بەبۆنەی ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردیەوە، سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی لە پەیامێکدا دەڵێت" قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی راستەقینە و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە رۆژنامەوانانی کوردستان، لە رێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، رێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن".
دهقی پهیامهكه
بە بۆنەی ڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بە سەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان، کە هاوکاتە لە گەڵ ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، پیرۆزباییەكی گەرم لە سەرجەم راگەیاندنکار و رۆژنامەوانانی كوردستان دەكەم.
ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان، بزاڤی رۆژنامەوانیی، دەرفەتێکی زێڕینی بۆ رەخساوە و پێی ناوەتە قۆناخێكی پێشکەوتوو، بە جۆرێک کە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان، سەدان دەزگای هەمەجۆری راگەیاندن هەن و بەوپەڕی ئازادییەوە، کاری خۆیان دەکەن و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش، بە شانازییەوە، كاری بۆ چەسپاندنی زیاتری بنەماكانی ئازادی میدیایی و دیموكراسیی کردووە و هەمیشە پەرۆشی رەخساندنی کەشێکی گونجاو بووە بۆ کاری رۆژنامەوانیی.
قۆناخی ئێستا، لە هەموو كاتێك زیاتر پێویستی بە رۆژنامەوانییەكی راستەقینە و پیشەیی هەیە، بۆیە پێویستە رۆژنامەوانانی کوردستان، لە رێگەی پابەندبوون بە یاسا و ئیتیكی پیشەیی میدیایی، رێز لە كاری رۆژنامەوانی خۆیان بگرن، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە کاری خۆیان ئەنجام بدەن و بەرپرسانە مامەڵە لە گەڵ پیشەکەیان بکەن و پەیامەکەیان، لە خزمەتی ئامانجە نیشتمانییەکاندا بێت.
لەم یادەدا، بە رێز و پێزانینەوە دەڕوانینە خەبات و تێکۆشانی رۆژنامەوانە پێشەنگەکانی کوردستان، ئەوانەی خزمەتێکی زۆری كاروانی رۆژنامەوانیی كوردی و مافە رەواکانی گەلی کوردستانیان كردووە.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان