تەندروستی هەرێم لەبارەی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆناوە هۆشداری دەدات

وەزیری تەندروستی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" لەكاتی بوونی نیشانەكان سەردانی سەنتەرەكانی كۆڕۆنا بكەن بۆ پشكنین و چارەسەركردن". 

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسە نوێیەكەی كۆرۆناوە هۆشداری بە هاوڵاتیان دەدات و دەڵێت" زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا خێرا بڵاودەبێتەوە، زۆرترین ژمارە و رێژەی تووشبوون 7.8% تومارکراوە و لە رۆژانی داهاتوو پێشبینی زیاتریش دەکرێت، بە پێی پێوەرەکان، رێژەی گواستەوەی ڤایرۆس لە هەر تووشبووێک زیاتر لە کەسێکی دیکە تووش دەکات".

ئاماژەی بەوەشکرد" ژمارەی پڕبوونی قەرەوێلەکان لە نەخۆشخانەکان زۆر زیاتر بووە ئەمەش گواستنەوەی بەبڵاوی نێو کۆمەڵگە دەگەیەنێت، تکایە پاڵپشتی رێکارەکان بن و ئاگاداری خۆتان و خانەوادەتان بن، دانانی ماسک و دوورکەوتنەوە لەیەکتر و نەچوون بۆ شوێنی قەرەباڵغ گرنگترین رێکارەکانی خۆپارێزییە".

وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەکاتی بوونی نیشانەکان سەردانی سەنتەرەکانی کۆڕۆنا بکەن بۆ پشکنین و چارەسەرکردن، هیوای سەلامەتی بۆ هەموو لایەک. 


PM:01:30:17/03/2021