هەپەگە لەسەر گواستنەوەی هێز و کەرەستەی سەربازی بەرەو ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا هۆشداری بە پارتی دەدات

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل - هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەسەر گواستنەوەی هێز و کەرەستەی سەربازی بەرەو ناوچەكانی ژێر دەستی گەریلا هۆشداری بە پارتی دەدات و دەڵێت" داوا دەكەین لە پشتەوە خەنجەرمان لێنەدەن". 

لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئاماژە بەوەکراوە" ئەو هێزانە دەیانەوێت بێنە ناو مەیدانەکانی هێزەکانمان لە مەتینا، ئێمە لە بەرامبەر دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا کە بە نیازە کوردستان داگیر بکات بەرخۆدان دەکەین".

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا هەپەگە داوا لەو هێزانە دەکات کە لە پشتەوە خنجەرمان لێنەدەن و خوێنی خۆشک و برا نەڕیژن، بۆیەش داواکەمان ئاراستەی گەل و هێزەکان دەکەین.

لە لایەکی تریشەوە، ئاژانسی فوڕات نیوز كەمێك لەمەوبەر لەزاری سەرچاوەكانی هەپەگەوە بڵاویكردەوە" پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتژمێر ٤:٠٠ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ، هێزێکی زۆری سەربازیی بەرەو ناوچەکانی گەریلا لە ئامێدی و مەتین جووڵاندووە".

لە لایەکی تریشەوە، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی پارتی ڕاگەیاند" هێزێکی پیشمەرگەی زێرەڤانی لە چیای مەتین کەوتوونەتە کەمینێکی پەکەکە و پێنج پێشمەرگەمان شەهید بوون و چواری دیکەش بریندارن".


AM:11:11:05/06/2021