حکومەتی هەرێم لەسەر بڕینەوەی دارستانەكان لەلایەن توركیاوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و لەبارەیەوە وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت" توركیامان ئاگاداركردۆتەوە كە كۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنورییەكان بهێنن".
کەمێک پێش ئێستا جوتیار عادل وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانی و ناڕەزایی خۆی بەرامبەر داربڕین و زیانگەیاندن بە سروشتی هەرێمی کوردستان دەردەبڕیت و بە فەرمیش ئاگاداری حکومەتی تورکیای کردووەتەوە کە کۆتایی بە داربڕین لە ناوچە سنوورییەکان بهێنن کە جێگەی قبولکردن نییە.
ئاماژەی بەوەشکردووە" حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، کە بوونی چەکدارانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و بەتایبەتی ناوچە سنوورییەکان، بووەتە هۆی هاتنی هێزەکانی تورکیا و دروستبوونی شەڕو پێکدادانی نێوان هەردوولا".
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم داوا دەکات کە ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگرن و چیتر دانيشتووانى ئەم ناوچەیە دووچارى نەهامەتی و ئاوارەیی وماڵوێرانی نەکەن.