د. ساماڵ مانیی دوا کتێبی پرۆژە نوسینی فەلسەفی 'هەگبەی زانین'ی کرد بە سەرەتایەک بۆ دروستکردنی 'فەلسەفەی جێندەریی' لە کوردستاندا. ئەو کتێبە بە ناونیشانی :' ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی' یە، لە ڕۆژی ژن ، رۆژی ٨ ی ئازار ی ٢٠٢١ دا لە شارەکانی کوردستان بڵاو دەبێتەوە.
بەم دوا کتێبەی هەگبەی زانین، د. ساماڵ مانیی' فەلسەفەی جێندەریی' بۆ یەکەم جار خستە ناو کەڵتوری کورد و کتێبخانەکانی کوردستانەوە، هیواخوازە ئەم فەلسەفەیە ڕۆشنبیرانی نێر و مێی کورد لەسەر مێزی دیبەیت کۆ بکاتەوە و پێکەوە هزریان دەوڵەمەندتر بکات.
لە ئێستادا، د. ساماڵ مانیی پرۆژە نوسینێکیتری تازەی فەلسەفی دەستپێکردوە بە ناونیشانی 'سەرزەمینی مانا' و یەکەم کتێبی ئەو پرۆژە نوسینە تازەیەی نزیک بە ئامادەیە و هەر لەمساڵدا بڵاو دەبێتەوە.
ئەم پرۆژە نوسینە فەلسەفیانەی د. ساماڵ مانیی ، هەر یەکەیان لە سێ کتێبی جیا و سەربەخۆ پێکهاتوون، کۆی هەردوو پرۆژە نوسینەکانی بریتین لە شەش کتێبی فەلسەفی. ئەو کتێبانە، زۆر بەش و بابەتی فەلسەفەی لە هەناودا هەڵگرتوە و تێکهەڵکێشی کردوون، لەوانە: مێژووی فەلسەفە، فەلسەفەی سۆسیۆلۆجی، لۆجیک و مێتۆدۆلۆجی، فەلسەفەی زانست، گومانگەریی، پیستیمۆلۆجی و فەلسەفەی زانین، مۆڕاڵ، فەلسەفەی جێندەریی، فەلسەفەی زمان و مانا، هتد. هەموو بەش و ناو بەشی ئەم کتێبانە بەسوودن بۆ مەنهەجی خوێندنی زانکۆیی لە کوردستان، چ لەناو بواری خوێندنی فەلسەفەدا بن یان لە بوارە پەیوەندیدارە ئەکادیمیەکانیتردا. هەروەهاش دەکرێت وەکو کۆرسێکی فەلسەفی لە ماڵەوە بخوێنرێن لەلایەن ژن و پیاوی ڕۆشنبیری کوردەوە چ لە کوردستان بن یان لە هەندەران.
د. ساماڵ مانیی دەڵێت:'هەگبەی زانین' و 'سەرزەمینی مانا' دوو پرۆژە نوسینی فەلسەفی ئاڕاستەکراون بۆ کوردستان، بریتین لە شەش کتێبی فەلسەفی جیا و سەربەخۆ، بەشدارن لە دروستکردنی زەمینەی فەلسەفە و هزراندن و ڕۆشنبیریی بە زمانی کوردی و لە کوردستان و لەناو کوردی هەندەران دا. هەموویان لەسەر ئاستی دیبەیتی فەلسەفی ئەکادیمی لە ئەورۆپا و بەریتانیا و ئەمەریکا و ئۆستۆرالیا نوسراون، بەڵام کورت و پوخت و بەزمانێکی سادە و ئاسان.
دوا کتێبی 'هەگبەی زانین' بۆ یەکەم جار فەلسەفەی جێندەریی دروست دەکات و دەیهێنێتە کوردستانەوە بە زمانی کوردی. زۆر مەبەستمە فەلسەفەی جێندەریی ڕۆشنبیرانی نێر و مێی کورد لەسەر مێزی دیبەیت کۆ بکاتەوە و پێکەوە بیرکردنەوە و هزریان دەوڵەمەندتر بکات. ئەم کتێبە فەلسەفیە بەم ناونیشانەیە: 'ژن و فەلسەفە، فەلسەفەی جێندەریی' . لە ڕۆژی ژن دا/ ٨ ی مارچ، واتە دوو هەفتەیتر، لە ٨ ی مانگی ئازار ی ئەمساڵ لە لایەن دەزگای مێخەک بڵاو دەکرێتەوە لە هەرێمی کوردستان دا، بڕیارە لەهەمان ڕۆژدا هەم لە سلێمانی و هەم لە هەولێر بڵاو بکرێتەوە.