لەتیف هەڵمەت شیعرێکی (هەجوو) بۆ حزبه‌كانی كوردستان دەنووسێت

نووسەر و شاعیری ناسراوی کورد لەتیف هەڵمەت لە نوێترین نوسینیدا شیعرێکی (هەجوو) بۆ حزبه‌كانی كوردستان دەنووسێت.

لە بڵاوکراوەیەکدا شاعیری دیاری کورد لەتیف هەڵمەت لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک شیعرێکی (هەجوو) بۆ حزبەکانی کوردستان دەنوسێت کە ئەمەش دەقی نوسینەکەیەتی:

بۆ حزبه‌كانی كوردستان

حزب دەتوانێ گوێدرێژێکی لای شوان و گاوان
بە بڕیارێک بکات ... بە ئەندامی پەڕلەمان ...

حزب دەتوانێ کەرێکی دەم بەقەمتەر و پێ بەزنجیر
ببات بۆ ناو ئەنجومەنی وەزیران و بیکات بە وەزیر

حزب دەتوانێ هەندێ ڕژنامەنووس و نووسەر وشاعیر
لەبەر دەرگاکەیدا زنجیر و لغاو بکات ... وەکو بارگیر

حزب دەتوانێ گورگ و ڕێوی و ورچ و فیل و کەمتیار
بکات بە بەڕێوەبەری ناحیە و قایمقام و پارێزگار

لەتیف ھەڵمەت لەساڵی ١٩٤٧ لە ناوچەی کەرکووک لەدایکبووە، نووسەر و شاعیر و ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگی کوردە، لە ساڵی ١٩٧٩ دەستی کردووە بە نووسین لە بواری منداڵاندا، یەکەم بەرھەمی "جوانترین دێ" بووە کە بڵاوی کردووەتەوە، زیاتر لە بیست دیوانە شێعری هەیە، تا ئێستە ١٧ بڵاوکراوەی بۆ منداڵان ھەیە، ساڵی ٢٠٠٦ بەرھەمەکانی کۆکراوەتە کە دەکاتە ٥٠٠ لاپەڕە ھەروەھا خەڵاتی "ئاپیک"ی لەسەر دیوانی منداڵان وەرگرتووە، چەند جارێکیش خەڵاتی وەزارەتی رۆشنبیری وەرگرتووە


PM:02:07:30/05/2021