فراکسیۆنی گۆڕان لەسەر داگیرکارییەکانی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم هۆشداری دەدات

لە ڕاگەیەندراوێکدا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆسەر خاکی هەرێم و ژینگەی کوردستان هۆشداری دەدات و ڕایدەگەیەنێت" داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان دەکەین کە هەوڵەکانی بۆ کۆتاییهێنان بەو داگیرکاریە بخاتەگەڕ".

لەیاداشتێکدا فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان کە ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کردووە رایگەیاندوە" رۆژی ٥ی ئایار یاداشتێکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد سەبارەت بە لەشکرکێشی و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا و وێرانکردنی (٧٦) گوند و پچڕاندنی تەزوی کارەبای ئەو گوندانە و زیان گەیاندن بە ژینگە و دارستانی ئەو ناوچەیە، لە ئێستاشدا جارێکی تر جەخت لە یاداشتەکەمان دەکەینەوە". 

ئەوەش هاتووە، هەرێمی کوردستان لەبەردەم داگیرکاری و جینۆسایدی سەربازی و ژینگەیداییە، بەتایبەتی دەڤەری بادینانی دەلال، هێزی سەبازی تورکیا بە قوڵایی (٤٠) کیلۆمەتر لەخاکەکەماندایە ژینگەکەی دەسوتینێ و دەشێوێنی.

فراکسیۆنی گۆڕان لە کۆتایی یاداشتەکەدا داوا لەپەرلەمانی کوردستان دەکات بەجدی لە رێگەی گفتوگۆوە هەوڵ بدات بەرپرسانی هەرێم و عێراق بەرپرسیار بکات کە بە گوشار دروستکردن کۆتایی بەو داگیرکارییە بهێنن و ئارامی بۆناوچەکە بگێڕنەوە. 


PM:04:14:01/06/2021