نووسینگەی ڕاگەیاندنی فەرهاد ئەترۆشی، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، وەڵامی بەیاننامەکەی عەدنان فەیحان، جێگری یەکەمی دایەوە و داواکارییەکەی بۆ ڕاگرتنی شایستە داراییەکانی هەرێم و بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی بە توندی ڕەتکردەوە.
نووسینگەی ئەترۆشی جەختی کردەوە کە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم هێڵی سوورە و بەستنەوەی بە ناکۆکییە داراییەکانەوە، پێشێلکردنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵییە.
ئاماژەی بەوەش دا کە هەموارکردنەکانی بودجە ئەنجامی پێداچوونەوەی یاسایی لیژنە پسپۆڕەکان بووە نەک سازشکردن، و هەرێمیش لە پرسی داهاتە نانەوتییەکاندا پابەندبووە و لە دوو مانگی ڕابردوودا ٤٠ بۆ ٥٠ ملیار دیناری ڕادەست کردووە کە نیشاندەری داهاتی ڕاستەقینەی خۆیەتی، لە کاتێکدا شایستە نەدراوەکانی هەرێم لای بەغدا زۆر لەوە زیاترە.
لە کۆتاییدا ڕوونكردنەوەکەدا هاتووە، نەرمی نواندنی حکومەتی فیدراڵی پابەندبوونە بە دەستوور و هەڕەشەکردن لێی بەسیاسیکردنی یاساکانە، و ئەوانەی خەون بە گەڕانەوەی مەرکەزییەتی قێزەونەوە دەبینن خەونەکانیان نایەتە دی؛ بۆیە پێویستە دامەزراوەی یاسادانان لایەنگیری نەکات و لە زمانی گرژی دووربکەوێتەوە.