نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بەرزبووەوە

سەرەڕای ڕاگرتنی کاتیی هێرشە ڕاستەوخۆکانی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەسەر داوای سەرۆکی ئەمریکا، بەهۆی مانەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی پێکدادانەکان، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد.

بەگوێرەی دوایین داتاکانی بۆرسەی جیهانیی وزە، نرخی نەوتی خاوی برێنت ١٣ سەنت واتە بە ڕێژەی ٪٠.١٤ بەرزبووەوە و گەیشتە ٩٤.٣٨ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

هاوکات نرخی نەوتی خاوی ڕۆژئاوای تێکساسی ئەمریکی ١١ سەنت چووە سەرەوە و بە ٩١.٤١ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک مامەڵەی پێوەکرا.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە لە خولی پێشووی بازاڕدا، نرخەکان بە ڕێژەی ٥٪ جێگیر ببوون، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسرائیل هێرشەکانی بۆ سەر ئێران نوێکردەوە و هێرشە بەردەوامەکانی بۆ سەر لوبنانیش هیوای کۆتاییهاتنی جەنگی کەمکردەوە، بەڵام دواتر کاتێک هێزە چەکدارەکانی ئێران ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان دژ بە ئیسرائیل ڕاگەیاند، بازاڕ کەمێک هێوربووەوە و دەستکەوتەکانی نەوت کەم بوونەوە.

ئەم بازبازێنەی نرخەکان لە کاتێکدایە کە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی دۆناڵد ترەمپ، ئێران و ئیسرائیل ڕاگرتنی هێرشەکانیان ڕاگەیاند، بەڵام تاران هۆشداریی داوە کە ئەگەر ئیسرائیل بەردەوام بێت لە بۆردومانکردنی حزبوڵا لە لوبنان، ئەوا هێرشە موشەکییەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێدەکەنەوە.



AM:09:50:09/06/2026