تەندروستی هەرێم لەبارەی بڵاوبونەوەی كۆرۆنای گۆڕاو هۆشداری دەدات

بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت" ئێمە پێشبینیمان كردبوو كە كۆرۆنای گۆڕاو لەهەرێم وردە وردە زیاد دەكات بەتایبەتی لەناوەڕاستی مانگی سێ بەدواوە بەتەواوەتی زیادبوونەكە بەرچاودەبێت و دووهێندە و سێ هێندە دەبێت و حاڵەتەكە مەترسیدارە". 

 

رەهێڵ فەرەیدون بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دەنگی ئەمریكای راگەیاند" كۆرۆنا وه‌ك پێشبینیمان ده‌كرد چ جۆره‌ گۆڕاوه‌كه‌ی بێت كه‌ پێشتریش ڕامانگه‌یاندوه‌ پێمانوایه‌ به‌شی زۆری ئێستای توشبوان له‌جۆره‌ گۆڕاوه‌كه‌یه‌، ‌ئه‌گه‌ر كۆنه‌كه‌شی بێت و شه‌پۆلێكی دیكه‌ بێت ئێمه‌ پێشبینیمان ده‌كرد كه‌ ئه‌مه‌ ورده‌ ورده‌ زیاد بكات، به‌تایبه‌تی له‌مانگی سێ و زیاتر له‌ناوه‌ڕاستی سێ به‌دواوه‌ به‌ته‌واوه‌تی زیادبونه‌كه‌ به‌رچاوده‌بێت و دوهێندە و سێ هێندە زیاتریش ده‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر به‌راوردی بكرێت به‌دو هه‌فته‌ی ڕابردو بۆ دواتره‌وه‌ كه‌ژماره‌كان له‌ 100 كه‌س كه‌متربون به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕۆژانی ڕابردو ژماره‌كان 300ی تێپه‌ڕاند". 

 

راشیگەیاند" هۆكاری سه‌ره‌كی زیادبونی رێژەی تووشبوانی کۆرۆنا، هاتوچۆیه‌كی به‌ربڵاوی بێ سانسۆرە له‌نێوان شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستاندا". 
 

وتیشی" سنورەكانمان لەگەڵ ئێران لەرێگای فڕۆكەخانەكانەوە زۆر بەشێوازێكی باش كۆنتڕۆڵ كراوە و هیچ هاوڵاتییەك بەبێ شیكاری تایبەت بەكۆڤید نایەتە ئەمدیوەوە و سانسۆری لەسەرە، بەلام هۆكاری سەرەكی زیادبونی رێژەی توشبوانی كۆرۆنا هاتوچۆی بەربڵاوی بێ سانسۆری نێوان شارەكانی دیكەی عیراق و هەرێمی كوردستانە كە تاوەكو ئێستاش ئەم جۆرە هاتوچۆیانە بەدەی دەكرێت، ونەتوانراوە وەكو پێویست سانسۆری بخرێتە سەر".

 

رونیشیكردەوە، ئێمە لەئێستادا جەختلەوەدەكەینەوە كەبەهیچ جۆرێك نابێت رێگە بە هاتوچۆی گەشتیاری نێوان ئێمە و شارەكانی دیكەی عیراق بدرێت و تاوەكو ئێستاش هەرێمی كوردستان نەگەیشتوەتە ئەو ئاستەی كەرەنتینە رابگەیەنین، بەڵام ئەگەر وابڕوات بەڕاستی دەگەینە ئەو ئاستە.

 

لەبارەى ئەنجامدانى ئاهەنگى نەورۆز، د.رەهێل فەرەیدون دەڵێت" ئاهەنگ و مەراسیمەکانی نەورۆز ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ ئەمساڵ ببێت و ئه‌گه‌ری هه‌یه‌ نه‌بێت وەک بۆچونی خۆم ئەگەر دۆخەکە وەک ئێستابێت ده‌توانیین ئاهەنگەکان ئەنجام بدەین، به‌ڵام رێژەى توشبوان زیاتربێت ئه‌وكاته‌ دۆخەکە مه‌ترسیدارده‌بێت، چونكه‌ رۆژانه‌ بارودۆخه‌كه‌ گۆڕانكاری به‌سه‌ردادێت".



PM:12:50:11/03/2021