ئێمە و بارزانی چیمان دەوێت؟ پارتی بۆ وا دەکات؟

شاسوار عەبدولواحید
* سەرۆکی جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا


لە چەند رۆژی رابردودا پارتی کۆمەڵە کاردانەوەیەکی هەبوو بەرامبەر ئێمە و بە تایبەت کەناڵی ئێن ئار تی، ئەم کاردانەوانەی پارتی بۆ خودی من چاوەڕوانکراو بوو، بەڵام رەنگە بۆ هەندێک کەس چاوەروان نەکراو بێت، بەو پێیەی ئەو خەڵکانە لە سەرەتای دروستبونی جوڵانەوەی "نەخێر لە ئێستادا" گاڵتەیان لە جوڵانەوەکە و کاریگەری جوڵانەوەکە دەهات و تەسەوریان نەدەکرد کە بە تێپەڕبوونی کات ئەم جوڵانەوەیە بتوانێت کاریگەریەکی ئەوتۆی هەبێت لەسەر دەنگدەران و هاوڵاتیانی هەرێم و وتنی  وشەی "نەخێر" بە ئاشکرا .


چ ئێمە و چ پارتیش باش دەزانین کە ڕیفراندۆم لە ژێر ئەم فشارانەی ئێمە و فشاری نێودەوڵەتی و کەمی بەدەنگەوەهاتنی خەڵکی، ئەوا بارزانی ناتوانێت ڕیفراندۆمەکە ئەنجام بدات، خۆ ئەگەر ئەنجامیشیدا، ئەوا ڕێژەکەی لە ئێستاوە دیاریکراوە و ڕێژەی تەزویر زۆر زۆر گەورە دەبێت، بەو پێیەی تا ئێستا هیچ  کیانات و حیزب و جوڵانەوەیەک تۆمار نەکراوە، تاوەکو چاودێر دیاری بکەن بۆ سەر سندوقەکانی دەنگدان، وە ئێمەیش بەم کاتە کەمە ناتوانین چاودێران دیاری بکەین و حیزب و لایەنەکانی تریش یان لەگەڵ پارتین و بەشێک دەبن لە تەزویر، یان بێ دەنگ دەبن بەرامبەر تەزویری پارتی (هەرچەندە ئەمەیش شایەنی قسە لەسەر کردنە کە حەق نییە هیچ حیزبێکی هەرێمی کوردستان کە خۆی لە تەزویری داهاتو بترسێت لە هەڵبژاردنەکان، ئەوا لەم ڕیفراندۆمە چاو دابخات لە تەزویر و بێ دەنگ بێت، چونکە چەسپاندنی ئەم دیاردەیە زیانی بۆ هەموو ئەو حیزبانە هەیە لە داهاتودا، بەڵام ئەمە بابەتی ئەمڕۆمان نییە) ، کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە کە پارتی بۆ ئەم فشار و کاردانەوانەی هەیە؟ ئایا ئێمە و پارتی چیمان دەوێت؟.

پارتی لە دوای کۆچی دوایی نەوشیروان موستەفا و نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی  و نەبوونی ناوەندی بریاری راستەقینە لە ناو یەکێتی و گۆڕان و هەڵوێست لاوازی چوار حیزبە سەرەکیەکەی دەرەوەی پارتی (گۆڕان - یەکێتی - یەکگرتوو - کۆمەڵ) دەیەوێت وردە وردە لە هەرێمی کوردستان حیزب و لایەنەکان ڕابکێشێت بۆ لای خۆی، چ وەک حیزب بە کۆمەڵ یان وەک کەسایەتی بە تاک تاک، بە گۆڕینیان بۆ هێزی هاوسەنگەر و هاوبەرە لەگەڵ پارتی یان بێدەنگ کردن و بێلایەن کردنیان لە بریارە چارەنوسسازەکانی هەرێمی کوردستان، کە بەنیازە لە ماوەی داهاتودا نەخشەی سیاسی هەرێمی کوردستان بە تەواوی بگۆڕێت بۆ بەرژەوەندی خۆی، وە تا ئێستا بە رادەیەکی باش لەم کارەیدا سەرکەوتوو بووە، بۆیە لەم دیدگایەوە بە جۆرێکی جیاواز سەیری جوڵانەوەی نەخێر لە ئێستادا دەکات و وەک هەرەشەیەکی داهاتو لە قەڵەمی دەدات .

چ پارتی و چ ئێمەیش باش دەزانین چیمان دەوێت و چی دەکەین، پارتی دەیەوێت وردە وردە کوردستان بەرەو یەک ئاراستەیی و حیزبی پێشەنگ و تاکرەوی ببات و هەرچی لەم ناوچەیە و لە کوردستان هەیە وەک هێزی بەرامبەر و هێزی پارسەنگ نەیهێڵێت، وە چ ئێمەیش باش دەزانین کە بۆ لەم جوڵانەیەوە کاردەکەین و ئامانجمان چییە؟ کە خۆمان باش دەزانێت ئامانجی ئێمە دروستکردنی رای بەرامبەر و ئیرادەی جیاوازە لە دەرەوەی ئەم حیزبە تەقلیدیانە، ئیرادەیەک کە بۆ جارێکی تر کوردستان بگێڕێتەوە دۆخە ئاساییەکەی خۆی و لە بری یەک هێزی تاکرەوی بریاردەر، هێزی تر و گروپی تر و جولانەوەی تر دروست بێت و لە بری ئەوەی کۆمەڵە حیزبێکی لەیەکچوو بریار لە داهاتوی کوردستان بدەن، خەڵکانی تر و گروپی تر و ئاراستەی تر و ئاراستەی جیاواز دروست بکەن  و جۆرێک لە ململانێی هێمنانەی دیموکراسیانە لە هەرێمی کوردستان بێتەوە دی، کە هەر ئەمەیشە وای لێ کردوین کە بێ گوێدانە ئەنجامی ریفراندۆم، بێ گوێدانە تەزویرکردن یان نەکردن، ئێمە لەم کارە بەردەوام بین و شەری ئیرادە بکەین، نەک شەری ئەنجامی ریفراندۆم.




ئه‌م بابه‌ته 1657 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌

PM:06:03:04/09/2017

Copyright 2017. speemedia.com. All Rights Reserved