سێنتکۆم رزگارکردنی دوو فڕۆکەوانی هێلیکۆپتەرە تێکشکاوەکەی راگەیاند

سێنتکۆم رایگەیاند، هێلیکۆپتەرێکی جۆری ئاپاچی لە کەناراوەکانی عومان کەوتووەتە خوارەوە و هێزەکانیان توانیویانە لە ماوەی دوو کاتژمێردا هەردوو فڕۆکەوانەکە رزگار بکەن و دەستیش بە لێکۆڵینەوە کراوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، ٩ی حوزەیران فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، کاتژمێر ٧:٣٣ خولەکی ئێوارەی رۆژی دووشەممە، ٨ی حوزەیران، بە کاتی ئەمریکا، هێزەکانیان دوو سەربازی تیمی هێلیکۆپتەرێکی جۆری "ئەی ئێچ ٦٤ ئاپاچی"ـیان رزگار کردووە دوای ئەوەی لە کاتی دەورییەکدا لە کەناراوەکانی ناوچەکەدا تووشی رووداو بووە.

ئاماژەی بەوەش داوە، سەربازەکان لە ماوەی نزیکەی دوو کاتژمێردا رزگار کران و ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە. روونیشی کردەوە، لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری رووداوەکە دەستی پێ کردووە.

سەبارەت بە هەڵمەتی رزگارکردنەکە ئەوەشی خستەروو، پرۆسەکە لەلایەن فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی دەریایی ئەمریکا و هێزی ٨٢ی ئاسمانییەوە سەرپەرشتی کراوە. هاوکات یەکەکانی هێزی ئاسمانی و دەریایی لە نێویاندا هێزی ئەرکی ٥٩ی سەر بە کەشتیگەلی پێنجەمی ئەمریکا پشتیوانییان لێ کردوون.




PM:02:41:09/06/2026