بڕیارە شاندێکی حکومەتی هەرێم بەمەبەستی گفتوگۆ سەبارەت بە
هاوتاکردنی موچەی زیندانییانی سیاسی هەرێم لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق سەردانی بەغدا
بکات.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ سێشەممە ٩ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ ، ئاوات
شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری بەئامادەبوونی عەبدوڵای حاجی مەحمود وەزیری شەهیدان
و کاروباری ئەنفالکراوان و دکتۆر ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و دکتۆر
عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لە دیوانی وەزارەتی
دارایی و ئابووری سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی كرد كە تایبەت بوو بە ڕێکارەکانی
هاوتاکردنی موچەی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ .
لەکۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر دوایین هەوڵەکان بەمەبەستی
هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازات و شایستەی دارایی زیندانیانی سیاسی و ڕاگیراوانی سیاسی
هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق لەسەر بنەمای جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە لەمانگی ئازاری ئەمساڵ دەرچووە، ئەوەش دوای کۆبوونەوە
و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانییانی
سیاسی عێراق هاتووەتە ئاراوە.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لە ئایندەیەکی نزیکدا شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
بە سەرۆکایەتیی وەزیری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەمەبەستی گفتوگۆ و گرتنەبەری ڕێکارەکان
بۆ هاوتاکردنی موچە و ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییانی سیاسی هەرێمی
کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە عێراق و دابینکردنی شایستەی دارایی بۆیان سەردانی بەغدا
بکات.