ده‌زگای لوتكه بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران رایدەگەیەنێت" سبه‌ینێ هه‌ینی، ته‌رمی گه‌نجه كورده‌كه‌ی كه به‌روداوێكی هاتوچۆ له توركیا گیانی لەدەستدا، ده‌گه‌یه‌ندرێته هه‌رێمی كوردستان".
له‌راگه‌یه‌ندراوێكدا، ده‌زگای لوتكه بۆ كاروباری ئاواره و په‌نابه‌ران رایگه‌یاند" هه‌ژین ساڵح كه گه‌نجێكی قه‌زای سه‌یدسادقه و سه‌ر له‌ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه له وڵاتی توركیا به‌هۆی ڕوداوی هاتوچۆوه مرد و هاوڕێیه‌كیشی بریندار بوو، بڕیاره سبه‌ی به‌یانی هه‌ینی، ته‌رمه‌كه‌ی بگه‌ڕێته‌وه هه‌رێمی كوردستان و ده‌زگای لوتكه ئه‌ركی گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له ئه‌ستۆ گرتوه".
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، هه‌ژین ساڵحی ته‌مه‌ن ٢٤ ساڵ یه‌كێك بوه له خوێندكاره یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆكه‌ی و له یه‌كێك له پۆسته‌كانی هه‌ژماری فهیسبوكهكهیدا ده‌ڵێت" تۆ نیشتیمان من پێناسه‌ی تۆ بخه‌مه گیرفانمه‌وه یان نه‌یخه‌م؟ چی له بێكاریم و له بێزاریم و له دڵته‌نگیم ده‌گۆڕێت، چی؟".
هه‌ژین ساڵح كه دانیشتوی قه‌زای سه‌یدسادق بوو، رۆژی سێشه‌ممه‌ی رابردوو، له رێگه‌ی چوونی بۆ ئه‌وروپا له توركیا به روداوێكی هاتوچۆ مرد.