تورکیا هێرشەکانی بۆ سەر باشوور فراوان دەکات
پەکەکە: لە ناوچەکانی پارتییەوە کۆپتەرەکان هەڵدەسن

 وەزیری بەرگری تورکیا ئەمڕۆ پێنج شەممە ١١ی شوبات رایگەیاند، هێرشەکانیان لە " باکوری عێراق فراوان دەکەن"، تورکیا وەک ئاشکرایکردووە " دەیەوێت لەم هێرشەدا جموجوڵ و پەیوەندی پەکەکە لەنێوان باکور و باشوور و رۆژئاوای کوردستان ببڕێت"، پەکەکەش لە بەیاننامەیەکی درێژدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "بەبێ رەزامەندیی پەدەکە تورکیا ناتوانن هیچ جۆڵەیەکی داگیرکەری لە دژی گارە ئەنجام بدەن و کۆپتەرەکانی بەشداری شەڕەکەش لە ناوچەکانی پارتیەوە هەڵدەسن"، هەرچی حکومەتی هەرێم و عێراقیشە تا ئێستا بێدەنگن.


هەموو ئاماژەکان ئەوە ئاشکرا دەکەن هێرشی ئەمجارەی تورکیا فراوان و درێژخایەن دەبێت و بەبەراورد بە هێرشەکانی ساڵانی رابردووی بە گەورەترین مانۆڕی زستانەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا هەژمارکرد. ئامانج لە هێرشەکەش وەک خۆیان رایانگەیاندووە، رێگاگرتنی جموجوڵی پەکەکەیە لەنێوان باشور و باکور و رۆژئاوای کوردستان، کە پێدەچێت لەشکرکێشی ئەمجارەی تورکیا بەقوڵاییەکی زیاتر بێتە نێو خاکی هەرێمەوەو درێژبێتەوە بۆ ناوچەکانی شەنگال و کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەو، ستراتیژەکەشی هەوڵی دابڕینی تەواوی هەرێم و باکور و رۆژئاوا بێت لە یەکتر، هەنگاوی یەکەمیشیان کە بە لەشکرکێشی بۆ سەر چیای گارە دەستیپێکرد کە بەقوڵی ٥٠ کم لە سنورەوە دوورە، ئاماژەیە بۆ بەرفراوانی لەشکركێشیەکە و ئامانجە شاراوەکانی.


لە شکركێشی ( چنگی پڵنگی ٢) دوای ئەو سەردانەی خلوسی ئاکار وەزیری بەگری تورکیا ئەنجام دەدرێت کە لە ١٨ ی کانوونی دووەم بۆ عێراق ئەنجامی داو شەوێکیش لە هەرێمی کوردستان مایەوە.

 
بەپێچەوانەی ئەوەی پێشبینی دەکرا سوپای تورکیا هێرش بکاتە سەر شەنگال، ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە تورکیا ئامانجەکەی لەوە فراوانترەو دەیەوێت بە قوڵاییەکی زۆر زیاتر بێتە خاکی هەرێم ناوچەیەکی فراوان لە پارێزگای دهۆک و هەندێک ناوچەی پارێزگای هەولێر و دواتریش ناوچەکانی شەنگال تا دەگات بە تەلعفەر کۆنترۆڵ بکات.

 
سەرچاوەیەکی نزیک لە هێزەکانی پاراستنی گەل بە " سپی " راگەیاند " تورکیا پیلانی زۆر گەورە و فراوانی لە خاکی باشووردا هەیەو بە چەند قۆناغێک دەیەوێت لە شکركێشیەکەی ئەنجام بدات و، لە هەر قۆناغێکیشدا دەیەوێت دەستکەوتی هەبێت".

 
ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کرد یەکەم رۆژی دەستپێکی لەشکرکێشی تورکیا کە بەرەبەیانی ١٠ی شوبات بوو بۆ سەر چیای گارە، جگە لە دابەزندانی هێزی تایبەت لەسەر ئەو چیایەو دانانی پێگەی سەربازی، هاوکات پیلانیان داڕشتبوو کە ئەو دیلە سەربازی و ئەمنییانەی تورک ئازاد بکەن کە لە شەڕەکانی پێشوودا لەلایەن گەریلاوە دەستگیرکرابوون و لەو ناوچەیە زیندانی بوون.

 
ئەو پیلانە کە پیلانی ئازادکردنی ئەو دیلانە بووە، وەک سەرچاوەکەی پەکەکە ئاماژەی بۆ دەکرد، تورکیا ویستوویەتی دوای ئەنجامدانی ئازادکردنی دیلەکان، بیکاتە کەرەستەیەکی میدیای گەورەو سەرکەوتنی لەسەر رابگەیەنێت، بەڵام شکستی خوارد و هێزە تایبەتەکانی تورکیا بەهۆی بەرگری گەریلاوە نەیانتوانی ئەو ئامانجەیان مسۆگەر بکەن. زانیارییە سەرەتاییەکانیش ئاماژە بۆ کوژرانی زیاتر لە ٩ ئەفسەر و هێزی ئەمنی تایبەتی تورکیا لە گوندی "سیانی" دەکەن کە تا ئێستاش تەرمی هەندێکیان لە بەرەی شەڕەکە کەوتووە.

 
 ئەو سەرچاوەیەی هەپەگە ئەوەش ئاشکرا دەکات کە دوای ئەوەی پیلانی رفاندنی دیلە تورکەکان شکستی هێنا، فڕۆکەکانی تورکیا کەوتنە بۆردومانی ئەو ناوچانەی کە دیلەکانی تێدا زیندانی بووە.

 
بەرامبەر ئەم زانیاریانەی پەکەکە، تورکیا لە راگەیاندنە فەرمییەکانی خۆیدا ئاماژە بۆ کوژرانی ٨ گەریلای پەکەکە دەکات، زیانەکانی خۆشی بە ٢ کوژراو ٦ بریندار هەژمار دەکات.


ئەم ئۆپراسیۆنە فراوانەی سووپای تورکیا کە سەرەتاکانی دەرکەوتووە لە کاتێکدایە کە بەڕەزامەندی هەریەک لە عێراق و هەرێم ئەنجام دەدرێت و، تا ئێستا هەردوو حکومەت هەڵوێستی بێدەنگیان هەڵبژاردووە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لەگەڵ درێژەپێدانی لەشکرکێشیەکە هێزە عێراقییەکان و هێزە هەرێمایەتیەکان و رۆژئاواش لەسەر ئەم لەشکرکێشیە بێ دەنگ نەبن.

 


PM:06:58:11/02/2021