تەندروستی دهۆک: لە (35%)ی ئەو پشکنینانەی بۆ کۆرۆنا دەکرێت پۆزەتیڤ دەردەچێت

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک رایدەگەیەنێت" پێمان باشبوو (20) ڕۆژ لەمەوپێش قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرایە"، دەشڵێت" لە (35%)ی ئەو پشکنینانەی بۆ کۆرۆنا دەکرێت لە پارێزگاکە پۆزەتیڤ دەردەچێت". 

د.ئەفراسیاب موسا بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" لە 35% ی ئەو پشکنینانەی بۆ کۆرۆنا دەکرێت لەدهۆک پۆزەتیڤ دەردەچێت، ئێستا ئێمە لەشەپۆلی دووەمی کۆرۆناداین لە15-3 شەپۆلەکە دەستی پێکردووە بەشێوەیەکی ئاسایی 3-4 مانگ دەخایەنێت واتە نزیکەی ئێمە لە چارەکی یەکەمین لە شەپۆلەکە واتە ئەگەر ڕەمەزانیش نەبووایە هەر پێشبینی دەکرا ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنا زیادبێت بەوشێوەیە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە" نزیکەی گەیشتونەتە ستاندەرێک بەشێوەیەکی زانستی بتوانیین ڕووپێوی مەیدانی بکەین لەو ڕووپێوییانەی کە وەردەگرین نزیکەی 35% ی پۆزەتیڤ دەردەچێت لە تاقیگەکانی ئێمە، واتە تازە ڤایڕەسی کۆرۆنا لەناو کۆمەڵگەدا بەخێراییەکی زۆر تەشەنەی کردووە و زۆر خەڵکیش تووشبووە بۆیە ڕێژەی توشبووان زۆرە و ڕێژەی مردنیش زۆرە". 

د.ئەفراسیاب موسا باسی لەگرفتەکانی پاڕێزگای دهۆک سەبارەت بەڤاکسینی کۆرۆنا کرد و لەوڕووەوە وتی" ڕێژەی دانیشتوانی دهۆک نزیکەی 1.2 ملیۆنە هەروەها یەک ملیۆن ئاوارەشمان هەیە واتە تائێستا بەشە ڤاکسینییان بۆ بەشی ئاوارەکان بۆ نەناردووین، ئێمە هەر لەبەشی خۆمان بە ئاوارەکان دەدەین ( WHO ) و حکومەتی فیدڕاڵیشمان لێ ئاگادارکردۆتەوە کە ئێمە یەک ملیۆن ئاوارەمان هەیە و دەبێت بەشی ئێمە زیادبکرێت واتە ئێمە بەشی دانیشتوانی پارێزگای دهۆک بەسەر ئەوانیش دابەشدەکەین ئێستا ئەوانیش ڤاکسین وەردەگرن لەسەر بەشی دانیشتوانی دهۆک پێیان دەدەین".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچونییان چیە لەسەر ڕاگەیاندنی قەدەغەی گشتی هاتوچۆ؟ بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی دهۆک باسی لەوەکرد،  تازە پەتای کۆرۆنا بۆخۆی لەناو کۆمەڵگە تەشەنەی کردووە، پێمان باشبوو پێش 20 ڕۆژ لەمەوپێش قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنرایە نەک ئێستا قەدەغەیەی هاتووچۆ بەداخەوە لەبەر بارودۆخی ئابوری و کۆمەڵایەتی وادیارە ناتوانیین قەدەغەی هاتوچۆ ڕابگەیەنیین بۆیە دەبێت تەرکیز لەسەرئەوە بکەین لەسەر ئاستی تاکە کەسی و لەسەرئاستی کۆمەڵگە دەبێت پابەندبن بەڕێنماییەکانی تەندروستیەوە.


PM:01:23:21/04/2021