتێکی گونجاوتر، دواخستنێک کە ببێتە بەرمەبنای پێداچوونەوەیەکی بنەڕەتیانە بە سیەستەمی شکستخواردووی باشووری کوردستاندا.

توولە رێگایەک پێش ئەوەی کەشتیەکەی باشوری کوردستان نغرۆببێت، دەبێت ئەو لایەنانەی تر بە ڕاشکاوانە داوای دواخستنی ریفراندۆم بکەن و دەرفەتێک بدرێت بە پێداچوونەوە، ئەوجا ریفراندۆم.    




ئه‌م بابه‌ته 1167 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:41:08/07/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved