نزیکی ١٠ هاوڕەگەزباز دەستگیرکراون
١٧ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگا پشتگیری ئاسایش دەکەن


لە نوێترین ئەو رووداوانەی پەیوەندی بە پەرەسەندنی کێسی هاوڕەگەزبازەکانەوە هەیە لە سلێمانی ١٧ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی پشتگیری رێوشوێنەکانی ئاسایشی سلێمانی دەکەن لە دەستگیرکردنی هاورەگەزبازەکاندا.

چەند رۆژێکە وەک ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند، دەستیان بەهەڵمەتێک کردووە بۆ دەستگیرکردنی هاوڕەگەزبازان لە دوو ناوچەی سلێمانی، سەرچنار و باخی گشتی، بەپێی زانیاریەکانی " سپی " تا ئێستا لەو هەڵمەتەدا ١٠ گەنج دەستگیرکراون.

هەر ئەمڕۆش ١٧ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتێکیان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کرد بۆ پشتیوانی خۆیان بۆ ڕێگریکردن لە دیاردەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی دەربڕی و دەڵێن" ئەو دیاردەیە دژی ئایین و بەها و کلتوری نەتەوەی کوردە".

لەو یاداشتەدا کە کۆپیەکی دەست سپی کەوتووە، تیایدا هاتووە " پشتیوانی هێزەکانی ئاسایش بکرێت بۆ بەردەوام بوون لەو جۆرە هەڵمەتانەی لە هەفتەی رابردوو ئەنجامیدا و لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هەماهەنگ بن بۆ بلاوکردنەوەی هۆشیاری لەمەترسی ئەم جۆرە کارە نەخوازراوانە کە سەردەکێشێت بۆ بەلاڕێدابردنی لاوانمان و تێکچوونی شیرازەی خێزان".

  لەسەر هاوڕەگەزبازان کۆمەڵگای کورد بوونە بەدوو وبەشەوە، بەشێکی زۆریان ئەمە بە نەخۆشیەکی دەروونی و کۆمەڵایەتی و لادان لەدابونەرێتی ئاینی و کوردەواری ناوزەد دەکەن، کەمایەتیەکی بچووکیش هاوڕەگەزبازی دەگەڕێننەوە بۆ پرسێکی بایەلۆجی و بە لادان ناوزەدی ناکەن. 



PM:10:31:04/04/2021